شارپرێس : ئاکۆ عەبدوڵلا
ئاڵی
سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری ئۆپۆزیسیۆن لە تورکیا دەڵێت دەبێت حکوومەت لە
سیاسەتی دەرەوەدا خۆی لەسەرکەشیکردن بەدوور بگرێت ، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ بڕیاری
رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ دەستدرێژیکردنە سەررۆژئاوای کوردستان .
لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا کەمال کڵچدار ئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری
ئۆپۆزیسیۆن گوتی بەهۆی ڕێزنەگرتن لە سەلامەتی هەرێمیی خاکی سوریا ، ئەردۆغان
وایکردووە هەموو جیهان لەدژی تورکیا یەکبگرن .
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا ئۆغڵو گوتوویەتی " دەبێت لە سیاسەتی
دەرەوەدا خۆمان لە سەرکەشیکردن بەدوور بگرین ، ئەگەر ڕێز لە سەلامەتی هەرێمیی خاکی
وڵاتانی تر نەگرین ئەوە دوژمن بۆخۆمان درووست دەکەین ، بۆیە ئێستا هەموو جیهانمان
لەخۆمان کردۆتە دوژمن ".
سەرۆکی جەگەپە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حکوومەتی ئەنقەرە بەنهێنی توندڕەوە
بریندارەکان لە سوریاوە بۆ چارەسەرکردن دێنێتە تورکیا و جارێکی تر رەوانەی
سوریایان دەکاتەوە".
دوای دەستپێکردنی دەستدرێژییەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا ، زۆرینەوەی وڵاتانی جیهان
سەرکۆنەی هێرشەکەی تورکیایان کرد و داوایان لە ئەنقەرە کرد هێرشەکانی رابگرێت .
لەبەرانبەردا ئەردۆغان جەختی کردۆتەوە کە تا بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی
لەپێناویدا پرۆسە سەربازییەکەی دەستپێکردووە هێرشەکان راناگرێت .