ركابەرێكی نوێ لەجیهانی ئۆتۆمبیلە كارەباییەكان.. سكۆدا دوو مۆدێل دەخاتەروو

جیهان

02/12/2019‌ 522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمپانیای "سكۆدا"ی چیكی رایگەیاند، بە دوو مۆدێلی نوێی ئۆتۆمبیلی بچووكی Citigo  و ئۆتۆمبیلی كەشخەی Superb   هاتووەتە ناو چەرخی ئۆتۆمبیلە كارەباییەكانەوە .

كۆمپانیاكە راشیگەیاند، ئۆتۆمبیلی Citigo-E Iv بە بەزوێنەرێك كار دەكات، كە هێزی ٦١ كیلۆوات و ٨٣ ئەسپ كار دەكات، هەروەها ئەوپەڕی خێراییەكەی دەگاتە ١٣٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا.

بۆ بارگاویكردنەوەی ٨٠% پاتری ئەم ئۆتۆمبیلە نزیكەی كاتژمێرێكی پێویستە، چاوەڕوانیش دەكرێت نرخی ئەم ئۆتۆمبیلە لە بازارەكان بە نرخی ٢٠ هەزار و ٩٥٠ دۆلار دەستپێبكات.

هەرچی ئۆتۆمبیلی كارەبایی Superb Iv بە سیستەمی پاڵنانی هایبێرد كار دەكات، كە لە بزوێنەرێكی بەنزین بە هێزی ١١٥ كیلۆوات و ١٥٦ ئەسپ پێكهاتووە، لەگەڵ بزوێنەرێكی كارەبایی، كە هێزی ٨٥ كیلۆوات و ١١٦ ئەسپی هەیە .

ئەو ئۆتۆمبیلە دەتوانێت لەماوەی ٧،٧ چركەدا خێراییەكەی بگەیەنرێتە ١٠٠ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا، لەكاتێكدا ئەوپەڕی خێراییەكەی دەگاتە ٢٢٤ كیلۆمەتر لەكاتژمێرێكدا .

وابڕیارە مۆدێلی ساڵۆنی ئەم ئۆتۆمبیلە بەنرخی ٤١ هەزار و ٥٩٠ دۆلار بێت و مۆدێلی كۆمبییەكەشی بە نرخی ٤٢ هەزار و ٥٩٠ دۆلار بێت.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی