چەكی سزاكان.. لێدانێكی نوێی ئەمریكا دژی ئێران

مەلەفی تایبەت

11/01/2020‌ 1211 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"حەزیان لە ئاشتییە"، ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (كۆمیرسانت) بڵاوكراوەتەوە، دەربارەی لێدانێكی نوێی ئەمریكا دژی ئێران بە چەكی سزاكان نەوەك سەربازی، و چاوەڕوانی دەستپێكردنی پەیوەندییەكان لە نێوان هەردوولادا.

بەپێی راپۆرتەكە، ئێران پاشەكشەی كرد، ئەمەش لەلایەن سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپەوە ڕاگەیەنرا، واشی بینی هۆكاری نەبوونی زیان لە رۆكێت هاویشتنەكانی ئێراندا بۆ سەر بنكە سەربازیەكانی ئەمریكا لە عێراق سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ ئەمریكا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئێرانییەكان نەیانوێرا كاری سەربازی جدی بۆ تۆڵەكردنەوەی كوشتنی قاسم سلێمانی ئەنجام بدەن، بەم شێوەیە سەرۆك دڵنیایی دایە وڵاتەكەی و جیهان‌و ئەوەشی روون كردەوە نیازی ئەوەی نییە رووبەرووبوونەوەی سەربازی لە ناوچەكەدا بەرەو ئاڵۆزتر بوون بەرێت و سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەسەپێنێ.

لەو بارەیەوە، رسلان بوخوف، بەرێوەبەری ناوەندی شرۆڤەكاری ستراتیژی و تەكنیكی وتی: ئێران توانای رۆكێتی زۆری هەیە، ئەگەر ویستی هەبوایە 200 رۆكێتی دەهاویشت نەك 20، بەڵام ئەمەی نەكرد، چونكە بەرژەوەندی نییە لە هەڵكشانی مەترسیداری ململانێكەدا، دەیەوێت ئەمریكا لەناو سنوروی عێراقدا بمێنێـتەوە نەك لەناوچەكانی تریش بڵاوببنەوە.

هەرچی بەڕێوەبەری زانستی پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی سەر بە ئەكادیمیای زانستە روسییەكانە (فیتالی نعومكین) لەو بارەیەوە وتی: وەڵامی ترامپ پێشبینی كراو بوو، ئەمریكا جەنگێكی گەورەی ناوێت، بۆیە پشت بەرێكاری ئابووری دەبەستێت. 

وتیشی: هەرچۆنێك بێت ترامپ دەیەوێت دەریبخات، كە بەرنامەكەی لە فشار خستنە سەر ئێراندا سەركەوتنی بەدەست هێناوە، ئەو وای وێنا دەكات دۆخی ئێران شكستی هێناوەو ناچار بە پاشەكشە كراوە، سەرەرای ئەوەی هیچ قوربانیەكیش نەكەوتۆتەوە.

هەروەها نعومكین وای دەبینێت ئێران هێزەكەی خۆی بۆ خەڵكی نمایش كرد، پاشان وای نیشاندا ئیتر تۆپەكە لەگۆڕەپانی ئەمریكادایە بۆ ترامپ ئەم ئاڵینگارەی قبوڵ كرد، لەگەڵ ئەوەی قسە دەربارەی دانوستاندنی راستەوخۆ ناكرێت، بەڵام رەنگە پەیوەندی داخراو لە میانی نێوەندگیرەكانەوە دەست پێ بكات.

هەروەها دووپاتیكردەوە، روسیا لە بواری نێوەنگیری كرندا ئەزموونی باشی نییە تا بچێتە نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەڵام تاران متمانەی بە مۆسكۆ هەیە و ئەگەر باس لە متمانەی واشنتۆن بكەین ئەوا قورسە. 

باسی لەوەش كرد، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریكا دەتوانێت هەندێك سوود ببینێ، چونكە روسیا یاریچییەكی زۆر گرنگە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها كەناڵەكانی پەیوەندی تری هەرێمایەتی به تەنها بەس نییە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا