ئەکسیۆس: پۆتین هانی ئێران دەدات دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 189 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ئەمرۆ شەممە بڵاوی کردەوە، کە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا، بە دۆناڵد ترەمپی هاوتا ئەمریکییەکەی و بەرپرسانی ئێرانی ڕاگەیاندووە کە پشتگیریی لە بیرۆکەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی یدەکات کە ڕێگە بە ئێران نەدات یۆرانیۆم پیتێنێت.

بەپێی ئەوەی ماڵپەڕەکە ئاماژەی پێداوە، بەرپرسانی ئاگادار لەم بابەتە ڕایانگەیاندووە کە مۆسکۆ هانی ئێرانییەکانی داوە کە ڕەزامەندیی بدەن لەسەر "سفر پیتاندن".

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە کە ڕووسەکان حکومەتی ئیسرائیلیان لە هەڵوێستی پوتین سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران ئاگادار کردووەتەوە، و بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە: "ئێمە دەزانین کە پوتین ئەمەی بە ئێرانییەکان وتووە".

پوتین هەفتەی ڕابردوو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیدا لەگەڵ ترامپ و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، ئەم هەڵوێستەی دووپات کردووەتەوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشداوە کە پوتین و بەرپرسانی دیکەی ڕوسیا چەندین جار لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پشتگیری خۆیان بۆ ڕێککەوتنی "سفر پیتاندن" بە ئێرانییەکان ڕاگەیاندووە.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی ئەوروپی کە ڕاستەوخۆ ئاگاداری بابەتەکە بووە، ڕایگەیاندووە: "پوتین پشتگیری لە وەستاندنی تەواوەتی پیتاندن دەکات و هانی ئێرانییەکانی داوە کە کار بۆ ئەمە بکەن بۆ ئەوەی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکییەکان گونجاوتر بن، بەڵام ئێرانییەکان وتیان کە بیر لەوە ناکەنەوە".

بەپێی سەرچاوەکان، ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە دواتر یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 3.67% بۆ ئێران دابین دەکات بۆ بەکارهێنانی لە وزەی ئەتۆمیدا، جگە لە بڕێکی کەم لە یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەی 20% بۆ بەکارهێنانی لەبوارە زانستیی و پزیشکییەکاندا.

ئا: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی