ئاشتبوونەوەی ئەردۆغان‌و ئەسەد.. هەواڵگری سوریاو توركیا لەمۆسكۆ كۆبوونەوە

ڕاپۆرت

18/01/2020‌ 1357 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (ئاراسیا دیلی) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی شكستهێنانی پرۆژەكەی توركیا لە سوریا و ناچاربوونی ئەنقەرە بەهەماهەنگیكردن لەگەڵ دیمەشق.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرەتای 13ی یەنایەر، سەرەرای دانوستانەكان دەربارەی پرسی لیبیا، كۆبوونەوەیەكی گرنگ لەنێوان نمایندەكانی دەزگا سەرەكییە نهێنییەكانی سوریا و توركیا لەمۆسكۆ بەڕێوەچوو، تێیدا بەرپرسە ئەمنییە باڵاكانی هەردوو وڵات چاویان بەیەكتری كەوت، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەسەرەتای دەستپێكردنی جەنگی سوریا لە ساڵی 2011 ەوە ئەنجام بدرێت.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، لەگەڵ ئەوەی كۆبوونەوەكە نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێكی گرنگ، بەڵام خودی كۆبوونەوەكە گرنگە، چونكە ئەنجامدانی ئەو جۆرە كۆبوونەوانە پێش ئەو كاتە ئاستەم بووە. 

هەروەها بڕیاری دەسەڵاتدارانی توركیا بەگرێدانی پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ رژێمی سوریا، كە تا ئێستا بەربەستەكانی زۆرن، دەكرێت ئاماژە بێت بۆ دوو بابەتی سەرەكی.

یەكەم، ئەنقەرە بەتەواوەتی بڕوای بەوە هێناوە، كە بەشار ئەسەد وەك سەرۆكی سوریا بۆ ماوەیەكی درێژ دەمێنێتەوە و پێویستە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكات، بەتایبەتی دوای ئەوەی روسیا و ئێران متمانەی زیاتریان بە ئەسەد بەخشی. 

لەو بارەیەوە، سەردانیكردنی لەناكاوی سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین لە 7ی یەناریەدا ئاماژەیەكی پێشبینی كراو نەبوو بۆ سەرۆكی توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و دوای سەردانیكردنی پۆتین بۆ پایتەختی سوریا و چاوپێكەوتنی ئەسەد لەناوەندی سەركردایەتی سەربازی روسیا، كە روویكردە ئەنقەرە لە چوارچێوەی كارێكی پلان بۆ داڕێژراوی پێشوەختەدا.

دووەم، دۆخەكە لە ئیدلبی گەورەدا (پارێزگاكانی ئیدلب و حەما و بەشێك لە پارێزگاكانی حەلەب و لازقیە)، مۆركێكی دڵە ڕاوكێی پێوە دیارە بەلای سەركردایەتی سەربازی و سیاسی توركیاوە. 

دیارە دوا پرۆژەی ئەنقەرە بەناوی بەرهەڵستكاری چەكداریی میانڕەو -بەرەی ئازادیخوازی نیشتمانی– سەر بەتوركیا لە هەڵوەشانەوە نزیكە و ئەندامانی بەرەكە بە ژمارەیەكی زۆر دەڕۆنە نێو هاوپەیمانی ئیسلامی (دەستەی رزگاركردنی شام) ەوە. 

هەروەها زنجیرە شكستەكانی ئیدلب بەهۆی هێرشی هێزەكانی ئەسەدەوە بە پاڵپشتی هێزی ئاسمانی روسیا و سوریا، دەبێتە مایەی توندڕەو كردنی میانڕەوەكان لە (بەرەی ئازادیخوازی نیشتمانی) و دوور خستنەوەی لە توركیا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا