شارپرێس:
سزای سێدارەی پێنج بەندکراو بەناوەکانی مەسعود ئۆختیزادە، ئەکبەر ئیمامی، خەلیل ڕاشیدی، ئێلیاس شیروزەهی و موحسین یارمحەممەدی لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار، ڕامهۆرمۆز، زاهیدان و ڕەشت جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بەناوەکانی مەسعود ئۆختیزادە، خەڵکی کۆیەشت و ئەکبەر ئیمامی، خەڵکی نورئابادی سەر بە پارێزگای لوڕستان لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها سزای سێدارەی بەندکراوێکی عەرەب بەناوی خەلیل ڕاشیدی خەڵکی ڕامشیری سەر بە پارێزگای خوزستان لە بەندیخانەی ڕامهۆرمۆزی سەر بە پارێزگای خووزستان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هاوکات سزای سێدارەی بەندکراوێکی بەلوچ بەناوی ئێلیاس شیروزەهی، تەمەن ۲۷ ساڵ و خەڵکی زاهیدان لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها سزای سێدارەی بەندکراوێک بەناوی موحسین یارمحەممەدی خەڵکی تاران کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشت جێبەجێ کرا.
ئ.ه
