دەستلەكاركێشانەوەی جۆن بۆڵتۆن‌و كاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا

جیهان

12/09/2019‌ 887 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕۆژی 3 شەممەی ڕابردوو دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند، "جۆن بۆڵتۆن" ی ڕاویژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەكارخستووە، كە كەسێكی توندڕەوو بووە و لە زۆر پرسی جۆراوجۆری وەك ئێران و ئەفغانستان و چەند پرسێكی دیكەی جیهانی ناكۆكی توندی لەگەڵ سەرۆك هەبووە.

لە پرسی لابردنی بۆڵتۆندا، هەواڵەكان دژیەكن، ترامپ و گەورە یاریدەدەرەكانی وتیان ئێوارەی 2 شەممەی ڕابردوو، سەرۆك داوای دەستلەكاركێشانەوەی لە بۆڵتۆن كردووە، بۆڵتۆنیش لە تویتێكیدا نووسیوویەتی و مكوڕە، كە خۆی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ترامپ كردووە و ئەویش وتوویەتی با سبەینێ باس لەو پرسە بكەین.

دەستلەكاركێشانەوەكە هەرچۆنێك بووبێت، بۆڵتۆن هەڵۆیەكی دیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بوو، ئێستاش لە تیمی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوە چووەتەدەرەوە، دەبێت سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا چ گۆڕانكارییەكی بەسەردا بێت؟

بۆچی ترامپ گەورە هەڵۆی كۆشكی سپی لەكارخست؟
بۆڵتۆن لەمەڕ پرسە جۆراوجۆرەكانس سیاسەتی دەروەی ئەمریكا توندڕەوو بوو، زۆر بەرگری لە بوونی سەربازی ئەمریكا لەهەموو جیهاندا دەكرد، لە كاتێكدا ترامپ كۆششی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی دەكرد لە ئەفغانستان، لە پرسی مامەڵە ئەتۆمییەكەی كۆریای باكوور و مامەڵەكردن لەگەڵ حەسەن ڕۆحانیشدا، بۆڵتۆن خاوەن هەڵوێستێكی توند بوو.

لەم چەند مانگەی دوایدا بارگرژی پەیوەندییەكانی نێوان بۆڵتۆن و مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بەرەو هەڵكشان ڕۆیشتن سەبارەت بە هەژموونی ئەوانەی بە دەوری سەرۆكەوەن لە كۆشكی سپی لە تێڕوانینیان بۆ پرسە گرنگە جۆراوجۆرەكانی جیهان.

بڕیار بوو بۆڵتۆن و پۆمپیو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی بەیەكەوە بەشداربن، بەڵام لەناكاو پرسی لەكارخستنی بۆڵتۆن ڕاگەیەندرا. 

پۆمپیۆ لە كۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا بە پێكەنینەوە وتی: سەرۆك مافی خۆی بوو بۆڵتۆن لەكار بخات و ئەو ئازادە چ فەرمانبەرێك دیاری دەكات.

وتیشی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بە لابردن و لەكارخستنی بەرپرسەكان گۆرانی بەسەردا نایەت، لەگەڵ بۆڵتۆن ناكۆك بووە سەبارەت بەزۆر پرسی سیاسی جۆراوجۆر.

ئاشكرایە، كە بۆڵتۆن فشاری لە سەرۆك ترامپ دەكرد لە دۆسییەی كۆریای باكووردا، ئەندازیاری سەرەكی دۆسییەی ئێرانیش بوو، هەڵوێستێكی توندیشی هەبوو لەدۆسییەی ڕوسیا و ئەفغانستاندا.

سەردەمی بۆڵتۆن.. پشێوی و بێ دەسكەوتی
بۆڵتۆن لە ماوەی فەرمانڕەوایی ترامپ لە ساڵی 2018 وه سێیەم ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەییە، دیاریكردنی لەناكاوی بۆ ئەو پۆستە جێی سەرسوڕمان بوو، چونكە پێچەوانەی دروشمەكانی تڕامپ بوو، كە بانگەشەی بۆ " ئەمریكا لەپێش هەمووانەوە" دەكرد، جارجار تڕامپ بە شەڕخوازی وێنای دەكرد، لە یەكێك لە كۆبوونەوەكانی كۆشكی سپیشدا تڕتمپ وتوویەتی: بۆڵتۆن هەر جەنگێكی بینیبێت حەزی پێكردووە.

سەرباری ئەوەش تڕامپ بۆ ساڵانێك سەرسامی بۆڵتۆن بووە، پێش گرتنەدەستی ئەو پۆستە، بۆڵتۆن لە كەناڵی ئاسمانی فۆكس نیوز شرۆڤەكار بوو، لە ساڵی 2005 بۆ 2006 باڵوێزی ئەمریكا بوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە سەردەمی ڕیگان و جۆرج بۆشی باوكیشدا خزمەتی كردووە.

