نهێنی گەڕانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بۆ سوریاو رۆژئاوای كوردستان

کوردستان

10/11/2019‌ 8591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چاودێران ئەم جوڵەیەی ئەمریكا بە گەڕانەوە بۆ سوریا، بە سەرلێشێواوی بێسەرەوبەری دەدەنە قەڵەم لە ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا، ئەمە بۆچوونی چاودێرانە سەبارەت بە دوا بڕیارەكەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا بە فراوانكردنی ئەركە سەربازییەكانی هێزەكانی ئەمریكا بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان لەباكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، پلانەكانیان برەودانە بەبوونی سەربازی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ بەرگرتن لەداعش لەوەی دەستییان بگاتە بیرە نەوتییەكان.

ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا پرسیارگەلێكی هێناونە ئاراوە، كە ئاخۆ نهێنی كشانەوەی هێزە سەربازییەكان و دووبارە گەڕانەوەیان بۆ سوریا چییە؟

ئاژانسی ئەسۆشێتد پریس بڵاویكردەوە، بڕیارە تازەكەی ترامپ، زۆر پرسیاری یاسایی گرنگ دەورژێنێت، لەوانە ئاخۆ سوپای ئەمریكا دەتوانێت بەرەنگاری هێزەكانی سوریا، یان ڕوسیا، یان هەر هێزێكی دیكە ببێتەوە،‌ كە هەڕەشە لە بیرە نەوتییەكان بكەن؟ 

مارك ئیسبری وەزیری بەرگری ئەمریكاش ڕایگەیاند،‌ زۆر بە توندی بەرەنگاری هەر هەنگاوێكی لایەنەكانی دیكە دەبنەوە، كە ئامانجیان زاڵبوون بێت بەسەر بیرە نەوتییەكان.

هەروەها رۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز" ی ئەمریكیش ئاشكرایكرد، كە نزیكەی 900 سەرباز ئەمریكا لە سوریا دەمێننەوە.

لەو بارەوە دكتۆر ئوسامە دنورە، كە شڕۆڤەكارێكی سیاسی و ستراتیژییە و ئەندامی پێشووی شاندی دانوستانكاری حكومەتی سوریا بووە لە جنێف، دەڵێت: ئەو هەڵوێستە تازەی ئەمریكا بە كشانەوەی هێزەكانی ‌لە باكووری سوریا گرێكوێرەیەكی گەورەیە سەبارەت بەپڕۆسەی بڕیارسازی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا. 

ئەو دەشڵێت: ئەم هەڵوێستەی ترامپ نیشانەی دژیەكییە لە ئاراستەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەمەڕ دۆسیەی سوریا.

دەنورە هەروەها وتی: ئەوەی پێی دەوترێت ترامپیزم، یان مەزهەبی ترامپ بەرجەستەی ئارەزووی ترامپ دەكات لە دووركەوتنەوە لەناوچەی تەنگژاوییەكان و پەنابردنە بەر فشاری ئابووری لەبری هێزی سەربازی، بەڵام هێزەكانی لاگیری ئیسرائیل ‌و دیدگا كلاسیكییەكانی كیبڕكێی ستراتیژی نێودەوڵەتی و خاوەن دیدگای بنەمای دبلۆماسی جەنگی، هەموویان گەرەكیانە بوونی سەربازی ئەمریكا لە سوریا بەردەوام بێت.

نابراو ئەوەشی وت: ئێمە ئێستا لە بەردەم دەوڵەتێكی ستەمكارداین كە ئیدارەكەی تڕەمپە.

هاوكات غەسان یوسفی شڕۆڤەكاریش دەڵێت: مانەوەی ئەمریكا لە پێناو پاراستنی بیرە نەوتییەكان لە باكووری سوریا واتای ئەوەیە هیچ كات ئەمریكا مەبەستی یارمەتیدانی گەلی سوریا نەبووە و تەنیاو تەنیاش نەوتی گەرەكەو ترامپیش بێگرێوگۆل (شەفافییەت) ئەوەی وتووە.

لەلایەكی تر دكتۆر سوبحی غەندوری بەڕێوەبەری سەنتەری گفتوگۆی عەرەبی ئەمریكی وتی پنتاگۆن دژ بە كشانەوەی ئەمریكایە لە سوریا، ئەو كشانەوەی ڕووشیدا بڕیاری ترامپ بوو نەوەك حكومەتی ئەمریكا، بۆیە كاردانەوەی ئەندامانی پارتی كۆماری دژ بە بڕیارەكەی‌ ترامپ بەهێز بوو. 

وتیشی: دژایەتیكردنی بڕیارەكە لە لایەن ناوەندە جیاوازەكانی ئەمریكاوە، ترامپ ناچاری پاشەكشە دەكات و كارەكە بە دڵی ترامپ نابێت، چونكە چەند ئاستەنگێكی ئەمریكی لە بەردەم تڕەمپدا هەن، كە لەوانەیە كاریگەریان هەبێت بۆ سەر چارەنووسی سیاسی سەرۆكی ئەمریكا.

ڕوسیا لەسەر زاری سیرجی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە ڕاگەیاندنەكەی ئەمریكای ڕەتكردەوە بە مانەوەی هێزەكانی لە سوریا و وتی: كەواتە واشنتۆن بەرگری لە بیرە نەوتەكان دەكات دژ بە كۆماری عەرەبی سوریا. و

لاڤرۆڤ وتیشی: دەبێت مۆسكۆ بەرەنگاری ئەو هەوڵانەی واشنتۆن ببێتەوە، چونكە كارەكەی ناشەرعییە و پێشێلی سەروەری سوریا دەكات.

ڕۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز"یش باسی لەوە كردووە، كە 250 سەربازی ئەمریكی لە پارێزگای دێرزور دەمێننەوە، 500 سەربازیش پاسەوانی بیرە نەوتییەكان دەكەن، ئەوانی دیكە لەناوچەی تەنەف دەمێننەوە. سەرجەمیشیان ژماریەان دەگاتە  نزیكەی 900 سەرباز.

سەرچاوە: SPUTNIK
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر