سزای لەسێدارەدان بۆ سەدان بازرگانانی مادەی هۆشبەر دەرده‌چێت

عیراق

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4693 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، 245 سزای لەسێدارەدان بۆ بازرگانە نێودەوڵەتییەکانی مادە هۆشبەرەکان دەرچوە، ده‌شڵێت:"ئەم سزایانە لەمێژوی عێراقدا بێوێنه‌یه‌".


حسێن تەمیمی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشكرایكردوه‌، "لەماوەی ساڵانی 2023و 2024و 2025دا، دەستبەسەر 12 تۆن‌و 700 کیلۆگرام لەجۆرەها مادەی هۆشبەردا گیراوە."

وتوشیه‌تى، "دادگا تایبەتمەندەکان لەئەنجومەنی دادوەریی، لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان‌و کارتێکەرە عەقڵییەکان، سزای لەسێدارەدانیان بۆ 245 بازرگانی نێودەوڵەتیی مادە هۆشبەرەکان دەرکردوە، به‌گوێره‌ى حوکمەکانی مادەی 27ی یاسای مادە هۆشبەرەکان، هەروەها سزای زیندانی هەتاهەتاییان بۆ 955 بازرگانی ناوخۆیی دەرکردوە."

تەمیمی ئاشكرایكردوه‌، "ئەگەر ئەم ژمارەو ئامارانە تەنها لەماوەی سێ ساڵدا (2023، 2024و 2025) کۆبکرێنەوە، ئێمە ئێستا لەناوەڕاستی ساڵی 2025داین، واتە دوای دوو ساڵ‌و نیو، ئەوا هەموو ئەو دەستکەوتانە تێدەپەڕێنێت کە لەدۆسیەی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکاندا لەساڵی 2003وە تا پێکهێنانی حکومەتی ئێستا بەدەستهاتون."

ئاماژەی بەوەشکردوه‌، "بەڕێوەبەرایەتییەکە توانیویەتی تۆڕەکان لەسەر ئاستی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی هەڵبوەشێنێتەوە کە مەترسییەکی گەورەیان بۆسەر کۆمەڵگه‌ی عێراقی دروستکردبوو، ئەمەش لەڕێگەی ئۆپەراسیۆنی تایبەت‌و هەواڵگریی‌و چاودێریکردنی شێوازی نوێ‌و پێشکەوتوەوە".

بەپەلە