هەندرێن شێخ ڕاغب
دوای ئەوەی لە 7ی ئۆكتۆبەری 2023، حەماس پەلاماری ئیسرائیلی داو شەڕێكی سەختی دروستكردو تاوەكو ئێستاش بەردەوامە. نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتی:"چۆن تەقینەوەكانی 11ی سێپتێمبەری ئەمریكا جیهانی گۆڕی، ئەوا 7ی ئۆكتۆبەریش ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گۆڕی"، وتیشى:"ئێمە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین"، لەنەتەوەیەكگرتوەكانیش نەخشەكەی بڵاوكردەوە.
خۆشتان دەزانن ئیسرائیل قسەیەك بكات جێبەجێی دەكات، ئەم پڕۆژەیەی ئیسرائیل واتە هەڵوەشانەوەی ڕێككەوتننامەی سایكس بیكۆو پەیماننامەی لۆزان، ئەگەر ئەم دوانەش نەمێنن سەدی دەر سەد لەبەرژەوەندیی كوردە.
ئەم پرۆسەی ئاشتیو ئەم هەموو گەمارۆو ئەم هەموو دژایەتیەی ئێستای كورد بەناوی ئاشتیو بەناوی شەڕ، هەمووی بۆ تێكشكاندنی ئەم رەشەبایەی ئیسرائیلە، هەموو دەوڵەتان شەوو ڕۆژ وشەی (یەكپارچە)ی دەوڵەتەكەیان هەزار بارە دەكەنەوە.
بۆیە كورد دەبێت بزانێت لەهەر چوارپارچە لەبەردەم مەترسی گەورەدایە، چونكە نایانەوێت لەگۆڕانكاریەكان سودمەند بێت، خودی پرۆسەی ئاشتی توركیاش شەقی ئەم پڕۆژەیەی ئیسرائیلە، لەوە دەترسم دوای ئەوەی شكستیان بەم هەوڵەی ئیسرائیل هێنا، ئیدی ئەوەی بەكوردیش قسە بكات زمانی ببڕن، چونكە داگیركەرانی كوردستان هەرگیز خاوەنی بەڵێنو قسەی خۆیان نەبونەو هەردەم لەدەرفەتێك گەڕاون كورد سەركوت بكەن.
ئەزمونی فەشەلی حوكمڕانی كوردیش لەعێراق هێندەی تر وێنەی ناسیۆنالیستیو مافی ڕەوای كوردبونی ئێمەی سەخت كردوە، بەتایبەت لەلای خودی كورد خۆی كە ساردبوهتەوە لەوەی باوەڕی بەخۆی بێت كیانو ئەزمونی خۆی درێژە پێبدات، واتە شكستی حوكمڕانی كوردی لەپارچەكەی عێراق كە 40 ساڵە لەدێگەڵە خەریكی بازگەدانانن لەدژی كورد خۆی؟؟، هاوكاریی گەورەی پیلانی داگیركەرانە بۆ لەباربردنی خەباتی ڕەوای كورد!!.
بۆیە كورد بۆ هەڵوەشانەوەی نەخشەی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك ئیسرائیل، بەڵكو لەگەڵ شەیتانیش دەبێت تەوقە بكات، بەداخەوە ئینگلیزو فەرەنسا دژی هەڵوەشاندنەوەی سایكس بیكۆو لۆزانن، چونكە خۆیان دروستیانكردوە، بەڵام خۆشبەختانە ئیسرائیل هێزێكە حساب بۆ كەس ناكات، بۆیە تكایە كوردی خاوەن مافو تێكۆشان مەكەوە ژێر كاریگەریی هیچ بیروباوەڕو هەستو سۆزێكو چی لەبەرژەوەندیی كوردستانە هاوكاری بن ئەگەر شەیتانیش بێت، چونكە داگیركەران خۆیان ئاوان، بۆ بەڵگە ئێستاش توركیا لەگەڵ ئیسرائیل خەریكی مامەڵەو بارزگانینو تەنها بەدرۆ فرمێسك بۆ غەززە دەڕێژن.
ڕەشەباكە هەڵیكردوە با كورد بزانێت گۆڕانكاریەكان بەرچاون، مستەر باراك نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری سوریا زۆر ڕون پشتڕاستیكردەوە، چونكە باڵیۆزی ئەمریكایە لەتوركیاو چەلاوخۆری توركەكانەو نۆكەری ئەجێندای توركیایە لەئیدارەی ترەمپ، زۆر ڕاشكاوانە كەوتە دژی ئەم گۆڕانكاریانەو وتی:"دەوڵەتی كوردستان دروستناكرێت"، كورد لەسوریا دەبێت بچێتە ژێر دەستی ئەحمهد شەرعی كۆنە داعش، واتە ئاماژەكان هاواردەكەن، بۆیە كورد دەبێت ئاستی داواكارییو مافەكانی زۆر بەرزبكاتەوەو سەنگەری سیاسیو لۆبیو دبلۆماسیو ناوخۆیی زۆر پتەو بكاتو هەموو ئامادەسازیەك بكات.
