پەرلەمانی کوردستان: بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا ده‌ڕوانین

کوردستان

09/10/2019‌ 766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند،  بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەروانێت و داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن.

پەرلەمانی کوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی له‌شكركێشییه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، "پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە نیگەرانیەکی قوڵەوە لە لەشکرکێشی سوپای تورکیا بۆ چەند ناوچەیەکی جیاجیای رۆژئاوای کوردستان دەروانێت و داوا دەکەین هەرچی زووە ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوەستێندرێن و لە رێگای دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەوە کێشەکان چارەسەر بکرێن".

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌، "دۆخی ناوچەکە هیشتا لە قۆناغێکی هەستیار و ناجێگیردایەو شەری تیرۆر کۆتایی نەهاتووە، گەلانی ناوچەکە لە نەهامەتی و ناسەقامگیریدا دەژین و پێمان وایە ئەم لەشکرکێشیە نەک چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو ئاسۆی چارەسەری و ئاشتی دوورتر دەخاتەوە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەڵەتی دەکەین، بە تایبەتی ئەمریکا و روسیا و بەریتانیا و فەرەنسا، هەموو هێزو توانایان بخەنە گەڕ بۆ وەستاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەو رێگرتن لە ناسەقامگیری زیاتر و هەوڵدان بۆ رەخساندنی هەلومەرجی نوێ بۆ دانوستاندن".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووه‌، "بە توندی ئیدانەی هەر جۆرە پەلامارێک دەکەین کە هاووڵاتیانی سیڤیل بە ئامانج بگرێت لە هەر لایەکەوە بێتد، پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواو لە بوونی دیالۆگ و گفتوگۆ دەکات لە سەر ئاستی هەرێمایەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هەمیشەیی کیشەکانی ناوچەکە، گەلی کوردستان بە شانازییەکی زۆرەوە پێشەنگی خەبات و قوربانی بووە لە شکست پێهێنانی تیرۆریستانی داعش و هێنانە دی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی، بەردەوامی ئەم دۆخە نەخوازراوە سەربازییەی سەر رۆژئاوای کوردستان، زەمینەی زیاتر بۆ تیرۆریستان دێنێتە ئاراو دەستکەوتەکانی شەری تیرۆر لە ناو دەبات و بەوەش ئاشتی هەرێمایەتی و جیهانی دەکەوێتە بەردەم هەرەشەی جددیەوە".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "پەرلەمانی کوردستان بەردەوام پشتیوانی چارەسەری ئاشتییانەو دیموکراسییانەی دۆزی رەوای خەلکی کوردستانە لە هەر پارچەیەک بێت، داوا لەسەرجەم هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکەین، هەموو ناکۆکیەکی سیاسی بخەنە لاوەو لە سەر بنەمای حیکمەت و دووربینی سیاسی پێکەوە لە خەباتی ئاشتییانەو دیپلۆماسیانەو مەدەنیانە بەردەوام بن بۆ کۆتایی هێنان بەم دۆخە نەخوازراوە، پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەم دۆخە دەکات و ئامادەکاری بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات".