لوتكەی بەرلین.. ئایا ئەردۆغان بەدۆڕاوی لێی هاتەدەر؟

لە میدیاکانەوە

22/01/2020‌ 1620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ كۆتاییهاتنی لوتكەی بەرلین‌و جەختكردنەوەی ڕێبەری دیارترین وڵاتانی پەیوەندیدار بەقەیرانی لیبیا بەوەی پابەندن بەڕێزگرتن لە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ قەدەغەكردنی رەوانەكردنی چەك‌و دەستوەرنەدان لەكاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتە، پلانەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا سەبارەت بەلیبیا گورزێكی گەورەی بەركەوت .

لەكۆتایی كۆنگرەكەدا توركیا رووبەرووی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەستایەوە كاتێك ئەنجامەكان پێچەوانەی خواستەكانی توركیا كەوتنەوە .

لەمیانی كۆنگرە نێودەوڵەتییەكەی تایبەت بە لیبیا، ئەنقەرە رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆر بووەوە بەوەی لە قەیرانی لیبیادا رۆڵێكی خراپ دەگێڕێت، هەروەها چۆن ئیمانوئیل ماكرۆنی سەرۆكی فەرەنسا بەڕاشكاوی داوای لەتوركیا كرد دەست لەرەوانەكردنی چەكدارە بەكرێگیراوەكان بۆ لیبیا هەڵبگرێت .

لەو هەنگاوەدا توركەكان پێش كۆنگرەكە كەوتنەوە بەوەی هەزاران بەكرێگیراویان كۆكردبووەوە بۆ بەشداریكردن لە ململانێ چەكدارییەكانی لیبیا و گۆڕینی هاوسەنگی هێز رەوانەی تەرابلووسیان كردن، لەبەر ئەوەی نیازی توركەكان دیار بووە بەوەی دەیانزانی ئەنجامەكانی كۆنگرەكە لەئاست چاوەڕوانییەكانی ئەواندا نابێت .

توركیا هەوڵ دەدات لیبیا بكات بە دەوڵەتێكی شكستخواردوو بۆ ئەوەی چوونە ناو و دزەكردنی بۆ ناو هەموو جومگە و كون و قوژبنێكی ئەو وڵاتە ئاسان ببێت، بەتایبەت لیبیا كانگایەكی دەوڵەمەندە بە سەرچاوە سرووشتییەكان و دەروازەیەكی ئابووری گرنگە رووە و ئەفریقا .

ئەنقەرە پێیوایە ئەگەر پشكێكی گەورەی لەجەنگەكاندا هەبێت ئەوە لەهەر یەكلاییكردنەوەیەكی قەیرانی ئەو وڵاتە قسەی یەكلاكەرەوەی دەبێت، جا لێكەوتەكانی هەرچییەك بێت.

پێشتر روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، ژمارەی ئەو چەكدارە سوریانەی گەیشتوونەتە تەرابلووسی پایتەختی لیبیا بۆ ٢٤٠٠ چەكدار بەرزبووەتەوە، هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كردبوو، لەناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی توركیا لەباكووری سوریا خۆ ناونووسكردن بۆ چوون بۆ لیبیا بەردەوامە بەجۆرێك تائێستا ٦ هەزار كەس تۆمار كراوە .

لای خۆیەوە مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەكاتی دیداری لەگەڵ مەولوود چاویش ئۆغلووی هاوتا توركییەكەی نیگەرانی خۆی بەرانبەر بەبوونی هێزی بیانی لەسەر خاكی لیبیا دەربڕی .

لەدوای دیدارەكەی پۆمپیۆ و چاویش ئۆغلو لەپەراوێزی كارەكانی كۆنگرەی بەرلین، مۆرگان ئۆرتاگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وتی: وەزیری دەرەوە نیگەرانی خۆی لەبارەی تێوەگلانی سەربازی بیانی لەململانێی لیبیا دەربڕیوە.

جگە لەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆك وەزیری بەریتانیا بەكەناڵی "سكای نیوز"ی راگەیاندووە، كە كاتی ئەوە هاتووە وڵاتان واز لەشەڕی بەوەكالەت لە لیبیا بهێنن .

هەروەها رایگەیاندووە، جەنگە بەوەكالەتەكان كاتێك كۆتاییان دێت، كە وڵاتە وەكیلەكان بیانەوێت سنوورێكی بۆ دابنێن، بۆیە داوای كردووە، كە لەژێر سایەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاشتی لە لیبیا بەرقەرار بكرێت .

هەروەها ئەنتۆنیۆ گۆتیریش سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە، كە هێزە بیانییەكان بەڵێنیانداوە بەوەی لەمڕۆ بەدواوە دەستتێوەردان لە ململانێی لیبیا و كاروباری نەوخۆی ئەو وڵاتەدا نەكەن، لەكاتێكدا توركیا بەئاشكرا پشتیوانی سەربازی حكومەتەكەی فایز سەرراج دەكات  .

بەرای چاودێران ماوەیەكە حكومەتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان وەك دەڵاڵی قەیرانەكانی لێهاتووە لەهەر جێگایەك ناكۆكی سەرهەڵبدات هەوڵ دەدات وەبەرهێنانی تێدا بكات و پشكی لەقەیرانەكەدا هەبێت دەستكەوتی خۆی بچنێتەوە، بۆ ئەوەش هیچ سڵ لەقوربانیدان و رشتنی خوێنی خەڵكی بێتاوان ناكاتەوە و هەموو كردەوەكانی بەناوی پراگماتییەوە پاساو دەدات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی