یەكێتی تا ناوی رەوەند مەلا مەحمود یەكلانەبێتەوە هیچ كاندیدێكی تر پێشكەش بەحكومەت ناكات

کوردستان

21/01/2020‌ 4147 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هێمن مامەند
یەكێتی نیشتمانی تا پرسی كاندیدی كردنی رەوەند مەلا مەحمود یەكلانەكرێتەوە بەنیاز نییە هیچ كاندیدێكی تر بۆ پۆستەكانی تری حكومەت پێشكەش بكات.

حاجی مەسیفی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بەشارپرێسی راگەیاند، دوای ئەوەی یەكێتی رەوەند مەلا مەحمودی بۆ پۆستی  دەستەی ناوچە دابڕاوەكان پێشكەش كردو پارتی دیموكراتیش ڤیتۆی لەسەر هەبوو، بەبیانووی ئەوەی  قسەی توندی لەسەر پارتی و سەركردایەتی كردووە، یەكێتی پێشكەش كردنی كاندیدەكانی راگرتووە.

مەسیفی ئاماژەی بەوەشكرد، برادەرانی سەركردایەتی لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت قسەیان كردووەو پێیان راگەیاندووە، ناكرێت پارتی ڤیتۆی لەسەر كەسێك هەبێت یەكێتی بیگۆڕێت.

راشیگەیاند، ئەی بۆ ئێمە وەكو یەكێتی لەگەڵ ئەوەی ڤیتۆمان لەسەر هەندێك كەس هەبوو، بەڵام چاوپۆشیمان لێكرد.

سەبارەت بەوەڵامی پارتی لەسەر ئەم پرسە؟ حاجی مەسیفی وتی: تائێستا وەڵامێكی ئەوتۆمان وەرنەگرتووە، بەڵام پێموانییە یەكێتی هیچ كاندیدێكی تر پێشكەش بكات تا ئەم پرسە یەكلادەكرێتەوە.

لەلایەكی تر شارپرێس زانیویەتی، ئەمڕۆ پارتی و یەكێتی لەسەر رێژەی پشكەكانی یەكێتی لەحكومەتدا كۆدەبنەوە، چونكە تائێستا پشكی یەكێتی لەم كابینەیە دیار نییەو داوای پشكەكانی دەكات