ئێران دەیەوێت كەشتیوانێك رەوانەی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان بكات

هەمەڕەنگ

14/01/2020‌ 286 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
مورتەزا بەڕارری سەرۆكی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەیان لەچوارچێوەی بەشداریكردنی لە پرۆژەیەكی نێودەوڵەتی لەبۆشایی ئاسمان‌و بەهەماهەنگی وڵاتێكی پێشكەوتوو لەو بوارەدا، ئاسمانگەڕێك بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی لەبۆشایی ئاسمان دەنێرێت .

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم باسی لەوە كردووە، كە سەرۆكی ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئێران رایگەیاندووە، لەگەڵ روسیا باسیان لەرەوانەكردنی ئەو كەشتیوانییە ئاسمانییە ئێرانییە بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان كردووە، بۆ ئەوەش ئەوان لەجیاتی ناردنی گەشتیاری ئاسمانی دەیانەوێت ئاسمانگەڕێك بنێرن، كە ئامانجیشیان لەوە ئەوەیە زانا ئێرانییەكانیش لەڕێگای بوونیان لەوێستگەی نێودەوڵەتی جێپەنجەیان بەسەر ئەو پرۆژە نێودەوڵەتییە هەبێت، كە لەبواری بۆشایی ئاسماندا جێبەجێدەكرێت .

تائێستا تاكە گالیسكەی ئاسمانی بتوانێت مرۆڤ بۆ وێستگەی نێودەوڵەتی بگوازێتەوە، گالیسكەی "سویوز"ی روسییە، كە وابڕیارە دوای سەركەوتنی دانوستانەكان كەشتیوانە ئێرانییەكە لەڕێگای ئەو گالیسكەیەوە ڕەوانە بكرێت .

هەروەها وابڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ دوو گالیسكەی ئەمەریكی تازە بنیادنراو رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكرێن، كە لەو ڕێگایەوە دوو ئاسمانگەڕی ئەمەریكی دەنێردرێنە وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان.

سەرۆكی ئاژانسە ئێرانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، كە زۆرێك لە وڵاتان وەك ئیمارات دەیانەوێت گەشتیاری ئاسمانی رەوانەی بۆشایی ئاسمان بكەن، بەڵام ئامانجی ئێران ئەوەیە لەڕێگای ئەو پرۆژەیەوە توێژەرێك رەوانەی بۆشایی بكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی