ڕوسیا لەڕۆژئاوای كوردستان كەوتووەتە تەڵەكەوە؟

کوردستان

24/11/2019‌ 9863 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە 15 ی نۆڤەمبەر پۆلیسی سەربازی ڕوسی بە دەستبەسەرداگرتنی فڕۆكەخانەی "میتراس" لەدەوروبەری سییرین راگەیاند، كە 30 كیلۆمەتر لە باشووری "كۆبانی" وە دوورە و دەكەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژئاوای ئەو بیرە نەوتانەی ئەمریكا بەڵێنی پاراستنی داون لەوەی بكەونە دەست داعش و هێزەكانی ڕوسیاو ئەسەد.

ڕوسەكان دەستگرتنیان بەسەر ئەو بنكەیەدا، كە پێشتر ئەمریكای لێ بووە وەك دەستكەوتێكی گرنگ لە قەڵەمدا، چونكە بەو هۆیەوە دەتوانن دەست بەسەر بەشێكی ڕێگەی "ئێم فۆڕ"ی ستراتیژیدا بگرن، ئەمەش ئەگەری ئەوە دێنێتە‌ ئاراوە، كە لەوانەیە ئەمریكا و ڕوسیا پێشتر لەسەری رێككەوتبن.

ئەمریكا بەردەوامە لە چاودێریكردنی ڕۆژئاوای كوردستان، واشنتۆن وای بۆ دەچێت دەكرێت زەوی و خاكی دیكەش ڕادەستی هێزە كاریكەرەكانی گۆڕەپانی سوریا بكات، ئەگەر‌ پێویستیش بكات دەكرێت دووبارە لەو شوێنە شوینپێی خۆیان قایم بكەنەوە، ئەمەش وا دەكات لەسەر ئاستی هەرێمی هیزەكانی ڕوسیا و حكومەتی  سوریا تا ڕادەیەك پشت بە ئەمریكا ببەستن.

سی یەكەی‌ پۆلیسی سەربازی  ڕوسی و هێزە توركییەكان بە قووڵایی 10 كیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناوچەی ئارامەوە لە هاتووچۆدان، ‌ئەو هێزانە  بەرگری ئاسمانی گونجاویان نییە، ئەمەش وا دەكات هێزەكانی ڕوسیا و هێزە سورییە پاشكۆكانیان ڕووبەڕووی مەترسی هەمەجۆر ببنەوە لەلایەن گروپە ناوخۆییەكانی سەر بە كوردەكان و توركەكان. 

لە رۆژئاوای كوردستان ڕوسیا زیاتر پشت بە بنكە سەربازییەكەی قامیشلی دەبەستێت، چونكە بەشێكی شارەكە و فڕۆكەخانەكەی لەبن دەستی هێزەكانی ڕژێمی سوریادایە، كە ناوچەی قامیشلیش ناكەوێتە ناو جوغزی رێككەوتننە هاوبەشەكانی ئەمریكی – توركی و توركی – ڕوسییەوە، فڕۆكە هەلیكۆپتەرەكانیش ڕوسیاش لەو ناوچەیە بۆ جێگیربوون، پێویستیان بە ڕەزامەندی هیچ لایەك نییە.

ئەو دەنگۆیانەی دەڵێن قامیشلی دەبێتە بنكە سەربازییە دوورمەوداكەی ڕوسیا ڕاست نین، ئەم هەنگاوەش ژیرانە نییە تا ئەو كاتەی هێزەكانی ئاسمانی ڕوسیا هەلیان بۆ دەڕخسێت بە ئازادی لە ئاسمانی ناوچەكە بسوڕێنەوە، كە ئێستا ئەمریكا بەسەریدا زاڵە.

لە ئێستادا بوونی ژێرخانێكی سەربازی بۆ ڕوسیا لەو ناوچەیەدا گرنگە، چونكە ئەو بەربەستە سەربازییانەی حكومەتی سوریا لەو ناوچەیە دروستیكردوون بەس نین بۆ زاڵبوون بەسەر ناوچەكەدا.

لە ئێستادا ڕوسەكان و سورییەكان ئاستەنگیان لەبەردەمە لەو ناوچەیە لەبەكارهێنانی ڕێگە خێراكان بۆ پشتیوانی لۆجستی هێزەكانیان لەقامیشلی، چونكە هیزە ئەمریكییەكان لە ناوچە سنورییەكەن و بە تایبەتیش ناوچەی دیریك، كە بریار بوو هێزەكانی حكومەتی سوریای لێجێگیر بكرێن. 

كاروانە سەربازییە ئەمریكییەكانیش لە سەر ڕێگەی خێرای "ئیم فۆڕ" یش بینراون، كە شادەماری سەرەكی سوریایە بۆ ناردنی هێز و كەلوپەلی سەربازی و لۆجستی بۆ پۆلیسی سەربازی ڕوسیا لە سەر سنوور.

سەرباری ئەوەی سوپای ئەمریكا لە بنكە ئاسمانییەكەی سەر ڕێگەی خێرای ئیم فۆڕ لە سیرین كشاونەوە، بەڵام ناكرێت بوترێت، كە هێزەكانی حكومەتی سوریا و هێزە ئەمنییە ڕوسییەكان دەتوانن جڵەوگیری ئەو ناوچەیە بكەن، كە درێژییەكەی 30 كیلۆمەترەو لێكتێگەشتنی سوچی هێزەكانی سوریای دیموكرات ناچار دەكات لێی بكشێنەوە.

تا ئەو كاتەی لە ڕێگەی رێككەوتنێكەوە هێزەكانی سوریا نەتوانن جڵەوگیری كاروباری مەدەنی و سەربازی ناوچەكە بگرنەدەست، هێزەكانی ڕوسیا و حكومەتی سوریا متمانەی تەواویان بە جێگربوون لە ناوچەكە نابێت و هێزەكانی ئەمریكاش دەتوانن بەباشی چاودێری جوڵە سەربازییەكانیان بكەن.

هێشتا ئەگەر پێكدادانی گەرم لە نێوان سوپای سوریای ئازادی سەر بە توركیا و ڕژیمەكەی سوریا لە ناوچەی دیكەی جیاجیای سوریا لەئارادایە هەروەك لە تەلتەمر ڕوویدا.

ئێستا دیمشەق ئاسوودەیە، كە دەبینێت زۆرینەی دۆسییەكان لەسەر دەستی ڕوسیا چارەسەر دەبن، لە لایەكی دیكەشەوە پێكدادانەكانی ناوچەی تەلتەمر نیشانەی ئەوەن، كە ڕژیمەكەی سوریا ئەو دەستپیشخەرییەی كردووە، لەوانەشە ئەو هەنگاوەی حكومەتەكەی دیمەشق، پلانە سەراپاگیرەكانی ڕوسیا لەناوچەكە سەرەوژێر بكات.

سەرچاوە: ئەلمەركەز ئەلكردی للدراسات   
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر