ئەنفلۆنزای باڵندە-ش لەگەڵ ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەوە

لە میدیاکانەوە

02/02/2020‌ 1080 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: لوقمان غەفوور
پزیشكانی بواری تەندروستی چین ئاشكرایان كرد، كە ئەنفلۆنزای باڵندە شانبەشانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لە كەرتی هۆنان –ی سنوری باكووری كەرتی هێبی (سەنتەری ڤایرۆسی كۆرۆنا) بڵاوبووەتەوە.

رۆژنامەی وۆل ستریت جۆرناڵ لە ژمارەی رۆژی 2ی فێبریوەری ئاشكرایكرد، ئەنفلۆنزای باڵندە یەكێكە لە ئەنفلۆنزا كۆشندەكانی هاوشێوەی سارس و كۆرۆنا، بەڵام جیاوازی ئەنفلۆنزای باڵندە لەوەدایە لە مرۆڤەوە ناگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، تەنیا ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشییەكە دەبن، كە راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ باڵندە و مریشكدا دەكەن و گۆشتەكەی بە ناتەندروستی دەخۆن.

رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد، كە هەرچەند تا ئێستا دەسەڵاتدارانی چین ژمارەی تووشبویان بڵاونەكردووەتەوە، بەڵام رۆژی شەممە 1ی فێبریوەری بەرپرسانی چین ئاشكرایانكرد، كە ڤایرۆسی H5N1 بڵاوبووەتەوە لە ناوچەی شوانگكنگ لە شاری شاویانگ.

هەروەها بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ و كاروباری گوندەكانی چین، لە كێلگەیەكی پەلەوەری لە كۆی 7850 مریشك لەگێلگەیەكی پەلەوەری لە شاری شاویانگ، 4500 مریشك لێی مردووە. دوای پشكنین دەركەوتووە بەهۆی ڤایرۆسی H5N1 (ئەنفلۆنزای باڵندە) مرداربوونەتەوە. بەپێی بەیاننامەكە دەسەڵاتدارانی خۆجێی شارەكەش راستوخۆ 17828 كیڵگەی پەلەوەریان دوای پشكنین داخستووە.

دەشێت ڤایرۆسی هۆنان  H5N1، ببێتە یەكێكی تر لە نەخۆشییە بڵاوەكانی لە چین لە هەفتەی ئایندە، هەر بۆیە وا چاوەڕواندەكرێت دەسەڵاتدارانی چین تا كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا نەكەن، بڵاوبوونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە ڤایرۆسی هۆنان H5N1 بڵاونەكەنەوە.

تا ئەمڕۆ 2ی فێبریوەری تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتە 14 هەزار 556 كەس لەكاتێكدا رۆژی 1ی فێریوەری 11 هەزار و 785، مردنیش بەهۆی ڤایرۆسەكەوە گەیشتە 305 كەس، بەجۆرێك رۆژی 1ی فێبریوەری 259 كەس بوو. كە زۆربەیان منداڵ و پیر و بەتەمەن و ئەوانەن كە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.


بەپەلە