بەسێ هۆزات، ژنە پۆڵاینەکەی کورد؛ ئەو ژنەی 32 ساڵە دایکی چاوەڕێیەتی

ڕاپۆرت

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 12601 جار خوێندراوه‌ته‌وه


بەسێ هۆزات، ناوێکی ئاشنایە بۆ گەریلاکانی پەکەکە و کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کاتێک یەکەم کەس چەکەکەی سوتاند، هەموان ئەو هەنگاوە بوێر و گەورەیەیان بینی، بەڵام بەسێ هۆزات زیاتر لە فەرماندەیەك و زیاتر لە ژنێکە...

ناوی ڕاستەقینەی هولیا ئۆرانە و لە ساڵی 1978 لە ناوچەی هۆزاتی سەر بە شاری دەرسیم لە دایک بووە. خێزانی بەسێ هۆزات قوربانیی جینۆسایدی دێرسیمن لە ساڵی 1938، باپیرە گەورەی و چەندین ئەندامی دیکەی خێزانەکەی بوونەتە قوربانی. لە ساڵی 1994 پەیوەندی بە ڕیزەکان پەکەکەوە دەکات و ناسناوی بەسێ هۆزات وەردەگرێت، کە هەمان ناوی خێزانی سەید ڕەزای ڕابەری شۆڕشی دەرسیمە. 

لە ساڵی 2013 دێتە جێگەی مـوراد قەرەیلان و لەگەڵ جەمیل بایک دەبێتە هاوسەرۆکی (کـەجـەکـە). ئەمڕۆ ڕۆژی هەینی 7/11/2025 وەک بەشێک لە پڕۆسەی ئاشتی، لە ئەشکەوتی جاسەنە رێبەرێتیی سووتاندنی چەکی گەریلاکانی کرد.

ساڵی 2013 کاتێک بەسێ هۆزات بووە هاوسەرۆکی کەجەکە، دایكی داوای لێدەكات ئاشتی بێنێتە ئاراوە، هیوای ئەوەش دەخوازێت بەر لەوەی بمرێ هۆزات ببینێ چونکە لەو کاتەدا وتی، 20 ساڵە کچەکەمم نەدیوە، لەوکاتەشەوە تا ئێستا بووە بە 32 ساڵ کە بەسێ هۆزاتی نەدیوە.

گەیك ئۆران دایکی بەسێ هۆزات لەو کاتەدا بە دڵخۆشییەوە وتی، ئەگەر ئاشتی بێت و دیسانەوە بە كچەكەم شاد ببمەوە، 7 قوربانیی سەر دەبڕم.. ئەمڕۆ ئاماژەکانی ئاشتی دەرکەوتن، بەڵام دیار نیە دایکی بەسێ هۆزات بە ئاواتەکەی دەگات یان نا.

بەرلەوەی خەونی کورد بهێنێتە دی، بەسێ هۆزات خەونی دایکی هێنایە دی، دیسان ئەوەش دیار نیە ئاخۆ تورکیا خەونی دایکی بەسێ و ملیۆنان دایکی دیکە لەبار دەبات یان نا.