شارپرێس:
رۆژنامەی "نیزاڤیسیمایا گازێتا"ی روسی لەراپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە کە جیاواز لە پێشبینییەکان، بۆردومانکردنی یەکتر لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا نەبووە هۆی کۆتاییهێنان بە ڕوبەڕوبونەوەکانیان و سەقامگیرکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەختیشی لەوەکردۆتەوە کە ئیستا وڵاتانی کەنداو زیاتر ئیسرائیل بەسەرچاوەی مەترسیی دەبینن.
لەراپۆرتەکەدا هاتووە: سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران هێشتا ڕازی نەبووە دەستبەرداری پرۆگرامی پیتاندنی یۆرانیۆم ببێت، کە هۆکاری سەرەکیی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل بوو کە لە 13ی حوزەیران دەستی پێکرد و ململانێی نێوان هەردوو وڵاتی توندتر کردەوە.
دەشڵێت: لەلایەکی دیکەوە، ململانێ لە کەرتی غەززە ماوەی 21 مانگە بەردەوامە، کە بووەتە هۆی گۆڕینی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەکەدا، سەرەڕای ڕەزامەندیی سەرەتایی ئیسرائیل لەسەر ئاگربەست بە نێوەندگیریی ئەمریکا، وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە هێشتا لەژێر گفتوگۆدان. لە هەمان کاتدا، گرووپی ئەنساروڵڵا لە یەمەن بەردەوامە لە هەڕەشەکانی بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، وەک دەربڕینی هاوپشتییان لەگەڵ حەماس.
ئەوەش هاتووە: "ئەو هیوایانەی کە "شەڕی دوازدە ڕۆژە" ببێتە هۆی هێوربونەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرنجی جیهان دووبارە بچێتەوە سەر ململانێی ئۆکرانیا، هیواگەلێکی پێشوەختە بوون. کێشە بنەڕەتییەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکراون، چونکە ئیسرائیل سوورە لەسەر بەکارهێنانی هێز دژی نەیارەکانی، کە ئەوانیش هیچ نیازێکیان بۆ گۆڕینی هەڵوێستەکانیان نیشان نادەن".
لەکۆتایی راپۆرتەکەی رۆژنامە روسییەکەدا هاتووە: لە ئەنجامدا، و بەپێی میدیا رۆژئاواییەکان، هەندێک لە وڵاتانی کەنداو دەستیان کردووە بە هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە ئێستا زیاتر وەک سەرچاوەی مەترسیی و ناسەقامگیریی دەیبینن نەک ئێران، ئەمەش ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ململانێ لە سایەی نەبوونی متمانەی دوولایەنەدا زیاتر دەکات.
ئا: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
