شارپرێس ـ بەختیار ئەحمەد ساڵح:
پوختە
پرۆسەی ئاشتیی ئێستای نێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە، تاڕادەیەکی زۆر داواکاری تورکیایە بۆ چەکداماڵینی بێ مەرجى پەکەکە. سەرەڕای بانگەوازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و ئاگربەستی تاکلایەنە و دواتر بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە، پڕۆسەکە ڕێککەوتنی فەرمی و گەرەنتی یاسایی بۆ مافەکانی کورد، یان نێوەندگیری لایەنی سێیەمی تێدا نییە.
ڕەوتى ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر دەستپێشخەرییەکی تورکیایە کە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی کۆنترۆڵکراوی پەکەکەیە، کە ڕەنگدانەوەی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی کەمالیستی ڕەگداکوتاوی تورکیایە. ئەم بەستێنە ئایدیۆلۆژییە ڕێگری دەکات لەوەى کە پەکەکە وەک کارەکتەرێکی سیاسی شەرعی بناسێت یان ئیمتیازاتی سیاسی و کولتووری ڕاستەقینە پێشکەش بە کورد بکات. ئەم پڕۆسە ئاشتییەى نێوان تورکیا-پەکەکە زیاتر وەک ململانێیەکی گیرخواردوو دەمێنێتەوە. ئەم پێکەوە ژیانە لەرزۆکە کە بە فشاری سەربازی بەردەوام و نەبوونی متمانە ناسراوە، ئاماژەیە بۆ داهاتوویەکی نادیار کە لە غیابی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەوتى تورکیا بۆ دەستەبەرکردنى مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد، ئەگەر زۆرە لە نێوان کەمکردنەوەی سنووردارى بارگرژى و سەرهەڵدانەوەى توندوتیژیی لە جوڵەدابێت.
1. پێشەکی: ململانێی بەردەوام و وەهمی ئاشتی
ململانێی نێوان دەوڵەتى تورکیا و نەتەوەى کورد ململانێیەکی درێژخایەنە و زیاتر لە سەدەیەکە بەردەوامە. قۆناغی هاوچەرخی ململانێکان لە ساڵی ١٩٢٢ دەستی پێکرد و هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی جوڵانەوەى نەتەوەیی کورد و پێکهێنانی دەوڵەتی مۆدێرنی تورک. دەوڵەتی تورکی تازە دامەزراو بە ناسیۆنالیزمی کەمالیستییەوە یەک شوناسی نەتەوەیی سەپاند و جیاوازییە کولتووری و نەتەوەییەکانی لە کایەی تایبەتدا قەتیس کرد. حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا ناسنامەی کوردیان سەرکوت کردووە، لەوانە قەدەغەکردنی زمانی کوردی و لابردنی زاراوەی وەک کورد و کوردستان لە گوتاری فەرمی، ئەمەش بووەتە هۆی زنجیرەیەک شۆڕش و ئەم ململانێیە بەردەوام بوو تا دەستپێکردنى شۆڕشی چەکدارى پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٤.
لەم ساڵانەی دواییدا بە تایبەتی لە ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا جارێکی دیکە پرسی ئاشتی نێوان حکومەتی تورکیا و پەکەکە وروژێنرایەوە. ئەنقەرە لە ساڵی ٢٠٢٤ پرۆسەیەکی نوێی سیاسی دەستپێکرد و بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە شوباتی ٢٠٢٥ بۆ چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتە گەیشتە لوتکە. بەڵام سروشتی ئەم پرۆسەیە لە ژێر پرسیاردایە. ئەم نوسینە ئەم ڕووداوانە وەک نمایشێکی دراماتیکی چەکداماڵین شیدەکاتەوە و وەک هەوڵێکی تاکلایەنە دەیبێنێت بۆ داماڵینی چەک بەبێ پێدانى هیچ جۆرە ئیمتیازاتێکی ڕاستەقینە یان گەرەنتی دابینکردنى مافەکانی کورد.
پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە لە ساڵی 2024-2025 لە بنەڕەتدا داوایەکی دەوڵەت بوو بۆ خۆبەدەستەوەدانى بێ مەرج، نەک دانوستانێکى هاوشان. ئەم ڕەوتەش ڕەگێکی قووڵی لە ئایدۆلۆژیای کەمالیستی ناسیۆنالیستی تورکیا داکوتاوە، کە ڕێگری لە دانپێدانانی ڕاستەقینە و ئاشتەوایی سیاسی دەکات و ئەو توخمە جەوهەریانەی تێدا نییە کە لە ڕێککەوتنە سەرکەوتووەکانی ئاشتی نێودەوڵەتیدا چاودێری دەکرێن.
لایەنێکی گرنگی تێگەیشتن لەم پرۆسەیە، سروشتی نمایشییەکەیەتی، کە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ پێدانى شەرعیەتی ناوخۆیی و دەرەکی کاردەکات. تورکیا دانپێدانانی فەرمی بە پرسی کورد یان پێدانى گەرەنتی ڕەت دەکاتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە تورکیا دەیەوێت پەیامێک ئاڕاستەى ناوخۆى تورکیا و چاودێرانى نێودەوڵەتى بکات نەوەک پەکەکە وەک هاوبەشێکی دانوستانکار بناسێنێت. بۆ ڕای گشتی تورکیا، ئەمە دەسەڵاتی دەوڵەت نیشان دەدات و جەخت لەسەر هەڵەی پەکەکە دەکاتەوە. لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ئەمە وێنەی تورکیا وەک وڵاتێک بەهێزتر نمایش دەکات کە چالاکانە بۆ ئاشتی کاردەکات، بە ئەگەرێکی زۆر ئم هەنگاوە فشارەکان لەسەر تۆماری پێشێلکردنەکانى مافەکانی مرۆڤ یان پێشێلکارییەکانى لە عێراق و سوریا کەمدەکاتەوە. ئەم ڕەوتە کە لە باشوریش پشتیوانى زۆرى لێدەکرێت، ڕێگە بە تورکیا دەدات کە ئامانجەکانی، کە خۆى لە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە دەبینێتەوە بە بێ پێدانى هیچ جۆرە ئیمتیازات، هەڵوێستی توندڕەوی خۆی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا وەک لایەنێک کە دەستپێشخەرى پرۆسەى ئاسایش دەکات، دەربکەوێت.
لەپڕۆسەکەدا پێگە و کاریگەری ئۆجالان وەک سەرمایەیەکی ستراتیژی بەکاردەهێنرێت نەک هاوبەشێک لە دانوستاندا. ئۆجالان، سەرەڕای ٢٥ ساڵ زیندانیکردن، کاریگەرییەکی بەرچاوی لە بزووتنەوەی کوردیدا هەیە. بانگەوازەکەی بۆ داماڵینی چەک بەیاننامەیەکی گەورە بوو کە پەکەکە ڕایگەیاند کە گوێڕایەڵی دەبێت، بەڵام هەڵوێستی تورکیا چەکداماڵینی بێ مەرجە و خۆی لە دانپێدانان بە لایەنی بەرامبەر بەدوور دەگرێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تورکیا دانوستان لەگەڵ ئۆجەلان یان پەکەکە وەک لایەنێکى هاوشان و یەکسان ناکات، بەڵکو دەسەڵاتی ئۆجەلان بەکاردەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجی هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە، بەبێ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچ شەرعیەتێکی سیاسی بە خۆی یان پارتەکە بدرێت. ئەمە جیاوازییەکی وردە بەڵام چارەنووسسازە؛ بەو مانایەیە کە تورکیا ئۆجالان وەک ئامرازێک بۆ بەڕێوەبردنی ناوخۆی پەکەکە دەبینێت نەک پردێک بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسی. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ناهاوسەنگی هێز: تورکیا لە ڕێگەی ئۆجەلانەوە مەرجەکانى دەسەپێنێت، نەک بەشداری گفتوگۆیەکی دوولایەنە بکات.
2. پرۆسەی ئاشتی 2024-2025، پڕۆسەیەکى تاکلایەنە
پرۆسەی ئاشتی ئێستای نێوان تورکیا و پەکەکە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ ەوە دەستپێکرد، بە پێشهاتە سەرەکییەکانی هەڵوێستی عەبدوڵڵا ئۆجالان و وەڵامدانەوەی پەکەکە، شانبەشانی هەڵوێستی بەردەوامی تورکیا سەبارەت بە چەکداماڵینی بێ مەرج، تایبەتمەندە.
أ. داواکارییەکانی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا ئۆجالان بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە
ڕۆژی 27ی شوباتی 2025 عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالیەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و داوای چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەى کرد. پەیامەکەی کە لە ڕێگەی نوێنەرانی پارتی یەکسانى و دیموکراتی گەلان (DEM)ەوە گەیەندرا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە خەباتی چەکداری بەسەرچووە و داوای گواستنەوە بەرەو خەباتى سیاسی کرد. ئەمە یەکەم بانگەوازی ئۆجالان نەبوو بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، لێدوانەکانی پێشووی لەسەر دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بوو، لە کاتێکدا ئەم لێدوانە بە ئاشکرا داوای هەڵوەشاندنەوەی دەکرد. بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە ژێر کاریگەری پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەدا بوو، لەوانە گۆڕانی چاوەڕواننەکراوی تۆنى دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) و هاوپەیمانێکی سەرەکی ئەردۆغان، باخچەلی لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤، داوای لە ئۆجەلان کرد لە پەرلەمان وتارێک بدات و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت و دواتر ئەردۆغانیش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە نیشاندا.
ب. ئاگربەستی یەکلایەنە و بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە
پەکەکە لە ١ی ئازاری ٢٠٢٥ ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند و بانگەشەی ئەوەی کرد کە پابەندی فەرمانەکەی ئۆجەلان دەبێت و کار بۆ جێبەجێکردنی دەکات. پەکەکە لە کۆنگرەی دوازدەهەمی خۆیدا (٥-٧ی ئایاری ٢٠٢٥) چوار بڕیاری ڕاگەیاند: کۆتایی هاتنی ململانێی سیاسی و سەربازی لەدژی تورکیا، گواستنەوە بۆ خەباتێکی سیاسی و یاسایی، ڕاگرتنی هەموو چالاکییەکانی پەکەکە بە هەڵوەشاندنەوەی، ڕاگرتنی هەموو چالاکییە سەربازی و سیاسییەکان. پەکەکە ڕایگەیاند کە کۆنگرەی ١٢ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا، لەگەڵ پرۆسەی جێبەجێکردن کە لەلایەن ڕێبەری پەکەکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بەڕێوەببرێت و ئاراستەی بکرێت.
ج. هەڵوێستی فەرمی تورکیا: چەکداماڵینی بێ مەرج وەک پێشمەرجێک نەک خاڵی دانوستان
دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستی چەکداماڵینی بێ مەرجی وەک پێشمەرجێک بۆ هەر باسێک لە مافەکانی کورد داناوە. ئەردۆغان بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە دەبێت پەکەکە بێ مەرج چەک دانێت و هۆشداریشی داوە کە ئەگەر ئەم پرۆسەیە بوەستێنرێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی پەکەکە دەست پێدەکاتەوە. ئەنقەرە پەکەکە بە گرووپێکی تیرۆریستی ناودەبات و بەبێ ئەوەی خەریکی پرۆسەی ئاشتەوایی ڕاستەقینە بێت، بەدوای تەسفیەکردنی کۆنترۆڵکراوی خۆیدا دەگەڕێت. تورکیا خۆی لە هەلومەرجە ئاساییەکانی پرۆسەی ئاشتی دەپارێزێت، وەک داننان بە لایەنی بەرامبەر، واژۆکردنی ڕێکەوتننامە، یان بەشداری پێکردنی لایەنى سێهەم یا هەر لایەنێکى گەرەنتیکار.
پێداگری تورکیا لەسەر چەکداماڵینی بێ مەرج تەنیا داواکارییەکی ڕێکارى نییە؛ جەختکردنەوەیەکی بنەڕەتییە لەسەر سەروەری دەوڵەت و ڕەتکردنەوەی شەرعیەتدان بە پەکەکە وەک ئەکتەرێکی سیاسی. ئەم ڕەوتە لە سیاسەتى تورکیا هەوڵدەدات دەرئەنجامەکە وەک سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا پێناسە بکات نەک رێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ قەوارەیەکی سیاسی، بەمەش پێی وایە ڕێگری دەکات لە دانانی هیچ پێشینەیەک بۆ گروپە چەکدارەکانی دیکە کە لە ڕێگەی ململانێیەوە بەدوای شەرعیەتی سیاسیدا دەگەڕێن.
د. شیکاری نمایشی داماڵینی چەک لە سلێمانی و پانتایی سنوورەکەی
لەناوبردنی سیمبولیکی هەندێک چەکی سووک لەلایەن ٢٠ بۆ ٣٠ گەریلاى پەکەکەوە لە نێوان ١٠ بۆ ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٥ لە سلێمانی هەروەک پلانی بۆ دانراوە، ئامانجی دڵنیاکردنەوەی تورکەکانە و لە ژێر چاودێری دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت. بۆ زیاتر داماڵینی چەک، پەکەکە پێداگری دەکات لەسەر هەڵگرتنی گۆشەگیریی ئۆجالان و گرتنەبەری هەنگاوی یاسایی و سیاسی بۆ تێکەڵکردنەوەی چەکدارانی پێشوو لە پڕسەى سیاسیدا.
سروشتی سنوورداری ئەم چەکداماڵینە ڕەمزییە خزمەت بە چەندین مەبەست دەکات. بۆ پەکەکە، ئەوە نیشاندانی نیازپاکی و پابەندبوونە بە فەرمانەکانی ئۆجەلان، کە ئەگەری هەیە ئامانجی دروستکردنی متمانە یان فشارخستنە سەر تورکیا بێت بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی هاوشێوە. بۆ تورکیا ئەمە تاقیکردنەوەیە بۆ ئاستى کۆنترۆڵی ڕاستەقینەی ئۆجەلان بەسەر پەکەکەوە، بەتایبەتی لە عێراق و سوریا. ئەگەر پەکەکە لە ئەنجامدانى ئەم پڕۆسەیەدا دوچار بە گرفت ببێت، لەناوخۆیدا دوچار بە دابەشبوون دەبێت و زیاتر پێگەی دانوستانکاری پەکەکە لاواز دەکات و ئەو گێڕانەوەیەی تورکیا بەهێزتر دەکات کەدەڵێت ئەو گروپە یەک قەوارەی متمانەپێکراو نییە بۆ دانوستانەکانی ئاشتی. هەروەها ڕێگە بە تورکیا دەدات بزانێت ئایا کاریگەریی ئۆجەلان بەسە بۆ ناچارکردنی چەکداماڵینێکی فراوانتر و جەوهەریتر بەبێ ئەوەی تورکیا بەڵێنی سەرەتایی بدات.
ه. نەبوونی ڕێککەوتنی فەرمی، گەرەنتی یاسایی، یان بەشداریکردنی لایەنی سێیەم
لە ئێستادا، هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ ئاشتی و هیچ گەرەنتییەکی یاسایی یان دەستووری تایبەت بوونى نییە. بە پێچەوانەی پرۆسەکانی تری ئاشتی، هیچ بەڵگەنامەیەکی واژۆکراو، هیچ دامەزراوەیەکی لایەنی سێیەم وەک نەتەوە یەکگرتووەکان یان یەکێتی ئەوروپا وەک گەرەنتیکار و هیچ پلانێکی کۆنکرێتی بۆ داماڵینی چەک بوونى نییە. حکومەتی تورکیا هیچ گەرەنتییەکی فەرمی لە بەرامبەردا بۆ نیازی ڕاگەیەندراوی پەکەکە بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوە دابین نەکردووە. داواکارییەکانی کورد بۆ چاکسازیی دیموکراسی و مافە کولتوورییەکان و ئازادیی ئۆجالان جێبەجێ نەکراون و مەبەستی حکومەت تا ئێستاش ناڕوونە.
کات و سروشتی ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاماژەیە بۆ حیساباتێکی سیاسی ناوخۆیی بەهێز لەلایەن حکومەتی ئەردۆغانەوە. گۆڕانی چاوەڕواننەکراوی مەهەپە لە هەڵوێستدا ئاماژەیە بۆ ستراتیژی بەکارهێنانی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ داماڵینی چەک، بۆ دەستکەوتى سیاسی. ئەردۆغان بە خۆنمایشکردن بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، هەوڵی بەدەستهێنانی دەنگى دەنگدەرانی کورد دەدات و لە هەمان کاتدا بنکە ناسیۆنالیستییەکەی ڕازیدەکات بە چوارچێوەدان بە سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوێکی "تیرۆریستی"دا. ئەم ستراتیژە دوولایەنە بە ئامانجی چەسپاندنی دەسەڵات و دەستەبەرکردنی سەرکەوتنە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە پرۆسەکە کەمتر پەیوەندی بە چارەسەرکردنی ناکۆکیەکانەوە هەیە و زیاتر پەیوەندی بە مانەوە و فراوانبوونی سیاسییەوە هەیە.
3. کۆنتێکستی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی: ناسیۆنالیزمی تورکی
ڕەوتى تورکیا بۆ پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی بەردەوام ڕەگێکی قووڵی لە بنەما دامەزرێنەرەکانی کۆماری تورکیا و ترسە مێژووییەکانیدا هەیە.
أ. بنەماکانی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا: تاک ناسنامە، یەکپارچەیی خاک و سەرکوتکردنی جیاوازییە نەتەوەییەکان
دەوڵەتی مۆدێرنی تورک کە لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای ناسیۆنالیزمی کەمالیستی دامەزراوە، لە ڕێگەی یەک شوناسی سیاسییەوە جەخت لەسەر یەکگرتوویی و سەقامگیری دەکاتەوە و جیاوازییە کولتووری و نەتەوەییەکان ڕەتدەکاتەوە. بنەما دامەزرێنەرەکانی بریتین لە یەکێتی زمانەوانی، یەکپارچەیی خاکی و ناسنامەی تورکی؛ ناسنامەیەک کە دڵسۆزی ڕەها بۆ دەوڵەت، عەلمانییەتی توندڕەو و دوژمنایەتی لەگەڵ فرە کولتوری تێکەڵ دەکات. حکومەتی تورکیا هەر دانوستانێک لەسەر پرسە ناوخۆییەکان بە تایبەت لەگەڵ بزووتنەوەی کورد بە خیانەت لە میراتی ئەتاتورک و هەڕەشە بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی دەزانێت. ئەم ئایدۆلۆژیایە ڕەگ و ڕیشەی لە پەرلەمان، دەستوور، عەقیدەی سەربازی، پەروەردە و دادوەریی تورکیادا هەیە.
ب. فۆبیای سیڤەر وەک ترسێکی بەربڵاو لە پیلانی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ هەڵوەشاندنەوەی تورکیا:
فۆبیاى سیڤەر ئاماژەیە بۆ باوەڕێکی بەربڵاو لە تورکیا کە پێی وایە دوژمنەکانی ناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەتی ڕۆژئاوا، پیلانگێڕی بۆ لاوازکردن و هەڵوەشاندنەوەی کۆماری تورکیا دەکەن. ئەم دەستەواژەیە لە پەیماننامەی سیڤەر (١٩٢٠)ەوە سەرچاوەی گرتووە، کە پێشنیاری دابەشکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستکردنی ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵی کردووە. هەرچەندە پەیماننامەکە هەرگیز جێبەجێ نەکرا، بەڵام عەقڵیەتی گەمارۆدان و پارانۆیای ناسیۆنالیستی بەهێز کردووە. ئەم فۆبیایە وەک دیاریکەرێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی تورکیا دەمێنێتەوە، کە دەبێتە هۆی گومانی بەردەوام لە ڕۆژئاوا و توندڕەوبوونی هەڵوێستی تورکەکان دژی ڕکابەرە ناوخۆییەکان، لەوانەش ئیسلامی سیاسی یان کەمینە نەتەوەییەکان کە وەک هاوکار لەگەڵ هێزە بیانییەکان وێنا دەکرێن. دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە پێشتر ڕێککەوتنی لەگەڵ کوردى بەراورد کردبوو بە پەیمانی سیڤەر و بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە دەبێتە هۆی ڕووخانی کۆماری تورکیا.
فۆبیاى سیڤەر چوارچێوەیەکی ئایدیۆلۆژیی بەهێز و ڕەگداکوتاوی دەوڵەتی تورکیا بۆ پاساودانی هەڵوێستی توندڕەوی بەرامبەر بە خواستە سیاسییەکانی کورد دەڕەخسێنێت. بە چوارچێوەدان بە هەر داواکارییەک بۆ مافە ڕۆشنبیری یان سیاسییەکان وەک بەشێک لە پیلانێکی دەرەکی بۆ دابەشکردنی میللەت، ئەکتەرە سیاسییە کوردەکان بێشەرعیەت دەکات و ڕێگە بە حکومەت دەدات خۆی لە دانوستانی ڕاستەقینە بەدوور بگرێت. ئەم گێڕانەوەیە بە شێوەیەکی کاریگەر پشتیوانی گشتی بۆ ڕێوشوێنی سەرکوتگەرانە کۆدەکاتەوە، چونکە هاوڵاتیان دەگەنە ئەو باوەڕەی کە بەرگری لە بوونی میللەت دەکەن لە بەرامبەر هەڕەشە وجودییەکان و پرسێکی سیاسی ناوخۆیی دەگۆڕێت بۆ ئیمتیازێکی ئاسایشی نیشتمانی و سازشکردن وەک خیانەت دەردەخات.
ج. ئەم ئایدۆلۆژیایە چۆن کاریگەری لەسەر ڕەتکردنەوەی ئەنقەرە هەیە بۆ دانپێدانانی پەکەکە وەک ئەکتەرێکی سیاسی؟
تورکیا پێی وایە هەر دانوستانێکی ناوخۆیی بەتایبەت لەگەڵ جوڵانەوەى کورد بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکپارچەیی خۆی دەبینێت. دەسەڵات پێی وایە کە جوڵانەوەیەکى چەکداری ناتوانێت ببێتە هێزێکی سیاسی شەرعی، چونکە ڕێگە بۆ ئەوانی دیکە دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی سیاسی لە ڕێگەی خەباتی چەکدارییەوە، ئەم ئایدۆلۆژیایە کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵە، وا دەکات تورکیا باوەڕی بەوە هەبێت کە سازشکردن لەگەڵ کوردەکان زیانێکە قەرەبوو ناکرێتەوە، لە ترسی ئەوەی کە پێدانی مافی کولتووری یان سیاسی بە کوردەکان هانی نەتەوەکانی دیکەی وەک عەلەوی، ئەرمەنی، لاز و چەرکەسەکان بدات بۆ ئەوەی داواکاری هاوشێوە بکەن. هەروەها بوونی مۆدێلی حوکمڕانی کوردی له سوریا و عێراق تورکیای ترساندووە و ئەنقەرە پێی وایە فیدراڵیزم و لامەکەزێتى لە عێراق و سوریا نەک وەک چارەسەر بەڵکو وەک زەنگێکى مەترسیدا دەبینێتەوە بۆ مانەوەی خۆی.
ئەم دۆخە پارادۆکسێکی ستراتیژی دەخاتە ڕوو. لە کاتێکدا ئایدۆلۆژیای کەمالیستی لە بنەڕەتدا شەرعیەتی داواکارییە سیاسییەکانی کورد ڕەتدەکاتەوە و پەکەکە وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیر دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا تورکیا ئامادەیە دەسەڵاتی سیمبولیکی ئۆجالان، سەرکردەی ئەم ڕێکخراوەى کە بە تیرۆریست ناوزەندى دەکات، بەکار دەهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر ستراتیژی تورکیا لە چوارچێوەی سنوورە ئایدیۆلۆژییە توندەکانیدا، بە بەکارهێنانی کەسایەتییەکی "دوژمن" بۆ گەیشتن بە لەناوبردنی "دوژمن".
4. ئاسۆکانی داهاتوو
پڕۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە تادێت تایبەتمەندییەکانی ململانێیەکى گیرخواردوو لەخۆ دەگرێت، دۆخێک کە تێیدا شەڕی چەکداری چالاک کۆتایی پێهاتووە، بەڵام هیچ پەیمانێکی ئاشتی و چوارچێوەیەکی سیاسی بۆ ڕازیکردنی لایەنە ناکۆکەکان نییە. ئەمە پێکەوەژیانێکی لەرزۆرکە و ئەگەر هەیە لەهەر ساتێکدا بگەڕێتەوە بۆ دۆخی توندوتیژی.
أ. تایبەتمەندییەکانی ململانێیەکی گیرخواردوو
ململانێى گیرخواردوو بریتیە لەو ململانێیەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر چارەسەرنەکراوە و لە ئاستێکی بەرزی چڕی و وێرانکاریدا گیری خواردووە. بەشێوەیەکى گشتى زۆر لایەنى ئاڵۆزی مێژوویی، ئایینی، کولتووری، سیاسی و ئابووری لەخۆدەگرێت. لەم جۆرە پرۆسانەدا، زاراوەی وەک دانوستانی دوولایەنە زیاتر نمایشێکن؛ لە ڕاستیدا ئێمە ڕووبەڕووی جۆرێک لە ئاگربەست دەبینەوە کە دەوڵەت چاوەڕێی ئەوە دەکات لایەنی بەرامبەر لە کۆتاییدا خۆی ڕادەست بکات. ئەم دۆخە بەهۆی نەبوونی چارەسەری براوە-براوە سەرهەڵدەدات نەبوونی ڕێزگرتن لە یەکتر گرێی سەرەکی ئەم پرۆسەیە.
ئەم پێناسەیە بە باشی باسی دۆخی تورکیا- پەکەکە پێناسە دەکات. سەرەڕای داوای ئۆجەلان بۆ داماڵینی چەک و ئاگربەستی پەکەکە، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی و گەرەنتی یاسایی و چوارچێوەیەکی سیاسی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە نییە. تورکیا بەردەوامە لە ناساندنى پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و ڕەتیدەکاتەوە وەک شەریکێکی سیاسی بیناسێتێت، هاوکات پەکەکە جەخت لەسەر پێویستی چاکسازی دەستوری و مافە کولتوورییەکان بۆ کورد دەکاتەوە. ئەم ناتەباییە لە چاوەڕوانییەکان و ئامادەنەبوون بۆ سازشکردن لەسەر ناسنامە و پرسە سیاسییەکان، ململانێ لە دۆخێکی گیرخواردوودا دەهێڵێتەوە.
ب. فشاری سەربازی بەردەوام و ئامادەبوونی ناوچەیی پەکەکە
سەرەڕای بەردەوامی پرۆسەی ئاشتی، تورکیا بەردەوامی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژ بە پەکەکە لە باکووری عێراق داوە. لە ساڵی ٢٠١٩ەوە تورکیا بۆ بەرپەرچدانەوەی پەکەکە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی، زیاتر پشتی بە هێزی ئاسمانی خۆی بەستووە، لەوانەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. ئەم ئۆپەراسیۆنە بە شێوەیەکی بەرچاو جووڵەی پەکەکەى سنووردار کردووە و ناچاری کردووە بچێتە دۆخی بەرگرییەوە. هەروەها تورکیا هاوکارییەکانی لەگەڵ بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە عێراق قووڵتر کردووەتەوە، ئەمەش زیاتر توانای مانۆڕی پەکەکە لە ناوچەکەدا سنووردار دەکات. ئەم فشارە سەربازییە بەردەوامە، لەگەڵ بەکارهێنانی کاریگەریی سیمبولیکی ئۆجالان، ئامرازی سەرەکی تورکیان لەم پرۆسەیەدا.
ج. داهاتوویەکی نادیار: سیناریۆ و بەربەستەکانی بەردەم ئاشتییەکی هەمەلایەنە
داهاتووی ئەم ململانێیە درێژخایەنە تا ئێستاش نادیارە. سیناریۆ ئەگەرییەکان دەتوانن بریتی بن لە:
1) پێکەوەژیانی لەرزۆک: بەردەوامبوونی دۆخی ئێستای ململانێی گیرخواردوو لەگەڵ ئاگربەستە ناتەواوەکان، هەوڵی گفتوگۆی پچڕپچڕ، و ئەگەری سەرهەڵدانەوەى توندوتیژی.
2) خۆبەدەستەوەدانى تەواوەتی پەکەکە: تورکیا هیوادارە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆی خۆبەدەستەوەدانى تەواوی پەکەکە. بەڵام پەکەکە پێداگری لەسەر پێویستی دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد بۆ چەکداماڵینی تەواوەتی دەکات.
3) گۆڕان لە پێگەی تورکیا: ئاشتییەکی هەمەلایەنە تەنها لەو کاتەدا دەکرێت کە تورکیا ڕێبازەکەی بگۆڕێت و دان بە مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورددا بنێت و چاکسازی دەستوری جێبەجێ بکات. بەڵام لە تورکیادا بەربەستی پێکهاتەیی و ئایدیۆلۆژیی ڕەگداکوتاو هەیە کە گۆڕانکارییەکی لەو شێوەیە زۆر قورس دەکات.
د. بەربەستە سەرەکییەکانی بەردەم ئاشتییەکی هەمەلایەنە بریتین لە:
1) ئایدۆلۆژیای کەمالیستی و فۆبیاى سیڤەر: ئەم پرەنسیپە بنەڕەتیانەی دەوڵەتی تورکیا هەر سازشێک لەگەڵ کورد بە زیانێکى قەرەبوو نەکراوە و هەڕەشە بۆ سەر یەکێتی نەتەوەیی دەزانن.
2) نەبوونی ڕێزگرتن لە یەکتر: تورکیا پەکەکە بە هاوبەشی سیاسی نازانێت و ئەم ڕێزنەگرتنە لە یەکتر کۆسپی سەرەکییە بۆ ئەم پرۆسەیە.
3) نەبوونی گەرەنتی یاسایی: نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی و دەستووری ڕوون بۆ مافەکانی کورد، متمانە دەشێوێنێت.
5. دەرەنجام
پرۆسەی ئاشتی ئێستای نێوان تورکیا و پەکەکە کە لە ساڵی ٢٠٢٤ وە دەستى پێکردووە، زیاتر نمایشی داماڵینی چەکە نەوەک هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. ئەم پرۆسە تاکلایەنە لە لایەن تورکیاوە سەرکردایەتی دەکرێت، ئامانجی سەرەکی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە بەبێ پێشکەشکردنی ئیمتیازاتی بەرامبەر یان گەرەنتی یاساییە بۆ مافەکانی کورد.
ڕەگ و ڕیشەی ئەم ڕێبازە لە ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی کەمالیستی تورکیادایە کە جەخت لەسەر یەک ناسنامە و یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەکاتەوە و هەر جۆرە جیاکارییەکی نەتەوەیی وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی دەوڵەت دەبینێت. هەروەها فۆبیاى سیڤەر ئەم ترسانە بەهێزتر دەکات و ڕێگە بە دەوڵەت دەدات هەر داواکارییەکی ناوخۆیی وەک پیلانێکی دەرەکی بۆ دابەشکردنی وڵات لێکبداتەوە. ئەم بەستێنە ئایدیۆلۆژییە ڕێگری لە ئەنقەرە دەکات کە پەکەکە وەک ئەکتەرێکی سیاسی شەرعی بناسێت و ئیمتیازاتی ڕاستەقینە پێشکەش بکات.
لە ئەنجامدا، دۆخی ئێستا زیاتر بە ململانێیەکی گیرخواردوو دەچێت، کە تێیدا توندوتیژی چالاک کەمیکردووە بەڵام ڕەگ و ڕیشەی ململانێیەکە چارەسەرنەکراوە. بەردەوامی فشارە سەربازییەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە عێراق، لەگەڵ نەبوونی متمانە و گەرەنتی یاسایی، ئاسۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی تەمومژاوی دەکات. بەبێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕوانگەی تورکیا بۆ مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد و ئامادەیی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانی ڕاستەقینە و بەرامبەردا، پێدەچێت داهاتووی ئەم ململانێ درێژخایەنە لە نێوان پێکەوەژیانێکی لەرزۆرک و سەهەڵدانەوەى شەڕ لە جوڵەدابێت.
