ڤیدیۆیەكی دزە پێكراو عادل عەبدولمەهدی شەرمەزار دەكات

عیراق

18/11/2019‌ 5248 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان گرتە ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردەوە، كە لە كۆبوونەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەندێك لە بەرپرسەكان دزەی پێكراوە، یەكێك لەوان داوای ئەوەی لێدەكات پێویستە كەناڵە فەرمییەكانی عێراق بایەخ بە بڕیاری دەستگیركردنی هەندێك لە بەرپرسەكان بدەن بەتۆمەتی گەندەڵی كردن، ئەمەش لە پێناو خاو كردنەوەی توڕەیی عێراقییەكان.

لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت كەسێك لەوانەی لەكۆبوونەوەكەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران ئامادەیە داوای ئەوەی دەكات میدیای حكومی برەو بەفەرمانەكانی دەستگیركردن بدات دەرهەق بە هەندێك بەرپرس و حوكمدان بەسەریاندا، لە پێناو خاوكردنەوەی تینی خۆپێشاندانەكان.


ماوەیەك پێش ئێستا‌، دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاندبوو، 60 كەس لە ئەندامانی پەرلەمان و بەرپرسە ناوخۆییەكان فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە بەتۆمەتی گەندەڵی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی، ئەوەشی روونكردبووەوە فەرمان دەرچووە بە بانگهێشت كردنی وەزیرێك و پێنج ئەندام پەرلەمان و دوو وەزیری پێشوو.

ئەمە لەكاتێكدایە بەغدادو شارەكانی باشووری عێراق مانگرتنێكی گشتییان ئەنجامداو درێژەیاندا بەجوڵانەوەی ناڕەزایەتییەكان، كە ماوەی چەندین هەفتەیە دەستی پێكردووە و داوای رووخانی رژێمی سیاسی دەكەن، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەك بوو لەداوا بنەڕەتییەكانیان، كە بریتی بوون لە دژایەتی كردنی گەندەڵی.

سەرەرای ئەوەش، عێراق جوڵانەوەیەكی میللی بەخۆیەوە دەبینێت بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان و بێكاری و چارەسەرنەكردنی كێشەكانی ژیانی رۆژانە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە.

خۆپیشاندەرەكان زیاتر لە سێ هەفتەیە لە گۆڕەپانی تەحریری بەغدا كۆبوونەتەوە و داوای روخانی رژێمی سیاسی و گۆڕینی چینی سیاسی دەسەڵاتدار دەكەن، كە بۆ ماوەی 16 ساڵە خەریكی ئەنجامدانی گەندەڵین.

سەرەتا توانیان دەست بەسەر چوار پردی گرنگدا بگرن، كە كەنارەكانی رووباری دیجلە و رۆژهەڵاتی بە رۆژئاوای بەغداوە دەبەستێتەوە و دەچێتەوە سەر ناوچەی سەوز، ئەو شوێنەی بارەگاكانی حكومەت و بالیۆزخانەكانی بیانی لە خۆ دەگرێت.

بەڵام هێزەكانی رووبەرووبوونەوەی ئاژاوەگێڕی پێش دوو هەفتە سەركەوتووبوون لە گەرانەوەی دەسەڵات بەسەر سێ پردو گەڕەكانی دەروبەری و گێڕانەوەی خۆپیشاندەران بۆ گۆڕەپانی تەحریر و پردی كۆماری، دوای ئەوەی گازی فرمێسك رێژو گولەیان بەكارهێنا.

لە میانی خۆپیشاندانەكاندا زیاتر لە 300 كەس گیانیان لەدەستداوەو تا ئێستا بە توندترین ئەو خۆپیشاندانانە ئەژمار دەكرێت كە لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێنەوە روویانداوە.

سەرچاوە: سكای نیوز عربیە 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا