توركیا هێزەكانی لە لیبیا ناكشێنێتەوە

جیهان

16/01/2020‌ 1023 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی روسیا و توركیا نەیانتوانی بڕوا بە موشیر خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتمانی لیبیا بهێنن بەوەی ڕێكەوتننامەی ئاگربەست واژوو بكات و هێرشەكانی بۆ سەر شاری تەرابلووس رابگرێت، كە ماوەی نۆ مانگە دەستیانپێكردووە، توركیا جەختی كردەوە ئەوان لەلیبیا ناكشێنەوە .

یاسین ئاكتای راوێژكاری رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بەئاژانسی سپۆتنیكی روسی راگەیاندووە، توركیا لە لیبیا ناكشێتەوە و بوونیشی لەو وڵاتە بە داگیركاری هەژمار ناكات .

ئەوە لەكاتێكدایە، كە عەقیلە ساڵح سەرۆكی پەرلەمانی لیبیا لەدانیشتنێكی پەرلەمانی عەرەبی لە قاهیرە داوای لەوڵاتانی عەرەبی كردووە لە رووبەرووبوونەوەی دەستتێوەردانەكانی توركیا رۆڵیان هەبێت، جگە لەوەی داوای كرد ڕێكەوتننامەی هاوبەشی عەرەبی لەبواری بەرگریدا واژوو بكرێت.

هەروەها لای خۆیەوە خەلووسی ئاكاری وەزیری بەرگری توركیا وتی: هێشتا زووە بوترێت ئاگربەستەكەی لیبیا شكستیهێناوە، جگە لەوەی دانی بەوەدانا، كە تیمێكی سەربازی توركیا لەلیبیان بۆ راهێنانی میلیشیاكانی سەر بە حكومەتی فایز سەرراج، كە ئەنقەرە پشتیوانیان دەكات.

دوای دیدارەكانی لایەنە بەشەڕهاتووەكانی لیبیا لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا بەمەبەستی واژووكردنی ئاگربەست، مووشیر خەلیفە حەفتەر مەرجەكانی خۆی بۆ ئاگربەست بەلایەنی رووسی راگەیاند، یەكێك لە مەرجەكان بریتی بوو لەوەی نابێت توركیا هیچ رۆڵێكی لە پرۆسەی ئاگربەستەكەدا هەبێت لەبەر ئەوەی دەوڵەتی نێوەندگیر دەبێت خۆی بێلایەن بێت و كار لەسەر سەقامگیری لیبیا بكات، بەڵام توركیا سەقامگیری لیبیای شێواندووە و خەریكی رەوانەكردنی توندڕەوە بۆ ئەو وڵاتە .

جگە لەوەی داوای كردووە دەبێت لەماوەی ٤٥ بۆ ٩٠ رۆژ سەرجەم گروپە چەكدارییەكانی تەرابلووسی پایتەخت چەكەكانیان بخەنە ژێر فەرمانی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی لیبیا.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی