شارپرێس:
نوعمان کورتولموش سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بەنیازە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو پەیام بۆ لایەنە سیاسییەکان بنێرێت بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی کە ئەرکی دامەزراندنی بناغە یاساییەکانی چارەسەرکردنی کێشەی کوردو تێکەڵکردنی ئەندامانی پەکەکەى لەکۆمەڵگەدا پێسپێردراوە.
ئەم لیژنەیە جیاوازە لەلیژنەکانی تری پەرلەمان بەوەی بەبڕیاری سەرۆکی پەرلەمان پێکدێت نەک بەیاسا.
لیژنەکە لە 35 ئەندام پێکدێت: پێنج نوێنەری هەر حزبێک کە کوتلەی پەرلەمانی هەیە، نوێنەرێک لەهەر حزبێکی بێ کوتلە، هەروەک پێنج جێگری سەربەخۆ کە بەتیروپشک هەڵدەبژێردرێن.
بڕیاروایه لیژنەکە پێشنیاز لەسەر میکانیزمەکانی چەکداماڵینو دوبارە شیاندنەوەو تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پارتی کرێکاران بەکۆمەڵگە ئامادەبکات.
لەکاتێکدا لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەڕێگەی یاسایەکەوە داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هەمیشەیی دەکەن، هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار پێداگریی لەسەرئەوە دەکات کە ئەرکی لیژنەکە تەنها بۆ پەرەپێدانی پێشنیازەکان سنوردار بکات.
پارتی دیموکراسیو یەکسانیی گەلان (هەدەپە) پێشنیازی ناونانی دەستپێشخەرییەکە "ئاشتیو دیموکراسی"ی کردوە، لەکاتێکدا حکومەت تێکخستنی وشەی "ئاشتی"ی ڕەتکردوهتەوە.