بۆڵتۆن خاوەن دیدگایەكی توندڕەوانە بوو لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا و لاگیری جەنگی سەر عێراق بووە، لە ساڵی 2016 بیری لەسەرۆكایەتی ئەمریكا كردووەتەوە، تا بیسەلمێنێت سیاسەتەكەی لە سیاسەتە گۆشەگیرییەكەی ترامپ باشترە.

لە ماوەی ئەو ساڵ و نیوەی لە كۆشكی سپی بوو، سەركەوتوو بوو لە داڕشتنی سیاسەتی ئیدارەكەی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەك دادگای تاوانكاری نێودەوڵەتی، لەگەڵ ئەوەش‌ بوو ڕێوشوێنی توند لە بەرامبەر فەنزیلا و كۆبا بگیرێتەبەر.

لە دۆسییەی سوریا دژ بە بڕیارەكەی ترامپ بوو لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، هەڵمەتێكی ژیربەژێریشی بۆ ئەم مەبەستە گرتەبەر، تا باوەڕ بە ترامپ بێنێتهێزەكانیان لە سوریا بمێننەوە بۆ بەرەنگاربوونەویە داعش.

بۆڵتۆن هەڵمەتێكیشی دژ بە دادگای تاوانكاری نێودەوڵتی گرتەبەر، كە وایكرد ئەمریكا ڤیزا بە دادوەر و داواكارانی گشتی ئەو دادگایە نەدات، كە نیازیان بوو كەیس دژی هاووڵاتییانی ئەمریكا بجوڵێنن. 

ئەگەری ئەوەش‌ هەبوو چەند كەیسێكیش لە دژی ئیسڕائیلی هاوپەیمانی واشنتۆن زەقكەنەوە.

لە ساڵی 2018 ترامپ لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی ئێرانی سالی 2015  كشایەوە، كە بۆڵتۆن لاگیری ئەم ئاراستەیە بوو. 

لە نۆڤەمبەری 2018 "میرا ڕیكاردێڵ" ی هاوپەیمانی بۆڵتۆن و جێگری ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەكارخرا.

لە ساڵی 2019 ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا ڕەتیكردەوە لەئەنقەرە چاوی بە بۆڵتۆن بكەوێت بۆ تاوتوێكردنی پرسی كشانەوەی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە سوریا، ئەمەش دوای ئەوەی بۆڵتۆن داوای لە توركیا كرد گەرەنتی ئەوە بە ئەمریكا بدات، كە دوای كشانەوەیان كوردەكانی ڕۆهەڵاتی فوڕات لە سوریا پارێزراو دەبن.

لە مایۆی 2019 بۆڵتۆن دژ بە تاقیكردنەوە موشەكییەكانی كۆریای باكوور دەنگی ناڕەزایی بەرزكردەوە و بە پیشێلكاری بڕیارەكانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەقەڵەمدا، بەڵام ترامپ لە تویتێكدا پرسەكەی بە سادەیی وەرگرت.

لە حوزەیرانی 2019 بۆڵتۆن لەگەڵ ئەوەبوو لێدانێكی سەربازی ئاراستەی ئێران بكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی تاران فڕۆكەیەكی‌ بیفڕۆكەوانی ئەمریكای خستەخوارەوە، بەڵام ترامپ، كە بڕیاری ئەو لێدانە سەربازییەی دابوو پەشیمان بووەوە.

لە 30 حوزەیران ی 2019  بۆلتۆن چوو بۆ مەنغۆلیا  و ترامپیش بۆ كۆریای باكوور، چاوێران وتیان ئەم دابەشبوونە نیشانەی فراوانبوونی ناكۆییەكانی نێوان سەرۆك و بۆڵتۆنە.

لە سیبتیمبەری 2019 تڕەمپ كۆبوونەوەیەكی نهێنی لە كامب دێڤید لەگەڵ تاڵیبان و سەركردە ئەفغانییەكان سازكرد و بۆڵتۆنیش دژ بەم هەنگاوەی ترتمپ بوو.

ئایا لەكارخستنی بۆڵتۆن گۆڕانكاری بەسەر سیاسەتی دەرەوەی تڕەمپدا دێنێت؟
بۆڵتۆن لە كاتێكدا كۆشكی سپی جێهێشت، كە ئیدارەكەی ئەمریكا لە ئاستی گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا دۆخێكی ناهەموار و دژوار دایە، واتە پێش چەند هەفتەیەك لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ترامپ ڕووبەرووی چەند پرسێكی گرنگی سەرەكی دەبێتەوە لە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا.

ڕۆیشتنی بۆڵتۆن پێنوێنە (موشر)، كە ترامپ خاوەن بڕیاری كۆتایی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە. بەڵام بۆڵتۆن لە 5 پرسی سیاسی گرنگدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە، ئەوانیش بریتی بوون لە :

ئەفغانستان
میواندرایكردنی تاڵیبان و سەركردە ئەفغانییەكان لە كام دیڤید خالی یەكلاییكە‌رەوەی بڕیاری لادانی بۆلتۆن بوو، دوای شكستی گفتوگۆكان تڕەمپ ووتی دانوستانەكانی نێوانیان مردوو و كۆتاییهات، ترەمپ لە بەرهەڵستكاری بۆڵتۆن نیگەران بوو سەبارەت بەو پرسە، لێرەوە بۆڵتۆن ڕووبەڕووی پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە بۆوە.

دەوترێت كە بۆڵتۆن پێ وابوو دەكرێت ئەمریكا 8600 سەرباز لە ئەفغانستان بكێشێتەوە و 5400   سەربازەكەی دیكە بهێڵێتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەو ووڵاتەدا. بە لەكارخستنی بۆڵتۆن لە سیاسەتی دەرەوە، چاودێران پێیان وایە ئیدارەكەی تڕەمپ دەتوانێت هەڵوێستی لە بەرامبەر ئێران و ئەفغانستان و فەنزویلا نەرمتر بێت. "كۆبۆشان" ی سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی كۆمەڵەی ڕاوێژكراییە سیاسییەكان پێ وایە تڕەمپ كەسێك لە شوێنی بۆڵتۆن دادەنێت كە بە شێوەیەكی سەرەكی پشتیوان و هاودیدگای بێت.

كۆریای باكوور
بەرپرسە ئەمریكییەكان پێیان وایە بۆڵتۆن هۆكاری هەرەسهێنانی لوتكەی فبرایەری نێوان ترەمپ و كیم جۆن ئون بوو لە هانۆی بەسترا، ئەمەش بەوەی ڕاسپاردەی داوە كە داواكاری قورس بخرێنە بەردەم سەرۆكی كۆریای باكور و ئەویش ڕەتیكردوونەوە.

"سكۆت سیمان" ی شرۆڤەكاری كۆمەڵەی "ئۆڕائاسیا گروپ"  پێی وایە دوورخستنەوەی بۆڵتۆن وا دەكات ئەمریكا هەڵوێستی نەمتر بێت لە گفتوگۆكانی لەگەڵ كۆریای باكور، ئیدی تڕەمپ بەرهەڵستكارییەكی كەمتری تووش دەبێت لەو دۆسییەدا، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت گفتوگۆكانی ئایندەی ئەو دۆسییە، بەرەپێشچوون بەخۆیانەوە ببینن، لەوانەشە هەر لەگەڵ دەستپێكی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو كارە مەیسەر بێت.

ئێران و چاوپێكەوتن لەگەڵ ڕۆحانی 
بۆڵتۆن لاگیری هەڵكشانی ڕووداوەكان و گووتاری توند و زبر بوو لە هەمبەر ئێراندا، ئەو ئەندازیاری هەڵوێستە توندەكانی تڕەمپە دژ بە تاران، ئەویش سەركردایەتی ئەمریكای كرد بۆ كشانەوە لە ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكە و سەپاندنەوەی سزاكان بەسەر ئێراندا، واش باوەڕ دەكرێت بۆڵتۆن لاگیری لێدانی سەربازی بووە دژ بە ئێران.

ترامپ ئامادەباشی خۆی دەربڕی لە چاوپێكەوتنی لەگەڵ ڕۆحانی سەرۆكی ئێران، چاودێرێكی ئاگاداریش پێی وایە بۆڵتۆن دژ بەو هەڵویستەی تڕەمپ بووە، هەر ئەمەش كردەی دوورخستنەوەی بۆڵتۆنی لە بڕیارسازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمركیا خێراتر كرد، هەروەك ئاژانسی ئەسۆشێتت پرێس ڕایگەیاندووە. بۆیە بە دوورخستنەوەی بۆڵتۆن پرسی نەخشەی ئاشتی و مامەڵەی سەدە بەروپیشەوە دەچن. ڕۆحانیش ووتی پەراوێزخستنی بۆلتۆن ئاماژەیە بۆ شكستی ستراتیژیەتی ئەمریكا لە فشارخستنەسەر ئێران.

سەرباری ئەمانەش، كەچی هێشتا شیمانەی (احتمال) ئەوە  ناكرێت بەم زووانە گۆڕانكارییەكی كرۆكی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا ڕوو بدات، چونكە خودی سەركردە ئیرانییەكانیش زۆر بە پەرۆش نین بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئیدارەكەی تڕەمپدا.

مامەڵەی سەدە.. ئایندەی ململانێی فەڵەستیتن و ئیسڕائیل
پێش بوونە ڕاویژكاری ئاسایشی نەتەوەیی، بۆڵتۆن بە بڕیارەكەی تڕەمپی هەڵاگوت بە دانپێدانانی بە قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریكا بۆ شاری شارەكە،  دوا ساڵێكیش لەو وادەیە و لە ۆڕكشۆپێكدا لە بەحرەین لە حوزەیرانی 2019، بۆڵتۆن بووە یاریزانێكی سەرەكی لە دارشتنی پلانی ئابوروی سەرخستنی ئەو مامەڵەیە بۆ یەكلاییكردنەوەی پرسی فەڵەستین كە بە مامەڵەی سەدە ناسراوە. 

بۆڵتۆن ناڕاستەوخۆش پشتیوانی لە ئیسڕائیل كرد لە شیمانەی دەستگرتن بەسەر غەوری ئوردون و باكوری دەریایی مردوو كە نەتەنیاهۆ ڕایگەیاند، بۆڵتۆن ووتی ئیسڕائیل مافی خۆیەتی لە ناو سنوری دەوڵەتێكی ئەمین و پارێزراودا بژیەت. 

دوای دوورخستنەوەی بۆڵتۆنیش، لەوانەیە هەڵوێستێكی ئەوتۆ لە لایەن تڕەمپەوە نیشان نەدرێت دژ بە هەڵوێستەكانی نەتەنیاهۆ و فراوانخوازییەكەی.

فەنزویلا و شیمانەی سوككردنی چەپۆكی دارایی و سیاسی
بۆلتۆن داوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی توندی كرد دژ بە فەنزویلا كە ئەمریكا پشتیوانی لە "خوان غوایدۆ" ی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئەو ووڵاتە دەكات كە بە گوێرەی دەستور خۆی بە سەرۆكی ووڵاتەكەی ڕاگەیاند، واشنتۆن هەڵبژاردنەوەی "نیكۆلاس مادۆرۆ" ی بە ناڕەوا لەقەڵەمدا.

لە یەنایەری ڕابردوو بۆڵتۆن یاداشتێكی پێشكەشی ئیدارەی ئەمریكا كرد بەوەی  5000 سەرباز ڕەوانە بكرێن بۆ  سنوری كۆڵۆمبیا لەگەڵ فەنزویلا، وەك تڕەمپ پشتیوانی سەرۆكی ئۆپۆزسیۆن بوو.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی Miami Herald  ئەمریكی، بەرپرسێكی كۆشكی سپی ووتی سەرۆكی ئەمریكا هەستی بە بێئومێدی كردووە، چونكە مادۆرۆ دەستبەرداری پۆستەكەی نەبوو هەروەك بۆڵتۆن پیشبینی كردبوو، ڕۆژنامەكە دەڵێت كە بەرپرسانی ئەمریكا دەڵێن، دوای لەكارخستنی بۆڵتۆنیش،  كەچی هێشتا چاوەڕوان ناكرێت سیاسەتی ئەمریكا لە بەرامبەر فەنزویلا گۆڕانێكی ڕیشەیی بەخۆییەوە ببینێت.

لەوانەیە دوای بۆڵتۆن چەپۆكی دارایی و سیاسی كە بۆڵتۆن گەرەكی بوو بیسەپێنێت بەسەر فەنزویلادا سوكتر بێت، بەڵام دوورخستنەوەی بۆڵتۆن زەرەرێیكی گەورەیە بۆ هەزارەها لەو فەنزویلییانەی لە باشووری فلۆریدا دەژین.

دووركەوتنەوەی ترامپ وای لە "ئەلیۆت ئەبرامزی" ی نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ فەنزویلا كرد  ڕایبگەیەنێت كە واشنتۆن زۆر لەوە نزیك نییە دەستتێوەردانی سەربازی لە فەنزویلادا بكات، بەڵام ووتی لە ئەگەر هێرشی گروپە تیرۆرستییەكان یان هێزە سەربازییەكانی فەنزویلا، واشنتۆن پشتیوانی تەواوی خۆی پێشكەشی فەنزویلا دەكات.

كۆمارییەكان پێیان وایە دووبارە بوونەوە سەرۆكی تڕەمپ لە ساڵی 2020 پشت بە وویلایەتی فلۆریدا دەبەستێت كە هەزارەها لە فەنزویلی و كوبییەكانی لێ نیشتەجێن كە لە دەست ڕژێمە سەركوتكەرە سوسیالستی و شیوعییەكان هەڵاتوون، ئەمەش هەڵمەتی تڕەمپ بۆ لادانی مادۆرۆ یەكانگیر دەكات لەگەڵ دروشمی سەرۆكەكانی ئەمریكا بۆ بەرەنگاربوونەوەی سۆسیالیزم.

سەرچاوە: ن پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر