توركیا لەدەستگیركردنی رۆژنامەنووسان ژمارەی پێوانەیی تۆماردەكات

مەلەفی تایبەت

12/12/2019‌ 534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داتا حكومییە فەرمییەكان لە توركیا ئەوە پیشان دەدەن، كە ژمارەی زیندانیكراوان لەو وڵاتە بۆ ئاستێكی بێپیشینە بەرزبووەتەوە، هەروەها ئاشكرابووە، زیندانیانی سیاسی پێنج یەكی سەرجەمی زینادانیكراوانی توركیا پێكدەهێنن.

رۆژنامەی "حوڕییەت"ی توركی لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، كە بەپێی ئامارەكانی حكومەت ژمارەی زیندانیكراوان لەكۆتایی مانگی دیسەمبەری ساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٢٦٤ هەزار زیندانیكراو بووە، ئەو ژمارەیە بەڕێژەی ١٤% لە ژمارەی زیندانیكراوانی هەمان بەرواری ساڵی پێشووتر زیاتر بووە .

لەساڵی ٢٠١٣ دا لەنێوان هەر ١٠٠ هەزار  كەسی توركیا ١٨٨ كەس لەزیندان دا بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەس ٣٢٣ كەس بەرزبووەتەوە .

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە بەشی هەرە زۆری ئەوانەی لە زینداندان بەتۆمەتی دزیكردن دەستگیركراون، كە ڕێژەكەیان دەگاتە ٧٩% سەرجەم زیندانیان، هەروەك ئەوانەی لەسەر تاوانی كوشتن گیراون ڕێژەكە بریتییە لەسەدا ٤ی سەرجەم زیندانیان  .

بەڵام ئەوە هەموو هۆكارەكە نییە، بەڵكو زیادبوونی ژمارەی زیاندانیانی سیاسی یەكێكی ترە لەهۆكارەكانی زیادبوونی ژمارەی زیندانیان لەتوركیا، بەتایبەت لەدوای كودەتا شكستخواردووەكەی ساڵی ٢٠١٦ وە حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵمەتێكی فراوانی دەستگیركردنی نەیارانی دەسەڵاتەكەی دەستپێكردووە .

مەزەندە توركییە ناحكومییەكان باس لەوە دەكەن، كە ژمارەی ئەو كەسانەی لەدوای كودەتاكەی ساڵی ٢٠١٦ و بەهۆی بوونی گومانی پەیوەندیان بە ڕێكخراوی گولەنی سەر بە بانگخوازی توركی فەتحوڵڵا گولەنەوە دەستگیركرابن گەیشتووەتە ٧٧ هەزار كەس، بەڵام ڕێكخراوی "هیومان رایتس وۆچ" رایگەیاندووە، كە ژمارەكە ٤٨ هەزار كەسە، واتە پێنج یەكی هەموو زیندانیانی توركیا .

ڕێكخراوەكە لەسەر پێگەی فەرمی خۆی ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە، كە ژمارەیەكی زۆر لەو زیندانییە سیاسییانەی توركیا، كە لەسەر دۆسیەی تیرۆریستی دادگایی كراون پشتیان بەهیچ بەڵگەیەكی یەكلاكەرەوە نەبەستووە، كە پەیوەست بێت بە بوونی چالاكی تاوانكاری یان كارێك ئاماژە بێت بۆ كردەوەی تیرۆریستی.

جگە لەوەی رێكخراوەكە نیگەران بووە راگرتنی تۆمەتباران بەتۆمەتی تیرۆریستی بۆماوەیەكی دوورودرێژ بێیەكلاییكردنەوەی دۆسیەكانیان، كە ئەو رەفتارەی دەسەڵاتادارانی توركیا وەك جۆرێك لەسزادانی بەكۆمەڵ هەژمار دەكرێت .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی