بەریتانیا ناتوانێت لەبەرانبەر هێرشە ئەلیكترۆنییەكانی ئێران بەرگری لەخۆی بكات

جیهان

15/09/2019‌ 2154 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی سەندی تایمزی بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران توانیویانە بەرەو پێشچوونێكی بەرچاو بەخۆیانەوە ببینن لە بواری سیبریانی و گروپە هاككەرەكانی سەر بەتاران، كە هێرشی سەركەوتوویان ئەنجامداوە بۆ سەر شانشینی یەكگرتوو.

رۆژی یەك شەممە رۆژنامەكە لە سەرچاوە ئەمنیەكانەوە دووپاتیانكردووەتەوە دوو گروپی هاككەر، كە بە مەترسیدارترین گروپ ئەژمار دەكرێن دژی بەریتانیا و ئەمریكا لەسەر دەستی ئێران كار دەكەن.

سەرچاوەكانی رۆژنامەكە ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، دوو گروپەكە ناویان هیلیكس كیتن و رۆكێت كیتنن، بە شێوەی خولی پرۆسەی چوونە ناوەوەی نهێنییان لە بواری سیبریانی لەبەریتانیا ئەنجام داوە.

لە نێو ئەو پرۆسانەی گروپە ئێرانیەكان ئەنجامیانداوە لەبەریتانیا، هێرشێكی سیبریانی بووە بۆ سەر كۆمپانیایەكی بواری كارەبا و هەرەسی پێهێنراوە، بڕوا وایە ئەو هەنگاوە بە مەبەستی پەككخستنی كارەبای ئەو وڵاتە بووە.

رۆژنامەكە لەدیبلۆماسیەكی پسپۆڕی رۆژئاوای گواستووەتەوە، ترسی ئەوە هەیە كارەبا بكوژێننەوە، لەسەرمان پێویستە خۆمان ئامادە بكەین‌، بەڵام بڕوام وانییە ئێمە ئامادەبین بۆ ئەو كارە.

لە نێو ئەو هێرشانەی تری دراونەتە پاڵ ئێران، هەوڵی هاككەرەكانە لە ساڵی رابردوو بۆ ئەوەی سیخوڕی بەسەر خوێندكارانی زانكۆی كامبریدجەوە بكەن، سەرەرای هەوڵی شكاندنی نامەی ئەلیكترۆنی دەیان سیاسی دیار، لە نێویاندا سەرۆك وەزیرانی پێشوو تیریزا مەیان داوە.

لویس هیندرسۆن لە كۆمپانیای گلاس واڵی بەریتانی پسپۆڕ لە بواری ئاسایشی سیبریانی هۆشداری ئەوەی داوە هاككەرە بەریتانییەكان وەك پێدەچێ كارەكانی خۆیان لە شكاندن و پەككخستنی ژێرخانی هەستیار دەبیینەوە لە بەریتانیا، ئەمەش مەترسییەكی گەورەیە و پێویستی بە هاویشتنی هەنگاو هەیە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەوەشی هێناوەتەوە یاد پێش سێ ساڵ یەك نامەی ژەهراوی بوە مایەی پچڕانی تەواوی تەزوی كارەبا لە وڵاتی ئۆكرانیا.

شارەزاكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، هەندێك لەو هێرشانەی دەدرێنە پاڵ ئێران مەبەست لێیی تەنیا زیان گەیاندن نییە بە ژێرخانی ئەو وڵاتە، بەڵكو لە هەمان كاتدا كۆكردنەوەی زانیارییە لە دامەزراوە لاوەكییەكانی حكومەت، وەك حكومەتی هەرێمەكان و خزمەتی نامەبردن، تا ئێستاش ئامانجی كۆتایی ئەم پرۆسانە روون نابنەوە.

یەكێك لە سەرچاوە ئەمنییەكان باسی لەوە كردووە پێدەچێت ئێران هەندێك سەركەوتنی بە پشتیوانی روسیا بەدەست هێنابێت، ئەمەش بەمەبەستی خۆلادانە لە سزاكانی ئەمریكا و دزینی تەكنەلۆجیای بیانیە.

لە هەوڵێكدا بۆ رەواندنەوەی ئەم مەترسیە، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا بریاریانداوە بە پێكهێنانی هێزێكی سیبریانی نیشتمانی؛ كە هاككرە پسپۆرەكان لە خۆ دەگرێت لە بواری سەربازی و هەوڵگری بۆ كاركردن لەسەر جێبەجیكردنی هێرش دژی ولاتانی دوژمنی بەریتانیا لە بواری ئەلیكترۆنیدا، لە نێویاندا ئێران و روسیا.

بەڵام لەگەڵ ئەم هەوڵانەشدا، شارەزایان هۆشداری ئەوە دەدەن بەریتانیا لە ئێستادا دەستەوەستانە لە بەرگری كردن لە خۆی لە بەرانبەر ئەو هەڕەشەیە، بەوەی سەرۆكی پێشووی فەرماندەی هێزە هاوبەشەكانی بەریتانیا ریچارد بیرۆنز ئەوەی پشتراست كردۆتەوە، شانشینی یەكگرتوە ئامانجێكی زۆر ئاسانترە لە ئەمریكا بە لای ئێرانیەكانەوە و لەم بوارەدا زۆر دواكەوتوترە لە ركابەرەكانی.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا