شەڕانگێزێكی گەورە.. ناتانیاهۆ روسیا لە مەترسییەكە ئاگاداردەكاتەوە

جیهان

17/09/2019‌ 3586 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكی ئیفان ئەبولییفە لە گۆڤاری (غازیتا رو) دەربارەی ئاگاداركردنەوەی روسیا لەلایەن ناتیاهۆوە سەبارەت بەمەترسییەكانی ئێران لەسەر روسیا.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ كەناڵی (ئار بی كا) رایگەیاندووە، ئێران مەترسییەكی گەورەیە لەسەر داهاتوی روسیا.

 بەگوێرەی قسەو ئەو، ئێران یەكێكە لەو دوو مەترسییەی لە ئایندەدە هەڕەشەیە بۆ سەر روسیا، كە یەكێكیان ئێرانەو دووەمیشیان ئیسلامی سونە مەزهەبی رادیكاڵییە، بەڵام توندڕەوە شیعەكانی تاران شەڕانگێزترن لەرادیكاڵەكانی سونە.

ئەو ئاماژەی بەوەش كردووە، ئێران ئایدۆلۆژیاو چەكەكەی تەنیا بە ئاراستەی ئیسرائیل نییە، بەڵكو روسیاش دەگرێتەوە.

لە ئیسرائیل ئەوە ناشارنەوە، كە دەیانەوێت ئێران لە سوریا بچێتە دەرەوە، چونكە بڕوایان وایە هەبوونی تاران لە وڵاتێكی دراوسێدا ئاسایشی دەوڵەتی یەهودی دەخاتە مەترسییەوە، ئەوەشی زیاتر ئیسرائیل لێی دەترسێت هەبوونی باڵی چەكداری حیزبوڵڵای شیعەیە لە سوریا.

لەهەمان كاتدا، ئێران بە هاوپەیمانی روسیا ئەژمار دەكرێت لەسوریا، بەوەی لە دژی چەكدارانی داعش دەجەنگێت و تاران كار بۆ گرەنتی بوونی پرۆسەی ئاشتی سوریا دەكات لەگەڵ روسیا و توركیادا و مۆسكۆ نایەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ هاوپەیمانی هەرێمایەیتدا تێكبدات. 

پێش ئەوە، باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە مۆسكۆ (زفی ماغین) ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، مۆسكۆ كەناڵی زۆری هەیە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر ئێران، هێمای بۆ ئەوەش كردبوو، كە هەر بە راستی مۆسكۆ ئەوەی خستووەتە بەر دەست ئەمریكا و ئیسرائیل بەوەی دەیەوێت هەبوونی ئێران لە سوریا بۆ ئاستێكی نزم كەمبكاتەوە، بەڵام ئەو دوولایەنە نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك.

ماغین باسی لەوەش كردبوو، كە ئەگەر یەكێك هەمان پێشنیار بخاتە روو، ئەوا مانای وایە دەتوانێت ئامانجەكەی بپێكێت، پاشان بواری رێككەوتن هەیە، بەڵام ناكرێت ئێران وڵاتی سوریا بەجێبهێڵێت مەگەر تەنیا لە رێگەی داواكردنێكی راستەوخۆوە بێت لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا