بەرهەم ساڵح هەڕەشەی دانانی سەرۆك وەزیران دەكات

ڕاپۆرت

31/01/2020‌ 1906 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوە سیاسییەكان پێشبینی ئەوە دەكەن وادەی یەكلاییكردنەوەی ناوی پاڵێوراوێك بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق نزیكبووەتەوە و لە هەفتەی ئایندە یەكلاییدەبێتەوە، كە ئاماژەكان بۆ ئەوەن محەمەد عەلاوی  وەزیری گەیاندنی پێشوو بۆ ئەو پۆستە ڕاسپێردێت. 

كەسانێكی نزیك لە بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆماری عێراقیش دەڵێن: سەرۆك كۆماری عێراق وای پێ باشترە لەم قۆناغەدا گوێ لە دەنگی شەقام بگرێت، ئەمەش سەرباری ئەوەی هەڕەشە گەورەكانی ئێران ڕووبەڕووی خۆی و خانەوادەكەی بوونەتەوە.

ڕۆژی 4 شەممە، بەرهەم ساڵح رایگەیاند، ئەگەر تا 1 ی فبرایەر پارتە سیاسییەكان پرسی جێگرەوەیەك بۆ  عادل عەبدولمەهدی یەكلایینەكەنەوە، ئەو خۆی كەسێك بۆ ئەو پۆستە دیاری دەكات، سەرچاوەكانیش دەڵێن وا چاوەڕوان دەكرێت‌ پرسی پۆستی سەرۆك وەزیرانی تازە لە هەفتەی ئایندەدا یەكلاییبكرێتەوە.

ئەو وادەیەی بەرهەم ساڵحی سەرۆك كۆمار دیاریكردووە، تازەترین بەڵگەیە، كە پارتە سیاسییە شیعەكان شكستیان خواردووە لەزاڵبوون بەسەر ناكۆكییەكانیان و دیاریكردنی كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

چەند سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بەغدا بە ڕۆژنامەی‌ "عەرەب"ییان ڕاگەیاندووە، كە هاوپەیمانی فەتح بە سەرۆكایەتی هادی عامری نزیك لە ئێران، پشتی محەمەد عەلاوی دەگرێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام ناڕەزاییەكی توندی ڕووبەڕووبووەتەوە لە لایەن موقتەدا سەدر‌ و پارتە كوردی و پارتە سەرەكییە سونییەكانەوە.

سەرچاوەكان دەشڵێن: ئەوانەی دژی پاڵاوتنی محمەد عەلاوین، ناوی مستەفا كازمی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگرییان پێپەسەندە بۆ ئەو پۆستە، بەڵام ئێران بە توندی كازمی ڕەتكردووەتەوە، بەو هۆیەی پێیوایە كازمی پەیوەندییەكی پتەوی لەگەڵ ئەمریكییەكاندا هەیە.

سەرباری ئەوەی سازانێكی سیاسی لەسەر ناوی پاڵێوراوێك نییە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران، بەڵام زۆر لەسەرچاوەكان ئەوە دووپاتدەكەنەوە، كە دۆسییەكە لە یەكلاییكردنەوە زۆر نزیكبووەتەوە و لەوانەیە هەفتەی ئایندە كۆتایی پێ بێت.

سەرۆك كۆماری لە نامەیەكیدا بۆ فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی: حەتمەن ئێوە مەزەندەی ئەركە نیشتمانی و دەستووریەكانی من دەكەن بەئاراستەی چارەسەركردنی تەنگژە سیاسییەكەی‌ وڵات، بۆیە ئەگەر ئێوە لە دوا وادەی ڕۆژی شەممەی هەفتەی ئایندە لە 1 ی فبرایەری 2020، ئەم پرسە یەكلایینەكەنەوە، ئەركە لەسەرم دەسەڵاتە دەستوورییەكانی خۆم پیادە بكەم بەوەی ئەو كەسە بۆ پۆستەكە بپاڵێوم، كە پێم وابێت لە لایەن پەرلەمان و جەماوەرەوە لەهەموو ئەوانی دیكە قبوڵكراوترە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو ڕاوێژ و وتوێژانەی لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ جەماوەر و هێزە سیاسییەكان ئەنجامم داون.

