سەرۆكی نوێی داعش توركمانێكی تەلەعفەرییەو دەستی لە كۆمەڵكوژی ئێزیدییەكاندا هەبووە

جیهان

21/01/2020‌ 1497 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی لەسەرچاوە هەواڵگرییە فەرمییەكانەوە گواستوویەتییەوە، ئەمیر محەمەد عەبدولرەحمان مەولی سەڵەبی ئێستا ڕێبەری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش‌و شوێنگرەوەی ئەبوبەكر بەغدادییە .

رۆژنامەكە بڵاویكردەوە، سەڵەبی یەكێكە لە دامەزرێنەرانی داعش و لەساڵی ٢٠١٤ دا سەرپەرشتی كۆمەڵكوژكردنی ئێزیدییەكانی كردووە، هەروەها وتوویەتی چەند كاتژمێرێك دوای كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی لەئۆكتۆبەری رابردوودا بەڕێبەری نوێی داعش دانراوە، كە بەناوی ئەبو ئیبراهیم هاشمی قەردەشی ناسراوە، كە پێشتر لەلای دەزگا هەواڵگرییەكان، یان شارەزایانی بواری گرووپە توندڕەوەكان كەسێكی ناسراو نەبووە .

بەگوێرەی گاردیان سەڵەبی لە خێزانێكی توركمانی شارۆچكەی تەلەعفەر لەدایك بووە و  یەكێكە لەو كەسانەی زۆرترین هەژموونی لەناو ریزەكانی داعشدا هەیە. 

جگە لەوەی بەناوی "حاجی عەبدوڵڵا"ش بانگ دەكرێت یاخود پێیدەوترێت "عەبدوڵڵا قەردەش"، لەگەڵ ئەوەی هەواڵگری عێراق دەڵێت: ئەو كەسەی ناوی عەبدوڵڵا قەردەش بووە لەناو ریزەكانی داعش دوو ساڵ پێش ئێستا كوژراوە .

رۆژنامە بەریتانییەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، دەزگا هەواڵگرییەكان زانیارییەكی كەمیان لەسەر شوێنی خۆحەشاردانی قەردەشی هەیە، بەڵام ئەگەری زۆرە لەگەڵ بەغدادی رووی لەپارێزگای ئیدلب كردبێت، كە لە ١٧ی ئۆكتۆبەر لە ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی هێزەكانی ئەمەریكادا كوژرا، بەڵام پێشتر پێیباشتر بووە لەگەڵ ژمارەیەك كەم لەچەكدارەكان لە شار و شارۆچكەكانی رۆژئاوای موسڵ بمێنێتەوە .

هەر بەپێی رۆژنامەی گاردیان پرۆسەی گەڕان بەدوای سەڵەبی بۆ ناو خاكی توركیاش درێژبووەتەوە، كە عادل سەلەبی برای نوێنەری فەرمی بەرەی توركمانی عێراقییە لە توركیا، گومانیش دەكرێت ڕێبەری نوێی داعش پەیوەندی لەگەڵ براكەی هێشتبێتەوە تا ئەوكاتەی وەك شوێنگرەوەی بەغدادی دەستنیشان كراوە .

پێش كوشتنی ئەبوبەكر بەغدادی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڕی پێنج ملیۆن دۆلاری بۆ سەری سەڵەبی و دوو گەورە بەرپرسی تری داعشی تەرخان كردبوو، هەرچەندە سەڵەبی لە مانگی ئابی ساڵی رابردوو وەك شوێنگرەوەی گریمانەیی بەغدادی دەستنیشان كرابوو ، بەڵام جەختكردنەوە لە دانانی چەند مانگێكی ویست .

 وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی