شارپرێس: لوقمان غەفوور
جۆستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی كەنەدا لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لەئۆتاوا دووپاتیكردەوە، كە ئومێدەوارە لێكۆڵینەوەیەكی تێرو تەواوی دەستكەوێت لەسەر كەوتنەخوارەوەی فڕۆكە ئۆكرانییەكە لەئێران.
بەو پێیەی لەنێو فرۆكەكەدا 63 ی كەسی كەنەدی تێدایە، لەلایەن سەرۆك وەزیرانی كەنەداوە ماتەم لەوڵاتەكە راگەیەندرا، ترۆدۆ، لەمیانی پرسیارێكدا كە دەنگۆ هەواڵگرییەكان پێیان وایە بەهۆی مووشەكێكی ئێرانەوە ئەو فڕۆكە كەوتووەتە خوارەوە، وتی: "دەشێت بێمەبەست بووبێت و پێویستە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لێكۆڵینەوە لەو بوارە بكەن".
هەروەها باسی لەوەشكرد، كە ئێرانییەكان رایانگەیاندووە، سندوقی رەشی فرۆكەكە لای خۆیان پاراستوویانە.
لەكاتێكدا ئێران ئامادەنەبوو سندووقی رەشی فرۆكەكە تەسلیم بەئەمریكا بكات، بەڵام لەدوای فشارەكانەوە عەلی عەبدوڵڵا زادە بەڕێوەبەری دەستەی فرۆكەوانی بەسی ئێن ئێن-ی راگەیاند، پێویستمان بە هاوكاری دەرەكی هەیە بۆ كردنەوەی كۆدی نهێنی سندوقەكە، چونكە بۆمان ناكرێتەوە و تووشی بەركەوتن بووە.
زادە باسی لەوەشكردووە، تیمێكی پسپۆرانی فرۆكەوانی ئۆكرانیا گەیشتوونەتە ئێران و كۆبوونەوەیان كردووە و سبەی 10ی جێنیوەری هەوڵدەن كۆدی سندوقی رەشی فرۆكەكە بكەنەوە.
وتیشی: خۆ ئەگەر نەكرایەوە بۆمان ئەوا پسپۆری كەنەدی و فەرەنسی بانگدەكەین.
هاوكات ریتشارد كویست، رۆژنامەنووس و پسپۆری فرۆكەوانی لەكەناڵی سی ئێن ئێن وتی: "ئێران دەبێت لەوەبگات كردنەوەی كۆدی نهێنی سندوقی رەشی فرۆكە لەتوانای ئەواندا نییە، پێویستی بە ئەزموون و پسپۆرێتییەكی بەرز هەیە لەبواری تەكنۆلۆژیا، لەكاتێكدا زیان بەر سندوقەكە كەوتبێت".
وتیشی: لەوانەیە پسپۆرانی فەرەنسی و كەنەدی بتوانن كۆدەكان بكەنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا بەرپرسانی هەواڵگری ئەمریكی و عێراقی سەرلەبەیانی 9ی جێنیوەری بابەتی كەوتنەخوارەوەی فرۆكە ئۆكرانییەكەیان لەلایەن موشەكی ئێرانییەوە ورژاند.
هەواڵگری ئەمریكی دەڵێت: هێماكانی راداری ئێرانی-مان بینییوە، كە بەر لە كەوتنە خوارەوەی فرۆكەكە، داخراون.
رۆژی 9ی جێنیوەری گۆڤاری نیوزویك راپۆرتێكی بڵاوكردەوە، كە ئەو فرۆكە ئۆكرانییەی رۆژی 8ی جێنیوەری كەوتەخوارەوە و 178 سەرنشینی تێدا گیانی لەدەستدا بەهۆی لێدان بە موشەكەوە بووە.
بەپێی راپۆرتەكەی نیوزویك فرۆكە ئۆكرانییەكە بەهۆی لێدانی موشەكی زەمینی (TOR-M1) ی دروستكراوی روسی خراوەتە خوارەوە، كە سیستمێكی موشەكی بەرگری كورت مودایە، كە فڕۆكەی بێ فرۆكەوان و كۆپتەر توانی دەقاندنی هەیە و لەسیستمی ناتۆدا بە (Gauntlet) تۆماركراوە.