شارپرێس ـ بەختیار ئەحمەد ساڵح:
پێشەکی
لە 11ی تەمموزی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەستپێشخەریی "یەکێتی قودس"ی وەک دیدگایەکی نوێ بۆ سیاسەتی ناوچەیی تورکیا لەدوای چەکداماڵینی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕاگەیاند. لە کاتێکدا ئەم دەستپێشخەرییە وەک وەڵامێک بۆ داواکارییە ناوخۆییەکان بۆ بەرەوپێشبردنی یەکێتی نەتەوەیی خرایەڕوو، هاوکات واتایەکی ستراتیژیش هەڵدەگرێت بۆ دووبارە داڕشتنەوەى پێگەی ناوچەیی تورکیا لە نێوان کەمبوونەوەی کاریگەریی ڕکابەرە ناوچەییەکانیدا، کە دیارترینیان ئێرانە. ئەم توێژینەوەیە بەدواداچوون بۆ چوارچێوە و ئامانج و کاریگەرییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ئەم گۆڕانکارییە دەکات و ڕەهەندە جیۆپۆلەتیکی و ئەمنییەکانی شی دەکاتەوە.
یەکەم: کۆنتێکستی ناوخۆی ڕاگەیاندنی یەکێتی قودس
1. چەکداماڵین و هێورکردنەوەی بەرەی کوردی
ئەم ڕاگەیاندنە دوای هەنگاوێکی سیمبولیکى چەک داماڵینی ژمارەیەک لە گەریلاکانى پەکەکە هات کە ئەنقەرە بە ڕووداوێکی مێژوویی وەسفی کرد. ئەردۆغان ئامانجی ئەوە بوو کە سوود لەم ساتەوەختە وەربگرێت بۆ دروستکردنی یەکێتییەکی نەتەوەیی کە درزێکی درێژخایەنی ناسیۆنالیستی نێوان تورک و کورد تێپەڕێنێت. توێژەر سۆنەر کاگاپتای ئاماژە بەوە دەکات کە هەر یەکگرتنەوەیەک لەگەڵ کورد دەبێت لەسەر بنەمای ناسنامەیەکی یەکگرتوو بێت نەک تەنها ڕەهەندی ئەمنی (چاگاپتای، ٢٠٢٣).
2. سیمبۆلیزمی مێژوویی و یەکگرتوویی نەتەوەیی
قسەکردنى ئەردۆغان لەسەر مێژووی سەلجوقی و شەڕی گالیپۆلی تیشک دەخاتە سەر هەوڵى تورکیا بۆ بنیاتنانی یەکێتیەکی نەتەوەیی ئاوێتە کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی مێژوویی فرە نەتەوەیی دامەزراوە، ئەم ڕێبازە گێڕانەوەی ناسیۆنالیستی فراوانخوازانە بەهێز دەکات کە مۆدێلی کەمالیستی کۆن تێدەپەڕێنێت و بەرەو چوارچێوەیەکی عوسمانی مۆدێرن هەنگاو دەنێت (یاوز، ٢٠٢٤).
دووەم: ئامانجەکانی یەکێتی قودس لەسەر ئاستی ناوچەکە
1. داکشانى هەژمونى ئێران
دەستپێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە هاوکاتە لەگەڵ داکشانى ڕێژەیی هەژمونى ناوچەیی ئێران لە ئەنجامی فشارە ئابوورییەکان و هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، کە دەرفەتێک بۆ ئەنقەرە دەڕەخسێنێت تا هەژمونى خۆی بەرەو باشوور بەرفراوان بکات. تورکیا ئەم کاتە بە دەرفەتێکى ستراتیژی دەزانێت بۆ دووبارە کێشانەوەی کاریگەرییەکانی، بەتایبەتی لە عێراق و سوریا (Kirişci & Kaliber, 2025).
2. قووڵکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ
تورکیا پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕژێمی سووریا و ناوچەکە پتەوتر کردووە و ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نەیارانی پێشوو لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە ستراتیژییە فراوانترەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێڕەوی بازرگانی و وزە بەرەو باشوور و ڕۆژهەڵات.
سێیەم: ڕەهەندەکانی دەستپێشخەرییەک لە ململانێی تورکیا و ئیسرائیلدا
1. ململانێی نەرم لەگەڵ ئیسرائیل
هەندێک لە شرۆڤەکارانی ئیسرائیل یەکێتی قودس وەک هەوڵێک بۆ بنیاتنانی دژە بەرەیەک دەزانن کە لە ئەنقەرەوە تا موسڵ و دیمەشق درێژدەبێتەوە، کە درێژکراوەیەکی ئیسلامی ناوچەیی پێکدەهێنێت دژی کاریگەریی ئیسرائیلە (Haaretz 2025).نیگەرانییەکان ئەو کاتە سەرهەڵدەدات کە ئەنقەرە ڕەنگە هەژمونى خۆی لە سوریا بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی هاوپەیمانییەکانی تەلئەبیب، بەتایبەتی ئەگەر بتوانێت هێزە کوردییەکانی هاوپەیمانی ئەمریکا بێلایەن بکات.
2. بێلایەنکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی دەستپێشخەرییەکە، تێکدانی پەیوەندی نێوان ئیسرائیل و هێزەکانى سوریاى دیموکرات-هەسەدەیە، کە تورکیە وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیری دەکات. ئەنقەرە لە ڕێگەی هاوپەیمانی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان و حکومەتی سوریا هەوڵدەدات واقیعێک لەسەر زەوى دروست بکات کە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی هەسەدە تێچووی زۆری هەبێت (Aron Lund 2025).
چوارەم: پێگەى تورکیا لە نەزمی ناوچەیی نوێدا
1. وازهێنان لە ئەوروپا و گواستنەوەی باشوور
ئەم دەستپێشخەرییە گوزارشتە لە کەمبوونەوەی هیوای تورکیا بۆ پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەورووپا، جێگرتنەوەی بە پێگەیەکی سەرکردایەتی ناوچەیی لەناو جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا. جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە "گەورەترین دەرفەتەکان لە باشووری تورکیادایە نەک لە ڕۆژئاوا" (ئاژانسی ئانادۆڵو، ٢٠٢٥).
2. هەژموون لە ڕێگەی ئامرازە ئابوورییەکانەوە
ئەنقەرە گرەو لەسەر بەشداریکردن لە بنیاتنانەوەی سوریا و عێراق لەڕێگەی کۆمپانیا تورکییەکانەوە دەکات، هاوکات لەگەڵ کاریگەری لەسەر تەندەر و پڕۆژەکانی نەوت و بانکی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانە لە "عوسمانیزمی نوێ"وە بۆ سیاسەتێکی پراگماتیک لەسەر بنەمای هەژموونی ئابووری نەرم (پاموک، ٢٠٢٥).
پێنجەم: مەترسییە ئەگەرییەکان و دەرئەنجامەکانی داهاتوو
1. پەرەسەندن لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا
بەردەوامی فراوانبوونی هەژمونى تورکیا دەتوانێت کاردانەوەی توندی ئیسرائیل و هەندێک ناوەندى ئەمریکی لێبکەوێتەوە، کە پێیان وایە ئەنقەرە وەک کارەکتەرێکی "فراوانخواز" لە نەزمی لیبڕاڵی، یاخی دەبێت. ڕاپۆرتێکی کارنێگی ئاماژە بە ئەگەری زیادبوونی فشاری دیپلۆماسی و سەربازیی ڕۆژئاوا دەکات ئەگەر تورکیا ڕێگەی تاکلایەنە بگرێتەبەر (Carnegie Endowment 2025)..
2. مەترسی لەسەر سەقامگیری ناوخۆیی
نەبوونی ئاشتەوایییەکی ڕاستەقینە و گشتگیر لەگەڵ کورد دەتوانێت ئەگەر دروست بوونەوەى شەڕ و بەریەک کەوتن لەگەڵ پەکەکە دەستپێبکاتەوە و "یەکێتی قودس" بکاتەوە بە تەنها پڕۆژەیەکی ڕەمزی، وەک پرۆسەی ئاشتی پێشوو لە ساڵی ٢٠١٣دا.
ئەنجام
یەکێتی قودس نوێنەرایەتی هەوڵێکی ستراتیژی تورکیا دەکات بۆ دووبارە داڕشتنەوەی نەزمی ناوچەکە لەسەر بنەمای دیدێکی فرەڕەهەند: ناسیۆنالیستی، ئیسلامی و پراگماتیک. بەڵام ئەم دەستپێشخەرییە لە گۆڕەپانێکی گرینگدایە: لە نێوان دیاریکردنی سەرەتای هەژموونێکی نوێی ناوچەیی، یان گۆڕینی بۆ سەرکێشییەکى پڕ لە گرژی و ڕووبەڕووبوونەوە. سەرکەوتنی بەندە بە توانای ئەنقەرە بۆ پاراستنی هاوسەنگی ناوخۆیی و بێلایەنکردنی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و دروستکردنی تۆڕێک لە هاوپەیمانی عەرەبی ڕاستەقینە نەک ڕووکەش.
