دەسەڵاتی ئێران بۆ دامركاندنەوەی خۆپیشاندانەكان پەنا دەباتە بەر ناردنی" SMS"

جیهان

19/11/2019‌ 986 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ هۆشداریپێدانی هاوڵاتیان بۆ ئەوەی نەچنە ناو ریزی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەكانەوە پەنایان بردووەتە بەر ناردنی SMS .

لەدوای چەند سەعاتێك لە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئابووری ئێران بۆ گرانكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و نارەزایەتی لە بەشێكی زۆری شارو چارۆچكەكانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان پێكرد، كە هێزە ئەمنییەكانیش بۆ بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندەران فیشەكی زیندوویان بەكارهێناوە، كە بەهۆیەوە دەیان كەس گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، داواكاری گشتی هەرێمی ئەلبورز هۆشداری داوەتە هاووڵاتیان بەوەی بەشداری خۆپیشاندان و گردبوونەوەی نایاسایی نەكەن،  لەبەرئەوەی رووبەڕووی سزای یاسایی دەبنەوە .

خۆپیشاندەرانی ئێرانی ئەو نامانە ئاشكرادەكەن، كە ئاراستەیان كراوە و لەیەكێك لە نامەكاندا نووسراوە: "خۆپیشاندانەكان سیستەمی گشتییان تێكداوە و دوژمنانی شۆڕش دۆخەكە دەیقۆزنەوە"، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوانەی دژایەتی سیستەمی دەسەڵاتی ئێران دەكەن .

لە شاری بوشەهر و لەنامەیەكی تری ئەنجوومەنی ئاسایش و هەواڵگریدا هۆشداری دراوەتە هاووڵاتیان بەوەی بەخێرایی ئەو شوێنانەی گردبوونەوەی نارەزایەتی تێدا بەڕێوە دەچێت بەجێبهێڵن ئەگینا رووبەڕووی ئاكامێكی خراپ دەبنەوە.

هەر بەگوێرەی رادیۆ فەردا، لە شاری كرمان و هەرێمی خوزستانی دەوڵەمەند بەنەوتیش نامەی هاوشێوە ئاراستەی هاوڵاتیان كراوە .

لەوەتی نرخی بەنزین بەرزبووەتەوە، شۆفێران لەشاری تاران و شارەكانی تری ئێران ئۆتۆمبیلەكانیان لە ڕێگا خێرا سەرەكییەكان جێدەهێڵن و دەچنە پاڵ خۆپیشاندەران .

لەكاتێكدا حكومەتی ئێران هەوڵ دەدات بەرانبەر بە گەمارۆ و سزاكانی ئەمەریكا خۆی رابگرێت، كە ئابووری ئەو وڵاتەی ئیفلیج كردووە، ئەو خۆپیشاندان و نارەزایەتیانە گوشارێكی زیاتر دەخاتە سەر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی