ژاپۆن جۆرە دایبییەك دروست دەكات لەكاتی تەڕبووندا ئاگارداری دەدات

تەندروستی

14/01/2020‌ 346 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی پێگەی" IEEE"  ، زانا ژاپۆنییەكان ئامێرێكیان پەرەپێداوە، كە لەگەڵ دایبی منداڵان، یاخود هی گەورەساڵان دەلكێنرێت و لەكاتی تەڕبوونی دایبییەكە هۆشداری دەدات تاو ئەو كەسەی ئەركی چاودێریكردنی منداڵەكە، یان كەسە بەساڵاچووەكە دەگرێتە ئەستۆ بزانێت كاتی گۆڕینی دایبییەكە هاتووە .

زانا ژاپۆنییەكان لە زانكۆی ریتسۆمیكا بۆ ماوەی پێنج ساڵ كاریان لەسەر ئەو دایبییە كردووە بۆ ئەوەی بتوانن خزمەتگوزاری پێشكەش بەو بەساڵاچووانە بكەن، كە بەدەست میزرانەگرتنەوە دەناڵێنن .

سەرەتا تیمەكە هەستپێكەرێكی میزیان پەرەپێدا، بەڵام زۆر رەق بوو نەیاندەتوانی لەگەڵ دایبییەكە بەیەكەوەی بلكێنن، لەهەمان كاتدا پاتری و هەستپێكەرە نەرمەكان، كە لەبەردەست بوون ماددەی كیمیایی ترسناكیان تێدا بوو .

بۆیە دوای پێنج ساڵ لەئەزموون و لێكۆڵینەوە توانیان هەستپێكەرێك دروست بكەن، كە بەسەر ئەو گرفتانەی پێشووتردا زاڵ ببێت، ئەویش بە بەكارهێنانی پاترییەك، كە تەنیا لەكاتی تەڕبووندا چالاك دەبێت .

داكەرێكی كارەبایی (كاپاسیتۆر)ێكی بچووك بۆ خەزنكردنی ئەو كارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت بەپاترییەكەوە بەستراوەتەوە، دواتر ئەو تەزووە كارەبایە بۆ ئامێری ناردنەكە دەنێرێت، كە ئەویش لای خۆیەوە ئاماژەگەلێك دەنێرێت، كە ئامێری وەرگرەكە وەریاندەگرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی