عەبدولمەهدی ناوێرێت ئەنجامی لێكۆڵینەوەی بۆردومانی بارەگانی حەشدی شەعبی ڕابگەیەنێت

عیراق

15/09/2019‌ 424 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
وەرگێڕان‌و ئامادەكردن: لوقمان حاجی قادر

مەركەز بەیت ئەلعێراق بڵاویكردەوە
عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ناوێرێت ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانی بۆمبارانكردنی بارەگانی حەشدی شەعبی ڕابگەیەنێت.

ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان سەبارەت بە بۆمبارانكردنی بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە مانگی ڕابردوودا هیچ ئەنجامێكیان نەداوە بەدەستەوە، حكومەتەكەی عەبدولمەهدیش بەوە تۆمەتباردەكرێت، كە لە ترسی چەند لایەنێكی هەرێمی و لەسەرووی هەمووشیانەوە ئەمریكا، ناوێرێت ئەنجامەكان ڕابگەیەنێت. 

لەو بارەوە عەباس عیساوی سەركردەی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانی، لە 13 ی ئەیلولی 2019 ڕایگەیاند، چەند سیاسییەكی عێراقی بە نهێنی سەردانی ئیسرائیلیان كردووە، ئەمەش گومانی ئەوە دروست دەكات ئەو سیاسییانە زانیارییان دابێتە ئیسرائیل دژ بە حەشدی شەعبی.

لەچەند لایەكیشەوە ئیسرائیلییەكان ئاماژەیان بەوەداوە، كە ئەوان ئەنجامدەری ئەو هێرشانەن، كەچی سەرباری ئەوەش، حكومەتی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە نەكردووە ئیسرائیل، یان لایەنێكی دیكە لەپشت ئەو هێرشانەوەن.

دوا تێپەربوونی نزیكەی 2 مانگ بەسەر هێرشەكاندا، هێشتا هیچ ئەنجامێك ڕانەگەیەندراوە، بۆیە هاوپەیمانی فەتح هەڕەشەی لەعەبدولمەهدی كردووە، كە بۆچی لە بەرانبەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیل بێ دەنگە. 

هاوكات كەریم محەمەداوی ئەندامی هاوپەیمانییەكەش وتی: ئەگەر حكومەت هەڵوێستی نەبێت، ئەوان هەڵوێستێكی دیكەیان بەرانبەر عەبدولمەهدی دەبێت.

چاودێران دەڵێن: ئەگەر زانیارییەكانیش بەردەستبن، كەچی هێشتاش ئەنجامەكان ڕاناگەیەندرێن، چونكە ئەم كارە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی تووشی ڕوگیری دەكات. خۆ ئەگەر بسەلمێت تەلئەبیب لەپشت ئەو هێرشانەوە بووە، واتای ئەوەیە لە‌ناوخۆی عێراق سیخوڕی هەن و هاوكار و یارمەتیدەری بوون، بۆیە توانیویەتی بە وردی ئامانجەكانی بپێكێت.

ڕۆژنامەی شەڕقلئەوسەت بڵاویكردەوە
سێرجی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، جەنگی سوریا كۆتایی پێهاتووە و دۆخی سوریاش وردە وردە دێتەوە باری ئاسایی جارانی، تەنیا چەند ناوچەیەكی بچووكی پشێوی ماون لە ئیدلب و ڕۆهەڵاتی فوڕات.

لاڤرۆڤ وتیشی: بە پلەی یەكەم سوریا پێویستی بە یارمەتی مرۆیی هەیە، بە گرنگیشی زانی لیژنەیەكی چاكسازی دەستوری پێكبێت بۆ بەرەوپێشچوون لە پڕۆسەی سیاسی، كە خودی سورییەكان جڵەوگیریبن و نەتەوە یەكگرتووەكانیش یارمەتیدەری بێت، كە ئەمەش‌ ڕێخۆشكەرە بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی حكومەت و ئۆپۆزسیۆن.

هەروەها وتی: دەبێت ئۆپۆزسیۆن بەشداری لە گفتوگۆ هاوبەشەكانی جنێف و ئاستانە بكات و لە لیژنە دەستورییەكەشدا ڕۆڵیان هەبێت، ئەمەش‌ بە ئامانجی پڕۆسەیەكی یەكلاییكەرەوەی سەراپاگیری چارەسەری لە سوریا بە گوێرەی بڕیاری 2254  ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی.

لاڤرۆڤ باسی لەوەش كردووە، تیرۆر لەناو دەبەین و سورییەكان دەگێڕێنەوە بۆ نیشتمانەكەیان و سەقامگیری دەگێڕینەوە بۆ وڵات، لەگەڵ ئیسرائیل كۆشش دەكەن، كە هەماهەنگی سەربازییان بەردەوام بێت لە پرسی سوریادا و سنورێكیش بۆ هەژموونی ئێران دابنێن لەو ووڵاتەدا.

پیگەی عەرەب بڵاویكردەوە
ئەدوارد جی ستارفۆرد لە پێگەیە ئەحوال توركیا لە وتارێكی شیكاریدا نووسیوویەتی، نزیك بە یادی 18 ساڵەی هێرشەكانی 11 ی سێبتێمبەر، دۆناڵد ترامپ جۆن بۆڵتۆنی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكای لەكارخست. 

هەروەها نووسیویەتی، ئەم هەنگاوە پێگەی مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوە بەهێزتر دەكات، سەرباری ئەوەی هەڵوێستەكانی پۆمپیۆ نەرمترن لەوەی بۆڵتۆن، بەڵام وەك ترامپ لاگیری دروشمی "ئەمریكا لەپێش هەمووان" ەوەیە.

سترافۆرد پێی وایە نابێت ڕەجەب تەیب ئەردۆغان پێشبینی ئەوە بكات هیچ گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەرانبەر توركیا ڕووبدات، بۆیە پەیامەكانی ئەمریكا هەمان پەیامەكانی پێشوو دەبن، تەنیا شێواز و ڕێبازەكەیان دەگۆڕێت.

سترافۆرد وای بۆدەچێت ناكرێت لە مەودایەكی كورتدا چاوەڕوانی گۆڕانكارییەكی زۆر لە سیاسەتی دەرەوەیە واشنتۆن بەرانبەر ئەنقەرە بكرێت، لە لایەك ئەنقەرە لە پرۆگرامی فڕۆكەی ئێف 35 كراوەتە دەرەوە، لە ناوچەكە ئارامەكەی سوریاش تیمی سەربازی هاوبەشی ئەمریكا و توركیا لەگەڕان و سوڕاندان، ئەم دوو پرسەش لە هەموو پرسەكانی دیكە زیاتر جێگەی گرنگیپێدانی ئەنقەرەن و مایەی ناكۆكییەكانییەتی لەگەل هاوپەیمانی ناتۆ، لە ئێستاشدا هیچكامیان بە ئارەزووی توركیا ناچنەڕێوە.

ڕۆژنامەنووسی ناوبراو پێیوایە، كە هەڵوێستی دژە ڕۆژئاوا و ئیسرائیلی ئەردۆغانیش جێگەی ناكۆكییەكی قووڵی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەیە، بۆیە ڕۆیشتنی بۆڵتۆن هیچ لە پرسەكان ناگۆڕێت سەبارەت بە توركیا، چونكە لە ئێستادا پەیوەندییەكان لەگەڵ توركیا بە پلەی یەكەم جێگەی گرنگیپێدانی ترامپ نییه.

ستارفۆرد باسی لەوەش كردووە، لە ئێستادا ئەنقەرە مامەڵەی فڕۆكەی ئیف 35 ی لەدەستچووە، ناوچە ئارامەكەی سوریاش بە دڵی ئەردۆغان نییە، گرنگیپێدانی ترامپیش زیاتر لەسەر سیاسەتی ناوخۆی ئەمریكا چڕبۆتەوە، بۆیە پێویستە ئەردۆغان دیوەزمەی ناكۆكییەكانی نێوان ئەنقەرە و واشنتۆن بەخەبەر نەهێنێت.

ئەگەر ئەردۆغان بیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ترامپ بەرەو باشی بەرێت، پێویستە ببێتە پردێكی پەیوەندی بۆ بەیەكگەیشتنی ترامپ و حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران لە كۆبوونەوەی ئایندەی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەم كارەش خەڵكانی دیكە پێی هەڵدەستن، بۆیە خزمەتگوزارییەكانی ئەردۆغان لەم بوارە‌شدا كەس پێویستی پێنین.

پێگەی ئەلحوڕە بڵاویكردەوە 
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا پشتیوانی خۆی بۆ نەتەنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل دووپات كردەووە.

ترامپ لە تویتێكدا نووسیوویەتی، بە مەبەستی تاوتوێكردنی ڕێككەوتننامەیەكی بەرگری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندی تەلەفۆنی بە نەتەنیاهۆوە كردووە،  ئەم كارەش هاوپەیمانی نێوان هەردوو ووڵات پتەوتر دەكات.

ترامپ هەروەها نووسیویەتی: لەو گفتوگۆیانەی لەگەڵ نەتەنیاهۆ بەردەوام دەبێت تا وادەی كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ئایندە لە نیویۆڕك.

ئەم هەڵوێستەی ترامپ 17 ڕۆژ پێش وادەی هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیلە، لە ڕووی سیاسییەوە پشتیوانییە بۆ نەتەنیاهۆ، لەوانەشە چارەنووسی ئەو لە هەڵبژاردنەكاندا یەكلایی بكاتەوە.