شارپرێس:
نزیكەی 400 فەرمانبەر لە كۆشكیی سپی هەن كە هەندێكیان كارەكەیان ناباوە، تا ڕادەیەكی زۆریش جیهان بەم جۆرە كارانە ئاشنا نەبووە.
بە گوێرەی پێگەی "بزنس ئنسایدەر" ، زۆرینەی ئەوانەی ئەو كارە ناباوانە دەكەن موچەیەكی باشیان هەیە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
یاریدەدەری تایبەتی سەرۆك (Body man):
ژیانی ڕۆژانەی سەرۆك ڕێكدەخات، لە زۆر كاتدا لە بەیانییەوە تا ئێوارە لێی جیانابێتەوە و لەگەشتەكانیشدا لەگەڵیدایە.
ئەگەر سەرۆك پێویستی بوو، ڕۆژنامە و قەڵەم و پێداویستییەكانی دیكەی بۆ دابین دەكات، موچەی ساڵانەكەشی 115000 دۆلارە.
ئەفسەری تۆمار:
هەرچی سەرۆك بیكات، ئەو ئەفسەرانە بە نووسراو تۆماری دەكەن، بە تایبەتیش كاتێك قسە بۆ ڕۆژنامەنووس و خەڵك دەكات.
دواتریش ئەو تۆمارانە لەئەرشیفی سەرۆكایەتیدا دەمێننەوە. موچەی ساڵانەی ئەفسەرانی تۆمار 95500 دۆلارە.
خۆشنووسەكان
ژمارەیەكی زۆر خۆشنووس لە كۆشكی سپی كار دەكەن، كە ئەركیان نووسینی بانگهێشتنامەكان، نامەكان، گەواهینامەكان، بەڵگەنامەكان، لیستی خواردنی میوانانی سەرۆكە، ژمارەیەكی زۆریان موچەی ساڵانەیان 99400 دۆلارە.
تیمی بەریدی سەرۆكایەتی
ڕۆژانە كۆشكی سپی لەلایەن خەڵكەوە هەزارەها نامەی پێدەگات، دەبێت ئەو تیمە زۆرترینی ئەو نامانە بخوێننەوە، لەكۆتایی ڕۆژیشدا 10 نامەی لێهەڵدەبژێرن و دهیدەنە دەستی سەرۆك.
بەڕێوەبەری تیمی نامەكانی سەرۆكایەتی (بەرید) موچەكەی 72700 دۆلاری ساڵانەیە.
شڕۆڤەكارانی كارگێڕی تۆمارەكان
ئەمانە هەڵدەستن بەشڕۆڤەكردنی ئەو دەستاوێژانەی (مستندات) دێنە كۆشكی سپپیەوە، ئینجا پۆلێنیان دەكەن و تاوتێ دەكرێن.
دەبێت بەدواداچوونیش بكەن بۆ ڕەوتی دەستاودەستكردنی ئەو دەستاوێژانە بەرە و نووسینگە و ئاژانسەكانی نێو نووسینگەی جێبەجێكاری سەرۆكو نووسینگەكانی دیكەی حكومەتی فیدڕاڵی.
هەر شڕۆڤەكارێكیش لە كارگێڕی تۆمارەكان ساڵانە بڕی 66900 دۆلار وەردەگرێت.
شێفی هەویرەمەنییەكان
كۆشكی سپی شیفێكی تایبەت بە هەویرەمەنییەكانی هەیە ، لە گرنگترین ئەركەكانیشی دروستكردنی "ماڵی كیكی زەنجەبیل"ە، كە لەسەر شێوە و شكڵی كۆشكی سپی دروست دەكرێت، لە وەرزی بۆنەكانیشدا پێشكەشی میوانەكان دەكرێت و بە تایبەتیش لە كرسمسدا.
ئەو شیفە ساڵانە بڕی 52160 دۆلار وەردەگرێت.
یاریدەدەرە كۆمەڵایەتییەكان
ئەوانە ئەندامن لەسوپادا، ئەركیان بەخێرهێنانی میوان و سەردانیكەرانی كۆشكی سپییە، قسە لەگەڵكردنیان، تەنانەت ئەگەر پێویستی كرد ، سەماشیان لەگەڵ دەكەن.
سەرچاوە: شەڕقلئەوسەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
