دابڕینی بەغدا لەباشوور
دوای كۆتاییهاتنی مۆڵەتەكەیان خۆپیشاندەران جۆش و خرۆشیان تێكەوتەوە

عیراق

20/01/2020‌ 1647 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی سەرچاوەكان خۆپیشاندەران لەچوارچێوەی "پلانی هەڵكشانی گرژییەكان" بۆ گوشارخستنە سەر دەسەڵاتداران‌و بەدیهێنانی داواكارییەكانیان، ڕێگای نێودەوڵەتی خێرای نێوان بەغداو پارێزگاكانی باشووریان داخستووە .

جگە لەوەی باس لەوە كراوە، كە خۆپیشاندەران ئەو ڕێگایەیان داخستووە بەرەو گۆڕەپانی فرۆكەوانی لە ناوەراستی بەغدا دەچێت، وەك هەوڵێكیش بۆ پەكخستنی جوڵەی هاتووچۆ دەیان تایەیان لەسەر جادە و شەقامەكان گڕتێبەرداوە .

سەرچاوەیەكی ئەمنی لەناو هێزە ئەمنییەكانی بەغدا ئاماەی بۆ ئەوە كردووە، كە توانراوە بە زەبری هێز بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكرێت‌و ڕێگای خێرای محەمەد قاسم لە دەستی خۆپیشاندەران دەرهێنراوەتەوە .

هەر ئەمڕۆ دوو شەممە پارێزگاری واست لە باشووری عێراق رایگەیاند، وەك پەرۆشییەك بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان و ئەمن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری پارێزگاكە، دەوامی فەرمی لە پارێزگاكە راگرتووە.

هەروەها لە هەردوو شاری ناسرییە و نەجەف گرژییەكان روویان لەهەڵكشانە و زۆرینەی فەرمانگە حكومییەكانیش داخراون .

شەوی رابردوو ئەو مۆڵەتەی خۆپیشاندەران بەدەسەڵاتادارانیاندا كۆتایی هات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان ، ئەگەر نا دۆخەكە بەرەو گرژكردن دەبەن.

هەر شەوی رابردووش لە بەغدا و شار و شارۆچكەكانی باشووری عێراق دیارترینیان لە دیوانییە و كوت و عەمارە خۆپیشاندان‌و نارەزایەتییەكان گەورەتر بوون و خۆپیشاندەران لەڕێگا و بانەكاندا ئاگریان لە تایەی ئۆتۆمبیل بەردواوە و بەكۆمەڵ بەرەو گۆرەپانەكان رۆیشتوون .

سەرچاوەكان باسیان لەوەش كردووە، كە بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق هەستی بەڕاددەی مەترسی دۆخەكە كردووە، بۆیە ئێوارەی رۆژی یەكشەممە لەگەڵ كوتلە سیاسییەكان دیداری ساز كردووە .

بەگوێرەی قسەی ئەحمەد ئەسەدی لە كوتلەی فەتح، كۆبوونەوەكە سێ ئەنجامی لێكەوتووەتەوە، كە ئەوانیش پێویستی كۆتاییهاتنی دیاریكردنی جێگرەوەیەك بۆ شوێنی عادل عەبدولمەهدی و لابردنی ئەو ناوانەی  تائێستا پێشنیاز كراون و ناونانی كەسایەتییەكی پەسەندكراو لەلای كوتلە پەرلەمانییەكان .

هەر لەو چوارچێوەی گرژبوونی دۆخەكەدا، جینین هینیس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق هانی دەسەڵاتادارانی بەغدایدا هەوڵەكانیان لەپێناو چاكسازی چڕتر بكەنەوە .

بلاسخارت راشیگەیاندووە، كە ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ئەو چاكسازیانە جێبەجێ كرین لایەنە كاریگەرەكانی عێراق بڕیاریان لێداون و ئەو كەسانەش بەدوای جێبەجێكردنی ئامانجە تایبەتییەكانیانەوەن ئاستەنگ بۆ خۆپیشاندانەكان دروست نەكەن .

هەروەك داوای كردووە، دەسەڵاتادارانی عێراق ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان بدەن بۆ ئەوەی خۆپیشاندەرە مەدەنییەكان بپارێزن‌و خۆپیشاندەرانیش پابەندی خۆپیشاندانی ئاشتییانە بن .

بەپەلە