لەئێستادا پڕۆسەی سیاسی عێراق لە بەردەم دوو بەركەوتی مەترسیدار دایە، یەكەم، ملكەچی و گەردنكەچی بۆ ویستی خۆپشاندانە جەماوەرییەكانی شەقام لە دیاریكردنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی تازەدا، دووەم، چۆنییەتی دەرچوون لەو تێچوونە گرانبەهایەی عێراق لەئایندەیەكی نزیكدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە بە هۆی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بە وەدەرنانی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لە وڵاتدا، كە كتومت كاردانەوەیەكی ئێرانییە لەبەرانبەر كوشتنی قاسم سلێمانی لە لایەن ئەمریكاوە.

پێنوێنەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن، كە هێزە سیاسییە كوردی‌و سونییەكان لە سازانكارییەكانی پێشوویان لەگەڵ  پارت و لایەن سیاسییەكانی شیعەكان دووركەوتوونەوە.

هێزە شیعەكان هەلی قۆرتوقولاپییان بەتەسك بووەتەوە‌ لە دیاریكردنی مەرج و سیفاتەكانی سەرۆك وەزیری تازە، ئەمەش دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح پاڵێوراوەكانی ئەو پارتانەی ڕەتكردنەوە، هەروەها لەدوای گەڕانەوەی سەرۆك كۆمار لە كۆڕبەندی داڤۆس، هەواڵە دزەپێكراوەكان دەڵێن گوایە سەرۆك كۆمار لەدوای بینینی دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا، شیمانەكانی شێلگیربوونی لەسەر هەڵوێستەكانی زیاتر بوون، بەوەی پاڵێوراوێك پەسەند ناكات، كە تەنیا لە بەرژەوەندی چینە سیاسییە شیعەكەی عێراقدا بێت، بەڵكو پاڵێوراوێكی پێ پەسەندە،‌ كە قبوڵكراوی بەرژەوەندی جەماوەری ناڕازی شەقام بێت.

پێشتر بەرهەم ساڵح سەركردایەتی زنجیرەیەك وتوێژی پارت و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كردبوو، هێندەشی نەمابوو ئەو هەوڵانەی سەربگرن بۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی تازە، بەڵام  ڤیتۆیەكی ڕەووتی سەدر، لەدوا ساتەكانی كۆتایدا، ڕێگری لە محەمەد عەلاوی كرد، كە گرنگترین پاڵێوراو بوو بۆ پۆستەكه و ئەو هەوڵانەی لەباربردن‌.

هەواڵە دزەپێكراوەكان دەڵێن محەمەد عەلاوی لەلایەن سەركردە سەدرییەكانەوە فشاری زۆری خراوەتەسەر تا واژوو لەسەر چەند پابەندبوونێك بكات و لە دوای گرتنەدەستی پۆستی سەرۆك وەزیرانیش پێیانەوە پابەند بێت. 

تا ئێستا بەرهەم ساڵح سێ پاڵێوراوی هاوپەیمانی "بینا"ی شیعەكانی ڕەتكردوونەوە، كە بریتین لە هەریەك لە  (ئیبراهیم بەحر ئەلعلومی وەزیری نەوتی پێشووی سەر بە ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆكایەتی هومام حەمودی، قوسەی سوهەیلی وەزیری پەروەردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی، ئەسعەد عیدانی پارێزگاری ئێستای بەسرە لە هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری).

ئەو سێ پاڵێوراوەی سەرۆك كۆمار ڕەتیكردوونەتەوە، پەیوەندی زۆر پتەویان لەگەڵ ئێران هەیە، بۆیە ڕەتكردنەوەیان بوێرییەكی زۆر گەورە بوو.

سەرچاوە: عەر‌ەب 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر