له‌سنورى ئامێدى هێرشكرایه‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كى نه‌وتى

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 7856 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەسنوری قەزای ئامێدی هێرشکرایەسەر کێڵگەیەکی نەوت‌و بەو هۆیەوە بەرهەمهێنانی نەوت لەو کێڵگەیەکی وەستێنرا، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت، "هێرشه‌كه‌ لەگوندى ملبرکێ لەسنورى ناحیەى چەمانکێى سەر بەقەزایى ئامێدى بوه‌و کێڵگەكه‌ش (كێڵگه‌ى نەوتی سەرسنگ) بوه‌"،  کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی ئه‌مریكیش ده‌ڵێت:"بەیانیی ئەمڕۆ تەقینەوەیەک لەیەکێک لەدامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی کێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لەهەرێمی کوردستان ڕویداوە، بەڵام زیانی گیانیی لێنەکەوتوەتەوە".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیاى نزیك له‌پارتى ئاشكرایكردوه‌، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، ئاگر لەکێڵگەکەو چەند شوێنێکى دیکە کەوتوەتەوەو تیمەکانى بەرگریی شارستانیش هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن، به‌ڵام تائێستا نازانرێت هێرشەکە لەئەنجامی موشەک بوە یان درۆن.

لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیای (HKN)ی ئەمریکی کە لەو کێڵگەیە کاردەکات، لەڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوەکردوە، بەهۆی هێرشەکە، بەرهەمهێنانی نەوتیان وەستاندوەو هەموو ستافی کێڵگەکەش سەلامەتن‌و تەنها زیانی مادی هەیە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر حه‌وتى بەیانی کراوەو لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە دەکەن‌و تاوەکو دڵنیا نەبنەوە، بەرهەمهێنانی نەوت دەستپێناکەنەوە.

کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی ئه‌مریكى (HKN Energy) دەڵێت، خەریکی لێکۆڵینەوەن لەهۆکاری ڕوداوەکەو دەستیانکردوە بەهەڵسەنگاندنی تەواوی زیانەکان، بۆ دڵنیابونەوە لەسەلامەتیی کێڵگەکانی دەوروبەرو هەڵوێستی گونجاو سەبارەت بەڕوداوەکەش، لەگەڵ دەسەڵاتی خۆجێیی‌و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەهەماهەنگیی نزیکدا دەبن.