نێچیرڤان بارزانی داوا لە کادیرانی پارتەکەی دەکات پشتیوانی كابینه‌ی نوێ بكه‌ن

کوردستان

11/09/2019‌ 640 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و جێگری سه‌رۆكی پارتی داوا له‌ كادیرانی حزبه‌كه‌ی ده‌كات و به‌ هه‌مان گیانی پێشوو له‌ تێپه‌ڕاندنی سه‌ختی و قه‌یرانه‌كان،‌ پشتگیرى له‌ كابینه‌ى (9) بكه‌ن.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ كۆنفرانسی "پارتی لەنێو گۆڕانکارییەکاندا، هەڵسەنگاندنێک بۆ ئێستا و نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوو" به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی، به‌رپرس و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نه‌كان، مه‌كته‌ب‌ و لقه‌كان و كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ باره‌گانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێری پارتی به‌ڕێوه‌چوو.

لە کۆنفرانسەکەدا نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی لە كاركردن بۆ حوكمڕانییه‌كى دروست، په‌یوه‌ندییه‌كى باش له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ و هەبوونى پرۆگرامى به‌ڕێوه‌بردنى له‌ ئاست متمانه‌ى خه‌ڵكدا، کردەوە.

نێچیرڤان بارزانی پێیوایە پارتی، "ده‌توانێت داهاتوویه‌كى باشتر بۆ گه‌لى كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات"، هاوكات وتیشی، "وێڕاى هه‌موو ئاڵۆزى و ئاسته‌نگه‌كان، پارتى توانى له‌ چوارچێوه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا له‌ پاراستن و بنیاتنانه‌وه‌ى وڵات و به‌ره‌وپێشبردنى هه‌رێمى كوردستان، له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ رۆڵى پێشه‌نگ و كاریگه‌رى خۆى ببینێت و ببێته‌ پارێزه‌رى كوردستان و ده‌ستكه‌وته‌كانى گه‌لی كوردستان".

نێچیرڤان بارزانی بەپێویستی دەزانێت "پارتى وه‌ك حیزبێكى حوكمڕان و كاریگه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌نێو حیزب و دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كاندا رێكبخاته‌وه‌ به‌ جۆرێك له‌ خزمه‌تى به‌ره‌وپێشچوونى حوكمڕانییه‌كى سه‌رده‌میانه‌ و سه‌ركه‌وتوودا بێت له‌ كوردستان و ببێته‌ نموونه‌ى حوكمڕانییه‌كى مه‌ده‌نیى پێشكه‌وتووى مایه‌ى ره‌زامه‌ندیى هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان".
ه.م