شارپرێس:
دولبەر قەرەهان، كە ئافرەتێكی باكووری كوردستانە، سەرەرای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە ١٠٥ ساڵ، بەڵام هێشتا تەندروستی زۆرباشە و خۆی پێداویستییەكانی خۆی جێبەجێدەكات، هۆكاری ئەوەشی بۆ خواردنی سروشتی و كاركردن و خەوی ڕێكوپێك دەگێڕێتەوە .
دولبەر لە ساڵی ١٩١٤ لە گوندی كانگلی لە ویلایەتی ئاگری لەباكووری كوردستان لەدایك بووە ، ساڵی ١٩٣٤ هاوسەرگری كردووە و ٧ كچی بووە .
ئێستا تەنیا دوو كچی لەژیاندا ماون ، جگە لەوەی هاوسەرەكەشی كۆچی دوایی كردووە، بۆیە ئێستا لە گوندەكەی خۆیان بەتەنیا دەژی .
دولبەر ٢٥ نەوەی لە كچەكانی هەیە ، لەكاتی پشووەكان سەردنی دەكەن و بەبینینی ئەوان دڵخۆش دەبێت.
ئەو باسی لەوە كردووە، كە تا ئێستا تووشی هیچ گرفتێكی تەندروستی ئەوتۆ نەبووەتەوە، كە شایانی باسكردن بێت ، جگە لەوەی هەستی بیستنیشی زۆر باشە و تا ئێستاش گۆچان بەكار ناهێنێت ، لەبەر ئەوەی هەست دەكات تەندروستی زۆرباشە .
سەبارەت بە هۆكاری تەمەندرێژی و ئەو تەندرووستییە باشەی ، دولبەر دەڵێت: ئەوە بەهۆی خواردنی سرووشتییەوەیە .
لەگەڵ ئەوەی دان بەوەدا دەنێت، كە ژیان بەتەنیا زۆر قورسە، بەڵام دەشڵێت: خۆی ئیشوكاری ماڵەوە رایی دەكات .
هەروەها دەڵێت: ماڵەوە گسك دەدەم ، خواردنی خۆم ئامادە دەكەم و قاپەكان دەشۆم، كاتێكیش هەست بەبێتاقەتی دەكەم بەگوندەكەدا دەگەڕێم و سەردانی دراوسێكان دەكەم .
یەكێك لە دانیشتووانی گوندەكە باس لەوە دەكات، كە هەموو خەڵكی گوندەكە دولبەریان خۆشدەوێت و ڕێزی لێدەگرن ، دەشڵێن: چەند جارێكی كەم نەبێت لەژیانیدا سەردانی پزیشكی نەكردووە و تا ئێستاش هیچ نەشتەرگەرییەكی بۆنەكراوە .
وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی