گریانەكەی محەمەد رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی هێنایە سەر خەت

کوردستان

20/10/2019‌ 11819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گریانەكانی محەمەد حەمیدی 13 ساڵان كاریگەری گەورەی لەسەر جیهان داناوەو ئێستا رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانیش بۆ ئەو پرسە هاتووەتە سەر خەت.

محەمەد، كە دانیشتووی رۆژئاوای كوردستان ‌و شاری سەرێ‌ كانییە، بەهۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆ سەر ناوچەكەیان بریندار بووەو رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

لەچەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی محەمەد دەردەكەوێت، كە جەستەی بەتەواوی سووتاوەو بەهۆی كاریگەری سووتاوییەكەشی، بەدەنگی بەرز دەگری‌و هاوار دەكات.

ئەو ڤیدیۆو وێنانەی محەمەد لەسەر ئاستی ناوخۆو ناوچەكە كاریگەری گەورەی داناوەو كاردانەوەی زۆرشی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتیشی لێكەوتووەتەوە.

لەگرنگترین كاردانەوەش سەرپەرشتیاری رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری چەكی كیمیایی ئاشكرایكردووە، كە سوپای توركیا لەهێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان چەكی فۆسفۆری سپی یەكارهێناوە، كە ئەوە چەكێكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتییە.

هاوكار رێكخراوی (OPCW)ی تایبەت بەقەدەغەكردنی چەكی كیمیایی پشتراستی ئەوەی كردووەتەوە، كە چەكی قەدەغەكراو بەكارهێنراوە لەلایەن سوپای توركیاوە، لەو بارەشەوە جەختیكردووەتەوە، كە لێكۆڵینەوەی ورد دەكەن.

هاوكات رێكخراوی مانگی سوری كوردی لەراگەیەنراوێك جەختیكردووەتەوە، كە چەندین برینداری شەڕەكان براونەتە نەخۆشخانەكانی شاری حەسەكەو بەچەكی قەدەغەكراو برینداركراون.

هـ ـ ح