رۆیته‌رز: ئێران ده‌ستتێوه‌ردانی بۆ رێگرتن له‌ لابردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی كردووه‌

عیراق

01/11/2019‌ 1361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ستتێوه‌ردانی بۆ رێگرتن له‌ لابردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردووه‌، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز. 

ئاژانسی رۆیته‌رز به‌ پیشتبه‌ستن به‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك و دوو گه‌وره‌ كه‌سایه‌تی خاوه‌ن هه‌ژموونی سیاسی له‌ عێراق، بڵاویكرده‌وه‌، "ئێران ده‌ستتێوه‌ردانی كردووه‌، بۆ رێگرتن له‌ لابردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی".

ماوه‌ی مانگێكه‌ خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی له‌ شاره‌كانی باشوری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چێت و خۆپیشانده‌ران داوای گۆڕینی حكومه‌تی عێراق و ئه‌نجامدانی چاكسازی ده‌كه‌ن.

پێشتر موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دوو په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كردبوو، داوای لێكردبوو ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت، وتبووشی، ""ئەگەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت رەتبكەیتەوە، كاردەكەین دەستبەجێ متمانەت لێوەربگیرێتەوە".

سەدر باسی لەوەشکردوە، "پێموابو داواکردن لە تۆ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پاراستنی شکۆمەندی تۆی تێدایە، بەڵام ئێستا کە ئەو کارەت نەکرد و رەتتکردەوە، من داوا لە هادی عامری دەکەم پێکەوە کاربکەین بۆ سەندنەوەی متمانە لە حکومەتەکەت".

ئەو پەیامەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە هات کە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەوەڵام سەدردا رایگەیاندبو، حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەری دۆخەکە ناکات "دەتوانن لەگەڵ هادی عامری حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن".

سه‌رچاوه‌كانی رۆیته‌رز ده‌شڵێن، "هادی عامری، سه‌رۆكی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح، كه‌ له‌ لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پشتیوانی ده‌كرێت و نوێنه‌رایه‌تی حه‌شدی شه‌عبی ده‌كات، رازی بووه‌ به‌ لابردنی عادل عه‌بدولمه‌هدی".

دوێنێ پێنجشه‌ممه‌ بەرهەم ساڵح، سەرۆككۆماری عێراق لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعییەكان و سونییەكان كۆبووه‌وه‌ و رێككەوتوون لەسەر هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان‌و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران‌و بانگهێشت بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پیشوەختە بەگوێرەی كاتێكی دیاریكراو.


بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار ى عێراق لە دواى کۆبوونەوەى لایەنە سیاسیەکان سەبارەت بە دۆخى ئێستاى عیراق و خۆپیشاندانەکان پەیامێکى ڤیدیۆیی بڵاوکردەوەو رایگەیاند، "داواى لە خۆپیشاندەران دەکەم کە دامودەزگاکانى دەوڵەت بپارێزن و دەبێت هێزە ئەمنییەکانیش گیانى خۆپیشاندەران بپارێزن".
 
بەرهەم ساڵح ئاشکرای کرد بە زووترین کات رەزامەندى دەردەبڕێت بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت و هەفتەی داهاتووش پرۆژە بڕیارێکی نوێ بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان پێشکەشدەکات، جەختیشکیردەوە، پێویستە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بگۆڕدرێت..

سەبارەت بە چارەنوسى عادل عەبدولمەهدى لە پۆستەکەى سەرۆک کۆمار ئاشکراى کرد، سەرۆک وەزیران رەزامەندى دەربڕی بۆ دەست لەکارکێشانەوەو داواشى لەلایەنەکان کرد میکانیزمێک بدۆزنەوە تا بۆشایی یاسایی دروست نەبێت ئەوەشى وەک مەرج راگەیاندوە.

لە وتارەکەى سەرۆک کۆمار ئەوەى خستەڕوو، پێویستە پەرلەمان بە ئەرکی خۆی هەستێت و بەدواداچوون بکات لەسەر ئەو گەندەڵیانەی هەیە و ڕووبەڕوی یاسایان بکاتەوە.

 بەرهەم ساڵح وتیشى، بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ خۆپیشاندەراندایە و خۆی چاودێری ئەو لێکۆڵینەوانە دەکات کە بوونەتە هۆی دروستبوونی قوربانی لە خۆپیشاندانەکاندا.