شوان ئەحمەد
- فەلسەفەی ئەوین و سێکس
و هاوسەرگیری
ئەنتی ناتالیزم وەک دیدگایەکی
فەلسەفی، تێڕوانینێکی نێگەتیڤ و ناچێزانەی بۆ پرسی منداڵ دروستکردن و وەچە خستنەوە
هەیە. گەر بەنێو مێژووی فیکری مرۆڤایەتیدا گوزەرێک بکەین، دەرگیری زۆرێک لە بیرمەندان
و فەیلەسوفان دەبین کە لەگەڵ هێنانە دونیای منداڵدا کۆک نین و وەچەخستنەوە بە کارێکی
دروست و مۆراڵی نابینن، ئەم دید و بۆچوونەش لە هۆمیرۆس و سۆفۆکلیسەوە دەست پێدەکات،
تا دەگاتە شۆپنهاوەر و ئەمیل سیوران.
سیوران وەک دێوانەیەکی
ڕەشبین زەقوزۆپ دەدات بە گوێماندا و بە پیتی درشت دەنووسێت: (ئامادەیە هەرچی تاوان
لە دنیادا هەیە بیکات، تەنها تاونی بوون بە باوک نەبێت). واتە تەنها شتێک لێی بسڵەمێتەوە
و دەرەقەتی نەیەت و هێڵی سووربێت لەبەردەمیدا، منداڵ خستنەوەیە و هێنانە بوونی
بوونەوەرێکە بۆ نێو ژیان.
هەر ئەویشە دەڵێت:(بۆ
من دروستکردنی ئیمپراتۆریایەک، ئاسانترە لە هاوسەرگیریکردن و دروستکردنی منداڵێک).
جوون ئەو ژیان وەک خۆ تەفرەدانێکی گەورە دەبینێت. بۆ درێژەدان بەو قەناعاتانەی و سەیرکردنی
پرۆسەی وەچە خستنەوە وەک ئەکتێکی قێزەون، دەنووسێت:(ئەو منداڵانەی حەزم نەکرد بیانهێنمە
دونیاوە، خۆزگە دەیانزانی چەند قەرزارباری منن).
لە ئێستاشدا ئەم پرسە
بە گەرمی لە ئارەدایەو قسەی لێدەکرێت. پڕۆفیسۆری بە ڕەگەز لوبنانی لە پەیمانگای شیکاگۆی
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لەم بەرهەمە تایبەت و چڕوپڕەیدا( فەلسەفەی ئەوین و
سێکس و هاوسەرگیری)، وەک شۆپنهاوەر و سیوران بە دیدگایەکی تا سەر نیهلیزمیانە بۆ ژیان
و بوون، پێیوایە وەچەخستنەوە و منداڵ دروستکردن کارێکی تەواو نا ئەخلاقیە، بە تایبەت
لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە مرۆڤەکان دەردەداری دەستی دەیان کێشە و قەیران و دەردەسەرین.
حەلەوانی پێیوایە ئێمە
هەر کاتێک منداڵێک دێنینە دونیاوە، ئەوا بەشدار دەبین لە هێنانە بوونی بوونەوەرێک
کە مسۆگەر ئازار دەچێژێ و دەناڵێنێ. دەی کەواتە بۆ وا بکەین، لە کاتێکدا گەر هەنگاوێکی
وا نەنێین، لە هیچ شتێک بێبەشی ناکەین؟
هەر لە درێژەی بۆچوونەکانیدا
پێمان دەڵێت:( زۆر خۆپەرستانەیە لام کە دەبینم خەڵکی وەچە دەخەنەوە، لە کاتێکدا لە
بری ئەوە دەتوانن منداڵێک هەڵبگرنەوە و دەسگیرۆیی بکەن، تا ژیانێکی شایستەتر بژی لە
دونیایەکدا کە سەرشارە لە مرۆڤ).
ئاخر هێنانی منداڵ بۆ
ناو جیهان، مانای وایە دەیانخەینە بەردەم مەترسی گەورە و نەبڕاوە و هەمیشەیی، بۆیە
لە ڕووی مۆرالی و ئاکارییەوە، نەکردنی ئەو کارە باشترە. فەزیلەتی دانایی و هۆشیاری
پێمان دەڵێت:( لە جیهانێکی پڕ لە ئازار و دڵڕەق و بێ ئاماندا، نابێت هەوڵی ئەوە بدەین
ئەندامانی تازەی بۆ زیاد بکەین ).
ئەم کتێبە بۆ خەڵکانی
خۆرهەڵاتی و جیهانی سێهەم و بەتایبەتیش بۆ کوردستانیانی وەک ئێمە، جاڕسکەرەو کەس حەز
بە خوێندنەوەی ناکات، چونکە هەموو بێ هیچ مەبەست و بەرنامەیەک، خەریکی دروستکردنی
مرۆڤی بەدبەخت و هێنانە دنیای منداڵی خێرلەخۆ نەدیوین.
ئاخر ئەوە بۆتە عادەتێکی
کۆمەڵایەتی و هەموو سەریان پێوەناوە، هەندێ وەک ترس لە تەنیای و هەندێکی تر وەک نیشاندانی
فحولەت و بەشێکی زۆریشی پەیوەندی بەوەوە هەیە، وەک ڕەجا حەلەوانی دەڵێت:(دەرگیری ئەوەیە سێکسس دەستی بەسەر سایکۆلۆژیا و بیرکردنەوە
و مێشکی زۆرێکدا گرتووە)، ئەوەش هەر لە ڕێی هاوسەرگیری و وەچەخستنەوەوە زۆرێکی خاڵی
دەکرێتەوە.
