شارپرێس:
ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەكان دژ بە كردە سەربازییە داگیركارییەكەی توركیا بۆ باكووری ڕۆهەڵاتی سوریا بەردەوامییان هەیە، لەو چوار چێوەیەش كۆمەڵەی نیشتمانی فەڕەنسی (پەرلەمانی فەرەنسا) بە كۆی دەنگی ئەندامانی، بڕیاری ڕسواكردنی هێرشی سەربازی توركیا بۆ سەر باوكوری ڕۆژهەڵاتی سوریای دەركرد.
"مارێڵ دی سارنیز" ی سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسی، پڕۆژە بڕیارێكی خستەڕوو - كە وابەستەیی یاسایی نییە-، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆكی 8 كۆمەڵەی سیاسی واژوویان كرد و پڕۆژە بڕیارەكەش بە ڕەزامەندی 121 پەرلەمانتار پەسەند كرا.
لە بڕیارەكەدا هاتووە، كۆمەڵەی نیشتمانی فەرەنسی، زۆر بە توندی هێرشە سەربازییەكەی توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان ڕسوا دەكات و پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ هێزەكانی سوریای دیموكرات دەردەبڕێت بە تایبەتیش كوردەكان و هاوپەیمانە عەرەبەكانیان، كە بۆ هەمیشە هاوپەیمانی ئەوانن لە جەنگی دژ بە داعش.
سارنیز لە دوای دەنگدانەكە وتی: تا ئێستا سەدەها كوژراو و 300 هەزار ئاوارە و دەربەدەر ناچاركراون ڕوو بكەن و ماڵ و حاڵی خۆیان جێبێڵن، سوپاس توركیا و لایەنە پاشكۆكانیشی، پێشێلكاری قێزەونیان ئەنجامداوە.
كۆمەڵەی نیشتمانی فەڕەنسی ئەوەشی دووپات كردەوە، كە هەر دەبێت ئەو هەڵوێستەیان بكەنە كردار و كاری لێبڕاوانەی لەسەر بكەن.
هەندێك لە ئەندامانی كۆمەڵەكەش بێزاری خۆیان نیشاندا سەبارەت هەڵوێستی ئەوروپا، كە لە ئێستادا وەك تەماشاكەرێكی لێهاتووە لە هەمبەر ئەوەی لە سوریا ڕوو دەدات.
هاوكات "جان ئیف لۆدریان" وەزیری دەرەوەی فەڕەنساش وتی: دۆخی ڕۆژئاوای كوردستان زۆر مەترسیدارە و لەوانەشە ڕەنجی 5 ساڵەی جەنگی دژ بە داعش لە بەین بەرێت.
هەفتەی پێشووش ئەنجوومەنی پیرانی فەرەنسا بە كۆی دەنگ بڕیاری ڕسواكردنی هێرشە سەربازییەكەی توركیایان دەركرد، داواشیان كرد پێشدەستییەكی ئەوروپی یان نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ئەو هێرشە بخرێتەڕوو.
چەند ڕۆژێكیش لەمەوپێش، ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا ڕەخنەی توندی ئاراستەی پەیمانی ناتۆ كرد، بەوەی دەستەوەستانە لە هەمبەر ڕووداوەكانی ئەم دواییەی باكوری سوریا، ووتیشی كاتی ئەوە هاتووە ئەوروپا چی دیكە وەك هاوپەیمانێكی بچوك هەنگاو هەڵنەگرێت لەو پرسانەی پەیوەستن بە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستەوە.
ماكرۆن لە دوای لوتكەی ئەنجومەنی ئەوروپی لە بڕۆكسل بە ڕۆژنامەنووسانیشی ڕاگەیاند كە ئەوەی لەم دوایانەدا لە ڕۆژئاوای كوردستان ڕوویداوه، هەڵەیەكی زەبەلاحی ڕۆژئاواییەكان و پەیمانی ناتۆیە، ووتیشی ئەمە لاوازمان دەكات لەوەی هاوبەشێك لەسەر زەوی بۆ خۆمان پەیدا بكەین و باوەڕیان بەوە هەبێت كە ئێمە بۆ مەودایەكی زۆر دەیانپارێزین، ئەمەش پرسیار لەسەر شێواز میتۆدی كاری پەیمانی ناتۆ دروست دەكات.
ماكرۆن هەروەها وتی: ئێمەی ئەوروپی لەو پرسەدا وەك هاوپەیمانێكی بچوك دەركەوتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش كاتێك بوو كە ئەوروپییەكان لە ڕێگەی تویتەرەوە گوێبیستی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بوون لە سوریا، بەمەش ناچار بووین ئێمەش هێزەكانمان بكێشینەوە.
سەرچاوە: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر