هاوسەرۆكی هەدەپە: ڕژێمەكەی ئەردۆغان هەڵدەدەینە زبڵدانی میژووەوە

کوردستان

03/12/2019‌ 2289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەزای تەمەلی هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) جارێكی تر داوای لەسەرجەم پارتە بەرهەڵستكارەكانی توركیا كرد، كە داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەن.

ئەو لەمیانی لێدوانێكی وتی: ئێمە بەدریژایی ٢٤ كاتژمێر كار دەكەین بۆ ئەوەی ئەو رژێمە بڕوات، وازیش ناهێنین تا فڕێیدەدەینە زبڵدانی مێژووەوە.

تەمەلی لەكاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی پارتەكەی لە شاری دێرسیم وتیشی: داواكاری ئەوان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە ٢٩ی نۆڤەمبەری رابردوو بێ هۆ نەبوو.

هەروەها وتی: داوامان كرد بۆ بەرەنگاروونەوەی ئەو عەقڵییەتە بۆگەنە هەڵبژاردنی پێشوەختە بەڕێوەبچێت، لەبەرئەوەی كاتی رزگاربوونە لەدەستی ئەو رژێمە .

تەمەلی ئەوەشی وت: رژێمەكەی پارتی دادو گەشەپێدان هەموو رۆژێك بڕیارێكی نادرووست دەدات، "سەیری بودجە بكەن ، تاكە شتێك كە بودجە بەدەستیهێناوە هەژاری و لەناوبردنی سرووشت و ستەمە . بودجەكە لە خزمەتی بەڵێندەران و بازرگانانی چەك و پیاوانی سەر بە خۆیانە ، ئەوە عەقڵییەتێكی چەقبەستووە".

هاوسەرۆكی هەدەپە لەبەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوەش كردووە، كاتێك ئەو قسانەیان پێدەڵێین بەئێمە دەڵێن ئێوە ئاستەنگ بۆ خزمەتكردنی خەڵك دروست دەكەن، خزمەتكردنی خەڵك بەو شێوەیە نابێت، بەڵكو لەڕێگای بەرنامەیەكی دادپەروەرانەی دابەشكردنی داهاتەوە دەبێت، كە پارتی دیموكراتی گەلان رایگەیاندووە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی