ئەمریكا دۆخەكە‌ لەگەڵ ئێران ئارامدەكاتەوەو مامەڵەش لەگەڵ 6 ڕێكخراو قەدەغە دەكات

لە میدیاکانەوە

10/01/2020‌ 3232 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای هێوركردنەوەیەكی سەربازی كاتی، واشنتۆن دەرگاكانی بەكراوەی دێڵێتەوە بە ڕووی تاراندا بۆ هەر دانوستانێكی گریمانەكراو، دەرگای بەسەر پارتە ئۆپۆزسیۆنەكانی دەرەوەی‌ ئێرانیشدا داخست.

مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گشتاندنێكی كردووە بۆ دبلۆماتكارەكانی وڵاتەكەی، كە مامەڵە لەگەڵ 6 ڕێكخراوی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا نەكەن، وەك ئەوەی پێگەی ئەلەكترۆنی  بلۆمبیرگ باسی لێوە كردووە.

بەگوێرەی پێگەی ناوبراو، لە برسكەیەكدا پۆمپیۆ داوای كردووە دانوستان لەگەڵ ئەو ڕێكخراوە ئۆپۆزسیۆنانەی ئێراندا نەكرێت، چونكە ئەنجامی نەرێنی دەبێت بۆ سەر سیاسەتی ئیدارەكەی دۆناڵد ترامپ، كە كۆششییەتی بگاتە ڕێككەوتننامەیەكی سەراپاگیر لەگەڵ ڕژێمەكەی ئێراندا، بەو مەبەستی ڕایكێشتێتە ناو بازنەی ئاشتییەوە و سەقامگیریش دەستەبەر بكات.

لەبرسكەكەشدا هاتووە، كە دبلۆماتكارە ئەمریكییەكان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و بە تایبەتیش "موجاهدینی خەڵق"و باڵە سیاسییەكەی (ئەنجوومەنی نیشتمانی بەرەنگاری ئێران)  هیچ جۆرە پەیوەندییەك نەكەن.

پێنج ڕێكخراوە ئۆزسیۆنەكەی دیكەش بریتین لە پارتە كوردی‌و عەرەبییەكانی وەك: حیزبی كۆمەڵەی كوردستانی، پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران، بزووتنەوەی تێكۆشانی عەرەبی بۆ ئازادكردنی ئەهواز‌و بزووتنەوەی نەتەوەیی ئازادكردنی ئازەربایجانب باشوور.

لەبروسكەكەدا ئەوەش هاتووە، كە ئەو 5 ڕێكخراوە ئۆپۆزسیۆنە بەردەوام لەهەوڵی پەیوەندیكردندان لەگەڵ بەرپرسە ئەمریكییەكان، بە مەبەستی بوون و پێگە و هەژموونی خۆیان پەرەپێ بدەن.

ئەو بروسكەیە لە دوای هەفتەیەك دێت لە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی دێت لە لایەن ئەمریكاوە، ئەم هەنگاوە دەرگا دبلۆماسییەكانی بە ڕووی هەردوولادا داخستن.

ئیدارەی ئەمریكا هەوڵی ئەوە دەدات هاوسەنگییەك لە ستراتیژیەتی خۆیدا لەبەرانبەر ئێراندا ڕابگرێت، لە لایەك فشاری توندی لەسەر دروست دەكات و لەلایەكی دیكەشەوە دەرگا دبلۆماسییەكانی بۆ واڵا دەكات، ئەمەش بەئامانجی گەیشتن بە ڕێككەوتننامەیەكی سەراپاگیر، كە ڕەفتارەكانی ئێران بگۆڕێت، بەتایبەتی ئەوانەی مایەی ناسەقامگیری ناوچەكەن.

هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەكەی بلۆمبێرگ ، ئەو گشتاندنە ناڕەزایی و بێزاری هەڵۆكانی ئیدارەكەی ترامپی لێكەوتووەتەوە، كە پێیان وایە دەبێت ئەمریكا پەیوەندییەكان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدا برەو پێ بدات نەك سڕیان بكات.

سەرچاوە: عەرەبییە
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر