دوورنییە ئەمریكا ریفراندۆمی كوردستان زیندووبكاتەوە
سیناتۆرەكان بەشدارینەكردنی كوردو سوننەیان لەكۆبوونەوەی پەرلەمان پێباش بووە

لە میدیاکانەوە

06/01/2020‌ 3314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: لوقمان غەفوور
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی 5ی جێنیوەری 2020 پاڵپشتی ئەو بڕیارەی كرد، كە دەڵێت: حكومەت پابەندە بەرەتكردنەوەی هاوكارییە لۆجستییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی داعش، بەهۆی كۆتایی هێنانی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی و راگەیاندنی سەركەوتن. 

هەروەها لەسەر حكومەتی عیراق پێویستە كۆتایی بهێنێت بەهەموو هێزێكی بیانی لەسەر خاكی عێراق و رێگری بكات لەبەكارهێنانی زەوی و ئاسمانی و ئاوەكەی بە هەر هۆیەك بێت.

بەڵام نیویۆرك تایمز لەراپۆرتێكدا باس لەوە دەكات ئەم بڕیارە حكومەت پابەند ناكات، چونكە بڕیاری پەرلەمان جیاوازە لەیاسا، لەهەمانكاتدا هێزەكانی ناتۆ رۆژی 4 جینیوەری كارەكانی خۆی بۆ وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق راگرت، بەھۆی ئاڵۆزی دۆخی عێراقەوە.

عادل عەبدولمەهدی سەرۆكی كاربەرێكەری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای كرد، كە هێزە بیانییەكان لە وڵاتەكەی "بەخێرایی" بچنە دەرەوە، بەوپێیەی ئەوە باشترین بژاردەیانە بۆ چاككردنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمریكا.

عەبدولمەهدی لە وتەكەیدا لە ئەنجوومەنی نوێنەران رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانانی دژی چەكدارانی داعش و راهێنانی هێزە عێراقییەكانی راگرت.

كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی 170 ئەندام بوو، بەئامادەنەبوونی كوتلەی كوردستانی و سوننەكان بەرێوەچوو.

لەو رووەوە ماركۆ رۆبیو ئەندامی ئەنجوومەنی پیران لەسەر ویلایەتی فلۆریدا لە سێ تویتی جودادا باسی لەوەكرد، كە شتێكی گرنگە كوتلەی كوردستانی و سوونە بەشدارییان نەكردووە لەكۆبوونەوەكە، دەشڵێت: "ئەگەر ئەمە راست بێت كەواتە ئەمە تەنیا ئەوە پیشانی ئەمریكا نادات، كە لەئامادەگی ئەمریكادا دابەشكاری مەزهەبی و نەتەوەیی هەیە لەعێراق، بەڵكو نیشانەی تەواونەكردنی رێژەی یاساییە".

لەتویتێكی تردا باسی لەوەكردووە و دەڵێت: "ئەوەی ئێمە لێرە بیستمانەوە و باس دەكرێت، كە سووننە و كوردەكان بەشداری كۆبوونەوەكەیان نەكردووە، كە رێژەی یاسایی دەنگ گرنگە بۆ شیعەكان. بەڵام لای ئێمە ئاشكرا نییە، كە ئایا ئەمە بەرێكەوتنی هەردوولا بووە یان رێكەوتە".

ئەو تویتەی بووەتە جێگەی سەرسوڕمان ئەوەیە، نوسیویەتی: رەنگە ئێستا كاتی تەواوی سەربەخۆی كوردستان بێت، ئەوەی، كە ئێستا لە باكووری عێراقە".

سیناتۆر مایك براون ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ویلایەتی ئیندیانە لەلێدوانێكیدا بۆ سان فرانسیسكۆ كرۆنیكل دەڵێت: "بەشدارینەكردنی كورد و سووننە هەڵوێستیان لەعێراق بەهێز دەكات و ئەوان عێراق لەژێر دەستی ئێران دەرەهێنن".

ئەو رووداوە، كە بۆ شیعە عێراقییەكان خراپە وای لە سەركردە و دیپلۆماتە ئەمریكییەكان كردووە، كە هەڵوێستی خۆیان بەرانبەر شیعەی عیراق بگۆڕن، دیڤد پترایۆس، كە یەكێكە لەو سەركردە سەربازییانەی ساڵانێكی زۆر لەعێراق سەركردایەتی سوپای ئەمریكای كردووە و پێشتریش بەرپرسی سی ئای ئەی بووە بۆ ئێن پی ئار دەڵێت: "زیادەڕۆیی تێدا نییە گەورەترین دەستكەوتە بۆ ئەمریكا، كوشتنی قاسم سلێمانی، بەڵام پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئێران چی لەدەست دێت؟ تاكە شت هەر ئەوەیە هەندێك چالاكی بچووك بە بریكارەكانی بكات".

دەشڵێت: "هەڵوێستی ئیرَان بەهێز نییە بەهۆی ئەو ئابڵوقەیەی لەسەریەتی و دۆخێكی خراپی ئابووری هەیە، ئەوەشی پێشتر لەناوچەكە كردوویەتی بە هەوڵی قاسم سلێمانی بووە، بۆیە لە غیابی ئەودا دەزانێت بوونی لاوازتر دەبێت".

ئەو نایشارێتەوە، كە گرژی و ئاڵۆزییەكان لەوە زیاتر ناكەن و هەر زیاد بوونێكیش بەخۆیەوە ببینێت ئەوە زیانی ئێرانە.

رۆژنامەی ستار تربیون-یش لەراپۆرتێكدا باس لەوە دەكات هەموو تۆڵەسەندنەوەی ئێران لە ناو ئەنجوومەنی عێراقەوە كردی، كە داوای كۆتایی هێنان بەكارەكانی ئەمریكای كرد لەعێراق. 

هەروەها سەرچاوەیەك لە كۆشكی سپی بە رۆژنامەكەی وتووە: ئەمریكا لەسەر داوای ئێران نەچووەتە عێراق تا لەسەر داوای ئێران بچێتە دەرەوە.

مایكل دۆران، كە پێشتر كارمەندی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و كاری بۆ وەزارەتی دەرەوە و بەرگری كردووە لە وتارێكدا لە واشتنتۆن پۆست نوسیویەتی، دۆناڵد ترامپ دەوێت نەخشەی عێراق بگۆڕێت و نایەوێت وەك ئێستا بمێنێتەوە، كوشتنی سلێمانی كۆتاییهێنانە بە شوێنپێی سیاسەتی پێشووی ئۆباما و گێڕانەوەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق.

كۆی رووداوەكانیش لەدوای كوشتنی قاسم سلێمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری بەرپرسی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەوی 2ی جێنیوەری بەكاتی ئەمریكا و 3ی جێنیوەری بەكاتی بەغدا لەرێگەی فرۆكەی بێ فرۆكەوە دێت، كە لەبەردەم فرۆكەخانەی بەغداد، بەبڕیاری ترامپ لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە كوژران.