روسیا دوو موشەكی نوێی بالیستی تاقیدەكاتەوە
دەستپێكردنەوەی پێشبڕكێی چەك لەنێوان مۆسكۆو واشنتۆن

جیهان

26/08/2019‌ 845 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، دوو موشەكی بالیستی نوێیان تاقیكردووەتەوە، كە لەدوو ژیردەریاییەوە و لەناوچەی زەریای بەستەڵەكی باكوورو دەریای بارنتس تەقێنراون.

بەپێی بەیاننامەكە، موشەكی كیشوەربڕی سینیڤا، كە بە سووتەمەنی شل كاردەكات لەژیردەریایی تولاوە هاویشتراوە، لەكاتێكدا ژیردەریایی یوری دولجوروكی موشەكی بالیستی بۆلاڤای تەقاندووە، كە نوێترین موشەكی روسییەوە و بە سوتەمەنی رەق كار دەكات.

وەزارەتەكە باسی لەوەش كردووە، كە هەردوو موشەكەكە گەیشتوونەتە ئامانجەكانی خۆیان لەیەكێك لە خاڵەكانی راهێنان لە ناوچەی ئەرخانجیسكی باكوور لەنیمچە دورگەی لامچاتكا لەوپەڕی رۆژهەڵاتی روسیا.

ئەو هەنگاوەی روسیا  دوای ئەوە دێت، كە رۆژی هەینی ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا فەرمانی بە سوپای روسیا كرد، كە ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی تاقیكردنەوەی موشەكی مەودا مامناوەندی ئەمەریكی، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەك لە پاشەكشەی وڵاتە یەكگرتووەكان لەرێكەوتننامەی سنووردانان بۆ چەكی ناوەكی لەگەڵ مۆسكۆ.

پێشتر كرملین داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی روسیا كردبوو، كە شیكردنەوە بۆ راددەی ئەو هەڕەشەیە بكەن، كە موشەكە نوێكەی ئەمەریكا دروستی دەكات ، بەڵام لەهەمان كاتیشدا رایگەیاند، روسیا نایەوێت رابكێشرێتە ناو كێبڕكێی خۆپڕچەككردن.

پۆتین ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، كە بڵاوكردنەوەی موشەكی نوێی ئەمەریكی لەناوچەی ئاسیا و زەریای ئارام كاریگەری لەسەر بەرژەوەندییە بنەرەتییەكانی روسیا دەبێت، لەبەر ئەوەی لە سنوورەكانمانەوە نزیكە.

ماوەیەك پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا رایگەیاند، سوپای ئەمەریكا موشەكێكی تاقیكردۆتەوە، كە نزیكەی ٣٠ ساڵ دەبێت قەدەغەیەو نابێت تاقیبكرێتەوە.

موشەكەكە نەوەیەكی دەستكاریكراوی موشەكی "كروز تۆماهۆك"ی دەریاییە، بەڵام لە وشكاییەوە دەتەقێنرێت و كلاوەیەكی كلاسیكی لەسەرە نەوەك كڵاوەی ناوەكی.

موشەكەكە لە دوورگەی سان نیكۆلاسەوە هاویشتراوە و دوای بڕینی ٥٠٠ كیلۆمەتر ئامانجەكەی بەوردی پێكاوە.

ئەو تاقیكردنەوە موشەكییە بە دەستپیكردنەوەی پێشبركیی خۆپڕچەككردن دادەنرێت لەنێوان روسیا و ئەمەریكا، بەجۆرێك چاودێران ترسی ئەوەیان هەیە ئاستی گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە زیاتر بەرەو هەڵكشان بەرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی