سەركردەیەكی حیزبی دەعوە بۆ شارپرێس: رای گشتی شەقامی عێراقی لەگەڵ موقتەدا سەدر نییە

عیراق

19/01/2020‌ 921 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
سەركردەیەكی عێراقی دەڵێت: رای گشتی شەقام لەگەڵ موقتەدا سەدری سەرۆكی رەوتی سەدر نییە، بۆیە خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق  بارودۆخەكە ئاڵۆزتر دەكات.

سەركردەكەی حیزبی دەعوە، كە بەبیانووی هەستیاری‌و خراپی دۆخەكە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بۆ شارپرێس دەشڵێت: ئەو بانگێشتەی موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر  لەبارەی خۆپیشاندانێكی یەك ملیۆنی بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق دەیكات تائێستا لەلایەن شەقام و خۆپیشاندەران رەتكراوەتەوەو خۆپیشاندەران پشتگیریناكەن.

چەند رۆژێكە موقتەدا سەدر لەرێگەی راگەیاندنەكانی بانگەشەی ئەوە دەكات، كە خۆپیشاندانی ملیۆنی لەدژی هێزە بیانییەكان لەعێراق رێكدەخەن، كە ماوەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەركردنی ئەو هێزانەیدا.

ئەو سەركردەی حیزبی دەعوە ئاماژەی بەوەشكرد، شەقامی عێراقی و خۆپیشاندەران لەگەڵ ئەوەن لەئێستادا داواكارییەكانی ئەوان بێتەدی و حكومەتێكی بەهێز بۆ عێراق دروست بكرێت، نەك خۆپیشاندانی ملیۆنی بۆدەركردنی هێزی ئەمریكا لەعیراق.

وتیشی: ئەگەر بێت و سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی بكات، ئەگەری ئەوە هەیە پشێویی و ئاڵۆزی زیاتر روو لەعێراق بكات.

ماوەیەكە لەزۆربەی ناوچەكانی عێراق خۆپیشاندان بەرێوەدەچێت، كە خۆپیشاندەران داوای گۆڕانكاری لەحكومەت‌و ئەنجامدانی چاكسازی دەكەن.