دوای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ماڵباتی تاڵەبانی دەتوانن هاوسەنگی هێز لەناو یەكێتی بپارێزن؟

کوردستان

06/11/2019‌ 5901 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆتا دەركەوتنی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، هاوسەری جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی نیشتمانی، دڵخۆشكەر نەبوو، چونكە ئەوەی لێناخوێنرێتەوە جارێكی تر بتوانێت سیاسەت بكات.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، رۆژی چواری ئەم مانگە لەچەند وێنەیەكدا دەركەوتەوە، كە ماوەیەكی زۆرە بەهۆی خراپی باری تەندروستی دەركەوتنی نەماوە، بەتایبەتی لەمیدیاكانەوە.

دەركەوتنەكەی هێرۆ ئیبراهیم بەو جۆرە جیگەی دڵخۆشی نەبوو، چونكە پێناچێت بەهۆی باری تەندروستی بتوانێت بەردەوامی بەسیاسەت بدات، بەمەش ماڵباتی تاڵەبانی لەناو یەكێتی یەكێك لەكەسایەتییە كاریگەرییەكانیان لەدەست دەدەن لەكۆنگرەی چوارەم.

ساڵی 2012 جەلال تاڵەبانی سكرتێری ئەوكاتی یەكێتی نەخۆش كەوت‌و چیتر بەهۆی نەخۆشییەكەوە نەیتوانی بگەڕێتەوە، تا كۆچی دوایی كرد، ئەوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی هاوسەری ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لێپرسراوی مەڵبەندی یەكی حیزبەكە بوو، كە راستەوخۆ توانی جڵەوی یەكێتی بگرێتە دەست‌و ئاراستەی بكات.

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، توانی چەند ساڵێك جڵەوی یەكێتی بەباشی كۆنتڕۆڵ بكات‌و سەرجەم بڕیارەكانی حیزبەكە خۆی دەیدا، بەشێوەیەك وای لەركابەرەكانی لەیەكێتی كردبوو، كە نەتوانن بەرانبەری بوەستنەوە، چونكە بێ دەسەڵاتی كردبوون.

كاریگەری‌و دەسەڵاتی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەشێوەیەك بوو، چەند سەركردەیەكی یەكێتی وەك دەربڕینی ناڕەزایی باڵی ناوەندییان لەساڵی 2016 دروست كردو دواتر بەو هۆیەوە ناوەندی بریاردان گرفتی تێكەوت وجیابوونەوە لەناو حیزبەكە دروست بوو.

لەساڵی 2017ش بە كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تەقییەوەو بەرهەم ساڵحی جێگری سكرتێری ئەو حیزبە جیابووەوەو حیزبی نوێی دروست كرد، بەقسەی هەندێك لە بەرپرسەكانی یەكێتی، بەشێك لەهۆكاری جیابوونەوەكە بۆ ئەو سیاسەتەوە دەگێرایەوە، كە هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد پیادەی دەكرد.

ئەو كاریگەرییەی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد بەشێوەیەك بوو، كە دەوترا بووە بەكەسی یەكەمی یەكێتی‌و چاوەڕێی ئەوەش دەكرا، كورسییەكەی تاڵەبانی بۆ خۆی یەكلابكاتەوە، بەڵام ئەوە درێژەی نەكێشاو بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی‌و چوونە تەمەنەوە، ئەو رۆڵەی نەماو ئێستا خەریكە بەتەواوی لەگۆڕەپانی سیاسی حیزبەكەی دووركەوێتەوە.

لەگەڵ نەمانی كاریگەری هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئیتر قسە هاتووەتە سەر ئەوەی جارێكی تر دەسەڵاتەكانی ئەو حیزبە دابەش بكرێتەوە بەشێوەیەك، كە بەشێكی زۆری دەسەڵات و بڕیارەكانی ئەو حزبە بكەوێتە دەست ئەو كەسانەی، كە سەر بە بنەماڵەی تاڵەبانی نین.

هەرچەندە ئێستاش كێشەكانی یەكێتی بەردەوامە، بەڵام دەنگۆ هەیە، لەكۆتایی ئەمساڵ كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە ببەسرێت، پرسیارەكەش ئەوەیە، كە ماڵباتی تاڵەبانی دوای هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەتوانن هاوسەنگی هێز بپارێزن لەناو یەكێتی، بەتایبەتی دوای ئەنجامدانی كۆنگرە؟

ئەوەی ئێستا لەسەر میراتی تاڵەبانی ئەژمار دەكرێت، جگە لەهێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، قوبادو بافێڵی كوڕانی جەلال تاڵەبانین، لەگەڵ شاناز ئیبراهیم ئەحمەدی خوشكی هێرۆ ئیبراهیم‌و لاهور شێخ جەنگی‌و براكانی، كە برازای تاڵەبانیین و جێگەو پێگەیان دیارە.

لەئێستادا كوڕەكانی تاڵەبانی چاویان لەوەنییە، كە ببنە كەسی یەكەمی یەكێتی‌و جێگەی باوكیان بگرنەوە، هەرچی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیشە، بەهۆی ئەوەی دژایەتییەكی زۆر دەكرێت، ناتوانێت وەك خوشكەكەی رۆڵ بگێڕێت‌و جڵەوی یەكێتی بكات.

هەروەها لاهور شێخ جەنگیش یەكێكە لەئەندامانی بنەماڵەی تاڵەبانی‌و بەم دوایانە كۆمەڵێك جوڵە هەیەو بەقورسایی دەركەوتووە، بەڵام ئەوەیش چاوی لەسەر پۆستی كەسی یەكەم نییە .

هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن ململانێكانی داهاتووی یەكێتی لەسەر پۆستی سكرتێری گشتی و جێگرەكانی دەبێت، كە كۆمەڵێك پرۆژە ئامادەكراوە بۆ كۆنگرە، بەڵام تا ئێستا هیچ پرۆژەیەك بەتەواوەتی پشتیوانی لێنەكراوە، لەلایەكی تریشەوە چەند ركابەرێكی بەهێز هەن‌و چاویان لەو پۆستانەیە، بەتایبەت كۆسرەت رەسوڵ‌و بەرهەم ساڵحی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی.