گرژبوونی ماسولكەی دۆڕاوەكان.. دەیانەوێت دەستی ترامپ ببەستنەوە

مەلەفی تایبەت

13/01/2020‌ 1367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (غازیتا رو) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە، دەربارەی هەوڵی ئەندامانی كۆنگرێس بۆ دانانی سنوورێك بۆ دەسەڵاتەكانی سەرۆكی ئەمریكا لە هێرش كردنە سەر ئێران.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا نانسی بیلۆسی دەڵێت: كۆنگرێس دەنگ لەسەر سنوردانان دەدات دژی دەسەڵاتەكانی ترامپ بۆ هێرش كردنە سەر ئێران.. دووپاتیشیكردووەتەوە، مەبەست لەم رێكارە پاراستنی سەلامەتی دانیشتوانی ئەمریكایە.

ئەم ڕاگەیاندنەی بیلۆسی هاوكات بوو لەگەڵ رەفتارەكانی ترامپ لە بەرانبەر دۆخی ئێران، لەگەڵ ئەوەی گوتارەكەی ترامپ هەڵكشانی سەربازی لەخۆ نەگرتبوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی نەداوەتەوە دیموكراتەكان.

لەو بارەیەوە، مامۆستای كۆلیژی ماف لەقوتابخانەی باڵای ئابووری (ئەلیكسەندەر دۆمرین) دەڵێت: ئەگەرێكی گەورەیە كۆنگرێس لەسەر بڕیارەكە رەزامەند بێت بەوەی دیموكراتەكان زۆرینەن تێیدا، لەگەڵ ئەوەشدا چارەنووسی بەڵگەنامەكە لە ئەنجوومەنی پیراندا، كە زۆرینەیان كۆمارین نادیارە، بۆیە خستنە رووی بڕیارەكە تەنیا ئامرازێكە و لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژی ترامپ بە كاردەهێنرێت.

ناوبراو ئەوەشی وتووە: ئەنجوومەنی پیران پشتیوانی بڕیارەكە ناكات، لەسەر ئاستی یاساییش بە هیچ شێوەیەك پشتی پێنابەسترێت، چونكە پێویستی بە واژووی خودی سەرۆكە بۆ ئەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە. 

بەدەر لەوەشی ترامپ كارەكانی چییە، بەڵام رووبەروی پەرچەكرداری توند دەبێتەوە لەلایەن ئەندامانی كۆنگرێسەوە تا نۆڤەمبەری ئەمساڵ، ئەمە تەنیا گرژبوونی ماسولكەی دۆڕاوەكانە.

لەهەمان كاتدا، دۆرمین باسی لەوە دەكات قسەكردنەكان لە ئێستادا دەربارەی ڕاگەیاندنی جەنگ نییە دژی ئێران، لەبەر ئەوە ویستی دیموكراتەكان هیچ بنەمایەكی نییە و لەم بارەیەوە دەڵێت: ترامپ تەنیا فیشەكێكی تەقاند و سلێمانی كوشت، ئەمریكا دەستی وەشاندو ئێران وەڵامی دایەوە، ئێستا كێشەكە چارەسەركراوە، بەڵام بۆ سەركەوتن بەسەر ترامپدا پێویستە بڕیارەكە بڕوێنرێت، ئەگەر سەرۆك ترامپ ژەنراڵە ئێرانییەكەی نەكوشتایە، تۆمەتباریان نەدەكرد بەوەی پیاوێكی جدی نییە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا