فۆرین پۆلیسی: پۆتین وەك كەمان یاری بەئەردۆغان دەكات

کوردستان

05/09/2019‌ 2084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری "فۆرین پۆلیسی" ئەمەریكی بڵاویكردەوە، كە ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی روسیا سەركەوتوو بووە لەوەی "تا ئەوپەڕی یاری بە  بە رەجەب تەیب ئەردۆغانی هاوتا توركییەكەی  بكات".

گۆڤارەكە بابەتێكی هێنری باركی مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی لیهای ئەمەریكی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا وەڵامی شیكردنەوەیەكی ستیڤن كۆكی هاوڕێی داوەتەوە، كە لەهەمان گۆڤار بڵاویكردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئەردۆغان وەك كەمان یاری بە واشنتۆن دەكات، بەڵام باركی پێیوایە "پۆتینی زۆرزان تائەوپەڕی یاریی بە ئەردۆغان دەكات".

باركی باسی سەردانەكەی ئەم دواییەی ئەردۆغان دەكات بۆ مۆسكۆ، كە تێیدا پۆتین نوێترین فرۆكەی جەنگی روسیا وەك "سو-٣٥" و 'سو-٥٧"ی پیشانی ئەردۆغاندا، كە هەندێك كەس پێیان وایە ئەو فرۆكانە هاوتای فرۆكەی "ئیف-٣٥"ی ئەمەریكین .

سەردانی ئەمجارەی ئەردۆغان دوای رادەستكردنی سیستەمی مووشەكی "ئێس-٤٠٠"ی روسی دێت بە توركیا كە واشنتۆن پێیوایە ئەو سیستەمە پێشكەوتووە روسییە توانای ئەوەی هەیە كۆدە تەكنیكییەكانی فرۆكەی "ئێف-٣٥"ی ئەمەریكی بكاتەوە، بەوەش ئاسایشی بەرنامەی ئەو جۆرە فرۆكانە بەتەواوەتی دەكەوێتە مەترسییەوە.

نووسەری بابەتەكە وایدەبینێت، كە ئەنقەرە تەنیا كڕیاری فرۆكەی "ئێف-٣٥ "نەبوو، بەڵكو یەكێك بوو لە بەرهەمهێنەرانیشی، ئەمەش مانای وابوو ملیاران دۆلاری لە فرۆشتنی ئەو فرۆكانە دەست دەكەوت، ئەوە جگە لەدەستكەوتنی شارەزایی بەرزی تەكنیكی لە پیشەسازی سەربازی، كە ئەوە ئامانجەكە بوو ئەگەر  بەدەست هاتبایە، بەڵام توركیا بەردەوام بوو لە كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی روسی، بەوەش قەیرانێكی ئەوتۆی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆن درووستكرد، كە بووە هۆی ئەوەی بەخێرایی توركیا لە بەرنامەی دروستكردنی فرۆكەی شەبەحی "ئێف-٣٥" دووربخرێتەوە، كە پێشكەوتووترین فرۆكەی جەنگییە لە جیهاندا .

دورخستنەوەی توركیا لە بەرنامەی دروستكردنی ئەو فرۆكەیە لێكەوتەی گەورە و مەترسیداری لەسەر توركیا هەبوو، چونكە بەوە توركیا ناتوانێت هێزە ئاسمانییە كۆنەكەی نوێ بكاتەوە و لەوەش گرنگتر ئەوەیە، كە دەستكەوتنی تەكنەلۆژیای سەربازی پێشكەوتوو ملیاران دۆلاریشی لەدەست چووە .

هێنری باركی پێشیوایە لەجیاتی توركیا ئێستا ئەوە پۆتینە ملیاران دۆلاری لەفرۆشتنی چەك بە توركیا دەستدەكەوێت و سەركەوتووش بووە لەوەی پەیوەندی نێوان دوو هاوپەیمانی سەرەكی ناتۆ تێكبدات (وەك ئاماژەیەك بۆ توركیا و ئەمەریكا).

لەكاتی سەردانەكەی بۆ مۆسكۆ لەمانگی رابردوو، ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە توركیا داوای كڕینی فرۆكەی جەنگی روسی دەكات، كە بەپێی رای نووسەری بابەتەكەی فۆرین پۆلیسی ئەمەش مانای قوڵكردنەوەی زیاتری ناكۆكییەكان لەگەڵ واشنتۆن دەگەیەنێت .

لەلایەكی ترەوە، باركی دەڵێت راستییەكی روون هەیە، كە هەموو لایەك دەیزانن ئەویش ئەوەیە ئەردۆغان و پۆتین لە دۆسییەی سوریادا بەتەواوی سازانیان لەنێواندا نییە، بەڵكو ناكۆكییەكانیان زۆر روونە .

بەگوێرەی ئەوەی لە بابەتەكەی فۆرین پۆلیسیدا هاتووە ، پۆتین باش دەزانێت چۆن یاری بە سەرۆكی توركیا دەكات، مامەڵەیەكی گەورەی لەگەڵ كرد و فەرشی سووری بۆ راخست و وایلێكرد سەرسام بێت بە تەكنەلۆژیای سەربازی روسی، ئەویش تەنیا بۆئەوەی لەسوریا گوشاری بخاتە سەر.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی