فوئاد حوسێن یەكێكە لەوەزیرەكان
بەرێككەوتنی لایەنەكان چەند وەزیرێكی كابینەكەی عەبدولمەهدی دووردەخرێنەوە

عیراق

02/09/2019‌ 2532 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندە سیاسییەكانی عێراق لە چاوەڕوانی ڕێوشوێنی یەكەم هەمواركردنەوەی جۆری وەزارین لەمێژووی حكومەتی عێراقدا، لەو ساوەی لە ساڵ 2003 وە عێراق لە لایەن ئەمریكا- بەریتانیاوە داگیركراوە، لەگەڵ یەكەم وەرزی یاساكاری ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای سێبتێمبەری ئایندەدا‌، ئەو كارە ئەنجامدەدرێت.

پێنج حكومەتەكەی پێشووی عێراق هیچ هەمواركردنەوەیەكی وەزارییان تێدا ئەنجامنەدراوە، تەنیا  لە دەرئەنجامی ململانێی سیاسی و كەسی و پرسی گەندەڵی، هەندێك وەزیر لەكارخراون و هەندێكی دیكەشیان دەستیانلەكاركێشاوەتەوە و وەزیری دیكەیان لە شوێن داناون، یان پۆستەكانیان بە بەتاڵی ماونەوە.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغدا لە لێدوانیاندا بۆ رۆژنامەی "عەرەبی جەدید" رایانگەیاند، لەگەڵ هاتنی سەرەتای وەرزی تازەی یاساكاری پەرلەماندا، ڕێككەوتننامەیەكی سیاسی هەیە بۆ هەمواركردنەوەیەكی وەزاری. 

ئەو سەرچاوانە راشیانگەیاند، كە ئەو ڕێككەوتننامەیە بە شێوەیەكی سەرەتایی لەنێوان عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و چەند سەركردەیەكی دیاری عێراقی ئەنجام دراوە و لەوانەش حەیدەر عەبادی و موقتەدا سەدر و عەمار حەكیم و ئەیاد عەلاوی و جەمال كاربولی و محەمەد حەلبوسی و نوری مالكی و چەند هێزێكی دیكەی ناو هاوپەیمانی فەتح، تەنیا هادی عامری لەم پرسەدا بەشدار نییە، كە داوای كردبوو هەلێكی دیكە بە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی بدرێت.

بەپێی سەرچاوەكان، ڕێككەوتننامەكە وایە كە  لە یەكەم قۆناغدا هەمواركردنەوەیەكی وەزاری بكرێت، ئەمەش دوای لێپرسینەوەیەكی پەرلەمانی، متمانە لە وەزیرەكان وەربگیرێتەوە. 

هەر بەپێی سەرچاوەكان لەو وەزیرانەی متمانەشیان لێ وەردەگیرێتەوە بریتین لە لوئەی خەتیبی وەزیری كارەبا، عەلائەدین عەلوانی وەزیری تەندروستی، سامر غەزبانی وەزیری نەوت، نەعیم ڕوبەیعی وەزیری پەیوەندییەكان، عەبدوڵا لعێبی وەزیری گواستنەوە، داواش لە هێزە كوردییەكان كراوە لە بری فوئاد حسین كەسێكی دیكە دیاری بكەن  بەو مەرجەی كەسەكە حیزبی نەبێت، تا ئیستاش هێزە كوردییەكان هیچ وەڵامێكی ئەو داوایەیان نەداوەتەوە. 

سەرچاوە ئاگادارەكان ئەوەشیان ڕوونكردەووە ڕێككەوتننامەكە وایە، كە هەر‌ لەناو خودی وەزارەتەكانەوە وەزیر ی تازە دیاری بكرێن كە خاوەن پسپۆڕیبن. سەرچاوەكان ئەوەشیان دووپاتكردەوە، كە هێشتا گفتوگۆكان لەوبارەوە بەردەوامن.

لەو بارەشەوە، حاكم زاملی سەركردەی ڕەووتی سەدری بۆ "عەرەبی جەدید" دووپاتیكردەوە ئەو هەمواركردنە وەزارییە لەسەرەتای وەرزی یاساكاری تازەوە ڕوو دادات.

ئەو وتیشی: تا ئێستا ئاستی كاری حكومەت لاوازە و شتێكی ئەوتۆی پێشكەش بە هاووڵاتیان نەكردووە، هەندێك وەزیریش وەك پێویست ئەركەكانی خۆیان ڕانەپەڕاندووە، هەندێكی دیكەشیان تۆمەتی گەندەڵیان لەسەرە و دۆسییەكانیان لە دەستەی دەستپاكییە.
 
زاملی باسی لەوەش كردووە، كە كێشمەكێشمێك لە لایەن هاوپەیمانی سائیروندا لەئارادایە‌، كە ڕەووتی سەدر و چەند فراكسیۆنێكی دیكە پشتیوانی دەكەن بۆ لیپێچینەوە لە چەند وەزیرێك و لەكارخستنیان، كە ژمارەیان 5 وەزیرە، ئەمەش یەكەم هەمواركردنەوەی وەزاری دەبێت و لەوانەشە هەمواركردنەوەی دووەمی بەدوادا بێت. 

هەروەها وتیشی گفتوگۆكان لەو بارەوە‌ لە نێوان هێزە سیاسییەكان بەردەوامن، هەرچی "هاوپەیمانی قەرار" یشە بە سەرۆكایەتی نوجەیفی ڕایگەیاندووە كە دەستتێوەردان لەو پرسەدا ناكەن، ووتیشیان كە ئاستی كاری حكومەتیان بەدڵ نییە.

لەلایەكی تر ئەسیل نوجەیفی سەركردەیەكی ئەو هاوپەیمانییە وتی: ئەوان بەشێك نین لەو ڕێككەوتننامەی كراوە، نە وەزیریان هەیە و نە چاوەڕێش دەكرێت وەزیریان هەبێت، ئەوان چاودێری دۆخەكە دەكەن و بزانن چی ڕوو دەدات.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر

بەپەلە